لە پرۆسەی ئاشتیدا ئایا “ئاپۆ” چارەسەرە یان ماڵوێرانی؟

ئەگەر تورکیا بەڕاستی دەیهەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات، پێویستە هەمووی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە موخاتەب وەربگرێت.
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، سەبارەت بە ڕۆژەڤی ئەنقەرە قسەی کرد و گوتی: “ئێمە دژی پڕۆسەی چارەسەرکردن نین. بەڵام ئێمە ڕێگە بە سیاسەتی فریودەر نادەین، ڕابردوو دووبارە نابێتەوە”.
ڕۆژی چوارشەممە 23ی تشرینی یەکەمی 2024، قەرەیلان قسەی بۆ میدیاکانی ڕێکخراوەکەی (پەکەکە) کرد و چەند هڵسەنگاندنێکی سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری، نیقاشەکانی ئەنقەرە، لێدوانەکانی ئەردۆغان و باخچەلی و ڕوانگەی پەکەکە، خستەڕوو.
ئایا تورکیا ئەو ئەنجامەی بەدەستهێنا کە دەیهەویست؟
لە بەشیکی قسەکانیدا قەرەیلان باس لە شەڕی 9 ساڵی ڕابردوو لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا دەکات و دەڵێت: “دەوڵەت نەیتوانیوە ئەو ئەنجامە بەدەست بهێنێت کە دەیهەویست”. ئەو لێدوانەی قەرەیلان بەو مانایەیە کە پەکەکە لایەنی براوەی شەڕەکە بووە لەماوەی 9 ساڵی ڕابردوودا. قەرەیلان بە شانازییەوە ئەمە دەڵێت وەک ئەوەی پەکەکە سوپای تورکیای تێکشکاندبێت و دەوڵەتی ناچار کردبێت مافی کورد قبووڵ بکات.
هەمووان دەزانن کە لەماوەی 9 ساڵی ڕابردوودا، لە سایەی سەری پەکەکەوە، گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا تووشی چ ماڵویرانییەک بووە. ئەو 9 ساڵەی قەرەیلان باسی دەکات، لە ساڵی 2015ـەوە دەست پێدەکات، بەڕاستی لەم ساڵانەدا چی ڕوویدا؟
لە ساڵی 2015 کە پڕۆسەی چارەسەری بەهۆی پەکەکەوە تێکچوو، “شەڕی خەندەقەکان” دەستی پێکرد، ئەو شەڕەی کە بەهۆیەوە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باکوری کوردستان کاول و وێران کران. هەزاران کچ و گەنجی کورد لە ناو خەندەقەکاندا سەرکوت و زیندەبەچاڵ کران. پەکەکە بە یەکجاری لە باکوور کۆتایی هات و باکووری بە تەواوی بۆ دەوڵەت بەجێهێشت. لە ئەنجامدا ئەوەی کە دەوڵەت دەیهەویست، پەکەکە بە ئاسانی و بە کردنە ئامانجی ئامبۆڵانسێک و تێکدانی پرۆسەی چارەسەری، لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەشی ئەردۆغانی کرد.
قامکی قەرەیلان و سووتاندنی ئەنقەرە!
دواتر و لە ساڵی 2016دا، دەوڵەتی تورک پەکەکەی لە باکوور بەتەواوی لەناوبرد، یەک گەریلا لەوێ نەما و هەموو ئەو ناوچانەی کە پەکەکە چالاکی تێیاندا هەبوو، بوون بە شوێنی گەشتیاری و دەرهێنانی نەوت.
لە ساڵانی 2017 و 2018 و لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی پەکەکە، دەوڵەتی تورک ڕووی لە ڕۆژئاڤا و باشوور کرد. ڕۆژئاڤا هێشتا لە ستەمی داعش ڕزگاری نەببوو، پەکەکە ئەردۆغانی پەلکێشی ئەوێ کرد. هەموو کوردێک وەبیری دێت کە قەرەیەڵان قامکی هەڕەشەی بەرز دەکردەوە و دەیگوت: “ئێمە ئەنقەرە دەسووتێنین، ئەگەر ئەردۆغان جەسارەت دەکات بە پێ بنێتە ناو عەفرین”. بەڵام ئەوەی ڕوویدا، قەرەیلان و ڕێکخراوەکەی لە ماوەی سێ ڕۆژدا عەفرینیان بۆ ئەردۆغان و سوپاکەی بەجێهێشت و هەڵاتن. دواتر و لە ساڵی 2019شدا، “سەرێکانی و گرێ سپی”ش بە دەردی عەفرین چوون و پەکەکە ئەوانیشی بۆ ئەردۆغان بەجێهێشت.
