مەسرور بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان: پێویستە بەغدا قەرەبووی قوربانییان بکاتەوە

مەسرور بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان: پێویستە بەغدا قەرەبووی قوربانییان بکاتەوە

ئەنفالی بادینان، لە 25ی ئاب تا 6ی ئەیلوولی 1988 لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە لە پارێزگای دهۆک ئەنجامدرا.

لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان بکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 25/8/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ‘ئێکس’ پەیامێکی بەبۆنەی (37)ـەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالی بادینان بڵاوکردەوە.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانیانی ئەو تاوانە دڕندەیەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکاتەوە و جارێکی دیکە داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات، ئەرکی یاسایی و دەستووریی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان جێبەجێ بکات.

لە پەیامەکەیدا، سەرۆک وەزیران سڵاوی بۆ گیانی پاکی قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی کوردستان دەنێرێت و دووپاتی دەکاتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و هەوڵەکانی بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەم تاوانانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

ئەنفالی بادینان

ئەنفالی بادینان، کە دوا قۆناغی شاڵاوەکانی ئەنفال بوو، لە 25ی ئاب تا 6ی ئەیلوولی 1988 لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوەوە لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجامدرا. ئەم شاڵاوە کە بە “ئەنفالی هەشتەم” ناسراوە، ناوچەکانی زاخۆ، ئامێدی، شێخان، ئاکرێ و دهۆکی گرتەوە و تێیدا تاوانی گەورە دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامدرا.

بەپێی بەڵگەنامە و ئامارەکان، لەم قۆناغەدا نزیکەی 700 گوند وێرانکران و زیاتر لە 14 هەزار هاووڵاتی بێتاوان بوونە قوربانی. هەزاران کەسی دیکەش دەستگیرکران و تا ئەمڕۆ چارەنووسیان نادیارە.

ئەم تاوانە بەشێک بوو لە هەڵمەتێکی فراوانتر کە بووە هۆی شەهیدبوون و بێسەروشوێنبوونی زیاتر لە 182 هەزار کورد لە سەرانسەری کوردستان. ڕژێمی بەعس لەم هێرشانەدا چەکی کیمیایی بەکارهێنا و گوندەکانی بە تەواوی خاپوور کرد و دانیشتووانەکەی کۆمەڵکوژ کرد یان بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق ڕایگواستن و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵی کردن.

داوای بەردەوامیی قەرەبووکردنەوە

داواکارییەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی درێژکراوەی هەڵوێستی نەگۆڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. ساڵانە لەم یادەدا، بەرپرسانی باڵای هەرێم، لەوانە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت، جەخت لەسەر پێویستیی قەرەبووکردنەوەی قوربانیان دەکەنەوە. ئەم داواکارییە پشت بە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دەبەستێت، کە شاڵاوەکانی ئەنفالی وەک “جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی” ناساندووە.

سەرەڕای ئەوەی لە ماددەی 132ی دەستووری عێراقدا ئاماژە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو کراوە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ئەم ئەرکە یاسایی و ئەخلاقییەیان جێبەجێ نەکردووە.

Share