لە گوتاری ڕزگاریخوازییەوە بۆ پرسی سەروەری.. خوێندنەوەیەک بۆ قۆناغی یەکەمی هزری عەبدوڵڵا ئۆجەلان ـ 1

لە گوتاری ڕزگاریخوازییەوە بۆ پرسی سەروەری.. خوێندنەوەیەک بۆ قۆناغی یەکەمی هزری عەبدوڵڵا ئۆجەلان

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی جددی بۆ هزری ئۆجەلان پێویستی بە ناسینی سیمای ڕزگاریخوازی نەتەوەیی قۆناغی یەکەمی هەیە، بەبێ ئەوەی مرۆڤ بکەوێتە داوی پیرۆزکردن یانیش بێڕێزی کردن و ڕیسواکردنەوە.

سمکۆ عەبدولعەزیز

لە ڕێبازی ئەو گەلانەی کە ساڵەهای ساڵ لەپێناو دانپێدانان بە ناسنامە و بووندا خەباتیان کردووە، گوتاری سیاسی تەنیا ئامرازێک نییە بۆ کۆکردنەوەی مرۆڤەکان بۆ ماوەیەکی کورت، بەڵکوو لە ساتەوەختە مێژووییە هەستیارەکاندا دەبنە ئاوێنەی هۆشمەندییەکی گشتی.

لەم ڕوانگەیەوە گەڕانەوە بۆ قۆناغی یەکەمی هزری عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا، دەروازەیەکی پێویستە بۆ ئەوەی کە لە گۆڕانکارییەکانی دواتر لە پرۆژەی سیاسی کورددا تێبگەین.

ئەم گوتارە لە دۆخێکی سیاسیدا سەریهەڵدا کە بە ئینکاری سیستماتیکی ناسنامەی کورد لەناو دەوڵەتی تورکدا لە ڕێگەی سیاسەتەکانی قەدەغەکردنی زمان و سنووردارکردنی چالاکییە سیاسییەکان و پەراوێزخستنی کولتوور و گۆڕینی کورد بۆ گرووپێکی بێ نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە، دەناسرا.

لە ژێر ڕۆشنایی ئەم واقیعەدا، هزری نەتەوەیی بژاردەیەکی فیکریی بەسەرچوو نەبوو، بەڵکوو پێویستییەک بوو بۆ هەبوون کە لۆژیکی سڕینەوە سەپاندبووی.

لەو قۆناغەدا پرۆژەی ئۆجەلان لە دەور هزری “دەوڵەتی نەتەوەیی” وەکوو بەرزترین چوارچێوە بۆ پاراستنی مافە گشتیەکان و سەروەری سیاسی، دەخولایەوە. چوونکە چەمکی ڕزگاری لە وتاری دەستپێکیدا پەیوەست بوو بە ژیانەوە و بنیاتنانی کەسایەتی کورد لە ناو کیانێکی سەربەخۆدا کە توانای ئەوەی هەبێت بەرگری لە زمان و کولتوور و یادەوەرییە مێژووییەکەی خۆی بکات.

مرۆڤ دەتوانێت بە پێی تیۆری دانپێدانان، خوێندنەوە بۆ ئەم ئاراستەیە بکات، کە پێی وایە نەتەوەکان تا لە ڕووی سیاسی و دامەزراوەییەوە دانیان پێدا نەنرێت، بوونیان نییە.

پرۆژەی دەوڵەتی کوردی لەوبارەوە هەوڵێک بوو بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی کورد لە گۆڕەپانی یاسایی و نێودەوڵەتیدا دوای دەیان ساڵ لە دوورخستنەوە و پەراوێزخران.