پەکەکە بیانووی بۆ دەوڵەتی تورک سازکرد تا ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکات و بووە هۆی ئاوارەبوون و کۆچکردنی سەدان هەزار هاووڵاتیی کورد.
فرۆشتنی خاکی باشووری کوردستان
لەو 9 ساڵەی کە قەرەیلان باسی دەکات، پەکەکە هەموو چالاکییە سەربازییەکانی بۆ باشووری کوردستان گواستەوە، بەشێوەیەک ساڵ و مانگ تێپەڕی و دەنگی تەنانەت تەقەیەکیش لە باکوور نەبیسترا. دەوڵەتی تورک بە بیانووی پەکەکەوە دەیان هێرشی بە ناوەکانی “ئۆپەراسیۆنی بڕیاردەری و پەنجە” دەستیپێکرد، پەکەکە بە دەیان شاخ و لووتکەی ستراتژیک کە بۆ ماوەی 30 ساڵ لەکۆنترۆڵیدا بوون، لەنێویاندا شاخەکانی “شەکیف، خواکورک و برادۆست”ی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بۆ ئەرتەشی تورکی بەجیهیشتن و ڕادەستی تورکەکانی کرد. ئەم هێرشانە لە کانوونی دووەمی 2017ـەوە دەستیان پێکرد.
پاشان و تا ساڵانی 2021 و 2022، “حەفتانین، زناری کێستە، مەتینا، کورەژارۆ” و دەیان گوندی بەرواری باڵا لەدەستچوون، پەکەکە بە هەمانشێوە، بەبێ شەڕ ڕادەستی ئەرتەشەکەی ئەردۆغانی کردن.
قەرەیلان، لە هەڤپەیڤینەکەیدا، زۆر بە ڕووهەڵماڵراوییەوە دەڵێ، دەوڵەتی تورک نەیتوانی ئەو ئەنجامە دەستەبەر بکات کە لە 9 ساڵی ڕابردوودا دەیهەویست لە ڕێگەی شەڕەوە بەدەستی بهێنێت!.
هەرکاتێک قەرەیلان قامکی هەڕەشەی بەرز کردبێتەوە و کەفی چەراندبێت، کورد داگیرکارییەکی دیکەی ئەزموون کردوە.
هەوڵدان بۆ چارەسەری و ئازادیی ئاپۆ
گەلی کورد، هەموو عالەم و جیهان دەزانن کە لە ڕۆژی دامەزراندنی پەکەکەوە هەتا ئەمڕۆ، عەبدوڵا ئۆجەلان ئەم ڕێکخراوەی خستۆتە خزمەتی دەوڵەتی تورک و هەموو ئەو شتانەی کە دەوڵەت ویستبێتی لە دژی کورد ئەنجامی بدات، لە ڕێگەی ئاپۆ و حیزبە جاشەکەیەوە، جێبەجێی کردووە.
دوای ئەوەی ئاپۆ لە ساڵی 1999 لە نایرۆبیەوە گەڕێنرایەوە بۆ تورکیا، بە ئاشکرا و بە ڕووهەڵماڵراوییەوە، داوای لە دەولەتی تورک کرد کە وەک بەڵێندەرێک بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی دژ بە کورد، دایبمەرزێنن. ئاپۆ هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ ئەو خزمەتە بە دەوڵەتی تورک دەکات و ئەو ڕۆڵە قێزەونەی خۆی لەژێر ناوی “تەجرید”ی درۆییندا دەشارێتەوە.
قەرەیلان و هەموو سەرکردەکانی پەکەکە چەند ساڵێکە هەوڵدەدەن گەلی کورد بەوە فریو بدەن کە گۆیا گۆشەگیری (تەجرید) لەسەر ئاپۆ هەیە. بەردەوام باس لە لە گیانی بەرخۆدان و تەسلیمنەبوونی ئاپۆ دەکەن و دەڵێن: “ئێمە بە ڕۆحی فیدایی ئاپۆ لە چیاکانی کوردستاندا شەڕ دەکەین و ڕێگری لە دەوڵەتی داگیرکەر دەکەین و ڕێگا نادەین کورد جاریکی دیکە کۆمەڵکوژ بکرێت”!.
ڕاستییەکە ئەوەیە، هەر لە ڕۆژی گەڕانەوەی ئاپۆ و ئەو کاتەی کە بە دەوڵەتی وت: “دەرفەتێکم پێ بدەن تا خزمەت بە دەوڵەت بکەم، دایکم تورکە” و هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ، تەنانەت بۆ تاقە ڕۆژێکیش بەرگریی نەکردوە، ئاپۆ هەموو شتێکی هەیە جگە لە ڕۆحی بەرخۆدان. ئاپۆیەکی تەسلیمبووی زەلامی میت بوونی هەیە، بەڵام ئاپۆی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕ وجوودی نیە، ئاپۆیەکی ئیعترافچی و دانپێدانەر و خزمەتکاری دەوڵەت بوونی هەیە، بەڵام ئاپۆی ڕێبەر و فیداکار، بوونی نیە. لە ڕاستیدا تەنها ئاپۆیەکی مقاول و بەڵێندەری دەوڵەتی تورک بوونی هەیە.
قەرەیلان سەبارەت بە هەوڵەکانی چارەسەری و گفتوگۆکانی ئەنقەرە دەڵێت: “ئەگەر هەوڵەکانی چارەسەرکردن لە چوارچێوەی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆدا نەبێت، هیچ حوکمێکی نییە”.
ڕێکخراوی جاش لە شەڕێکی 40 ساڵەدا چ دەسکەوتێکی بۆ کورد هەبووە؟
زیاتر لە 40 ساڵە پەکەکە شەڕێکی ساختە بەناوی “بەرخۆدان”ـەوە بۆ بەرژەوەندی تورکیا بەڕێوە دەبات کە بەهۆیەوە دەیان هەزار مرۆڤی کورد گیانیان لەدەستداوە و تاقە یەک میتر لە خاکی کوردستانیش ڕزگار نەکراوە. ساڵان دێن و دەڕۆن و هەموو ساڵێک پەکەکە دەڵێ ئەمساڵ بەرخۆدان گەش دەکەینەوە، بەڵام لە ڕاستیدا شەرەکە بە شکستی گەورەتر کۆتایی دێت. قوربانی بوونی زیاتری کچان و گەنجانی کوردی لێدەکەویتەوە و پانتاییەکی زیاتر لە خاکی پیرۆزی وڵات دەکەوێتە بندەستی تورکەکان. ماوەی 40 ساڵ شەڕی ساختە، هیچ ئەنجامێکی بۆ کورد نەبووە و تەنها تورکیای بەهێزتر و کوردی بێدەسەڵاتتر کردووە. پەکەکە بە فیتی ئیمرالی و میت، دەجووڵێتەوە و ڕۆڵی بەڵێندەرایەتی بۆ ڕادەستکردنی خاکی کوردستان بە تورکیا دەگێڕێت.
بەکورتی ئەو خزمەتەی کە ئاپۆ و پەکەکە پێشکەشی دەوڵەتی تورکیان کردووە و هێشتاش دەیکەن، بەقەد ئەو خزمەتانەن کە ئەتاتورک بە تورکیای کردوون. قسەیەکی ئاپۆ هەیە کە دەڵێت: “پەکەکە لە باکوری عێراق شوێنی متمانەیە بۆ تورکیا”. ” باشترین بەڵگە و دەلیلە لەسەر ئەو خزمەتانەی کە پەکەکە پێشکەشی تورکیا دەکات.
قەرەیلان: هەرگیز بانگەوازەکەی باخچەلی قبووڵ ناکەین
سەبارەت بە نیقاشەکانی ئەنقەرە و بانگەوازی دەوڵەتی باخچەلی کە دەڵێت: “با ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە”، قەرەیلان دەڵێت: “بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی هەرچەند بەگوێرەی زیهنیەتی خۆی خاوەنی ناوەڕۆکێکی ناعەقڵانییە و لای گەلی کورد هەرگیز قبووڵ ناکرێت، بەڵام بانگەوازێکە تێیدا ڕێبەر ئاپۆ وەک موخاتەب قبووڵ کردووە. ڕاستییەکە ئەمەیە، بەبێ دیتنی ئەم ڕاستییە، بە وەستان لەسەر ڤێرژنێکی جیاواز، چارەسەر نایەتەدی. ڕاستییەکە بەم جۆرەیە، ئەگەر نزیکایەتییەک بەگوێرەی ئەم ڕاستییە هەبێت، بێگومان لەلای کوردەوە وەڵام وەردەگرێت. ئەگەر وەها نەبێت و لە چوارچێوەی هەوڵێکدا بێت بۆ ڕزگاربوون لە تەنگاویی وەک نزیکایەتییەکی تاکتیکی، ئەوا هیچ ئەنجامێکی نابێت. بێگومان لایەنی کورد تێربووە لەم مانۆڕە تاکتیکییانە”.
لە ڕاستیدا ئەو مەسەلەیەی ئێستا نیقاشی لەسەر دەکرێت، پرسی گەلێکی بندەست و ستەملێکراوە، ئەم دۆسیەیە لەوە گەورەترە کە بە ئازادکردن یان لابردنی گۆشەگیری لەسەر کەسێک ببەسترێتەوە. ئەگەر تورکیا دەیهەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات، پێویستە هەمووی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە موخاتەب وەربگرێت.