ئۆجەلان لەو کاتەدا دژی دیموکراسی نەبوو، بەڵام وەک بەشێک لە پڕۆژەی ڕزگاریخوازانە سەیری دەکرد. ئەو هەوڵیدا پەیوەندییەک لە نێوان سەربەخۆیی سیاسی و دامەزراندنی سیستەمێک لەسەر بنەمای بەشداریکردن و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دروست بکات و وای دەبینی کە دەوڵەت داوا دەکرێت و دەبێ دەربڕی ئیرادەی گەل بێت نەک دەسەڵاتێکی داخراو و تایبەت بە چینێکی دیاریکراو.

بەڵام لە ناوەڕۆکدا پێکناکۆکی ئاشکرای ستراتژیکی تێدابوو.

زۆر تیشکی خستە سەر لۆژیکی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، زیاتر بە تواناکانی چلاکیی چەکداری لە ژێر هاوسەنگییە ئاڵۆزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا، گەشبین بوو. هەروەها پرۆژەی کەموکووڕی دامەزراوە سیاسییە نەرمەکانی هەبوو کە بتوانن خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بگونجێنن.

سەرەڕای ئەم سنووردارکردنە، گوتاری سەرەتایی بە پلەیەکی بەرزی ڕاستگۆیی و هاودەنگیی ناوخۆیی دەناسرا و تا ڕادەیەکی زۆر یەکگرتنەوەی نێوان قسە و کرداری دەپاراست. ئەمەش بووە هۆی بنیاتنانی شەرعیەتێکی بەهێز لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا و گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆ ئاسۆیەکی فراوانتری کۆکردنەوەی جەماوەری.

لەو سەردەمەدا ئۆجەلان ڕەخنەگری نەتەوەگەرایی نەبوو، بەڵکوو یەکێک لە دیزاینەرە دیارەکانی دۆخی هاوچەرخی کورد بوو. نەتەوەگەرایی وەک ئامرازێکی ڕزگاری بەرجەستە کرد، نەک بۆ دوورخستنەوەی ئەوانی تر، بەڵکوو وەک ڕێگەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هێزی مەعنەوی لەناو دەوڵەتدا.

هەوڵەکان بۆ خوێندنەوە و لێکدانەوەی ئەم قۆناغە لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی دواتردا زۆرجار کارێکی هەڵبژێردراوە کە بە ئامانجی جێگیرکردنی وەرچەرخانە فیکرییەکانی دواتر لەسەر حیسابی بیرەوەریی خەباتی بە هەزاران تێکۆشەرن کە لەسەر بنەمای بەڵینی ئاشکرای سەروەری، تێکەڵ بەو پڕۆژەیە بوون.

بۆیە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی جددی بۆ هزری ئۆجەلان پێویستی بە ناسینی سیمای ڕزگاریخوازی نەتەوەیی قۆناغی یەکەمی هەیە، بەبێ ئەوەی مرۆڤ بکەوێتە داوی پیرۆزکردن یانیش بێڕێزی کردن و ڕیسواکردنەوە.

ئەمە قۆناغێکی کاتی بنیاتنەرە لە هۆشیاری سیاسی نوێی کوردیدا و نابێت تەنها لە گوتاری دوای زینداندا کورت بکرێتەوە.

بووژاندنەوەی ئەو سەردەمە، ڕاهێنانێک نییە بۆ خۆشەویستن و بێریکردن، بەڵکوو پێویستییەکی فیکرییە بۆ بنیاتنانی وشیارییەکی نەتەوەیی پێگەیشتوو کە بتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان پڕۆژەی ڕزگاریخوازانە و پڕۆژەی ئیداریدا و لە نێوان سەروەری و خۆگونجاندندا و لە نێوان دەوڵەت و وەزیفەدا.

لەم چوارچێوەیەدا ئەم لێکۆڵینەوەیە ڕێگا خۆش دەکات بۆ دەربازبوون بۆ قۆناغی داهاتوو، کە تێیدا باس لە کاریگەرییەکانی گرتن و زیندانی کردن لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی گوتاری ئۆجەلان و گۆڕانی چەقی قورسایی لە پڕۆژەی سەروەرییەوە بۆ گوتاری حەوانەوەی سیاسی دەکەین.

Share