39 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانیدا تێدەپەڕێت

39 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانیدا تێدەپەڕێت

ئیدریس بارزانی، کەسایەتییەک بوو کە سەرجەم ژیانی خۆی بۆ خەبات لەپێناوی دۆزی رەوای گەلەکەیدا تەرخانکرد.

ئەمڕۆ، 31ی کانوونی دووەمی 2026، 39 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی تێکۆشەر و سەرکردەی ناسراوی کورد، ئیدریس مستەفا بارزانی تێدەپەڕێت.

ئیدریس بارزانی، کەسایەتییەک بوو کە ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ خەبات لەپێناوی دۆزی رەوای گەلەکەیدا و بەردەوام وەک پردێکی پەیوەندی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستاندا رۆڵی دەبینی.

ژیان و تێکۆشانی سیاسی

ئیدریس بارزانی لە ساڵی 1944 لە گوندی بارزان لەدایکبووە، لە سەردەمێکی هەستیار و پڕ لە گۆڕانکاریدا کە شۆڕشی سێیەمی بارزان و دامەزراندنی کۆماری کوردستانی لە مەهاباد بەخۆوە بینی.

 دوای نسکۆی کۆمار و رۆیشتنی مەلا مستەفا بارزانیی باوکی بۆ یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1947، ئیدریس بارزانیی چوار ساڵان لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بۆ ماوەی 11 ساڵ بۆ شارەکانی باشووری عێراق دوورخرایەوە و ژیانێکی سەخت و پڕ لە چەرمەسەرییان لە شارەکانی بەسرە، مووسڵ و بەغدا بەسەربرد.

لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1961، ئیدریس بارزانی وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و سەرکردەیەکی لێهاتوو بەشداری کارای کرد. بەهۆی لێهاتوویی و تواناکانی، زوو بووە جێی متمانەی مەلا مستەفا بارزانی و ئەرکە قورسەکانی پێ سپێردرا. ئەو رۆڵێکی گرنگی لە دانوستاندنەکانی رێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970دا گێڕا، کە بە یەکێک لە دەستکەوتە مێژووییەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد دادەنرێت.

دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول بەهۆی رێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی 1975، ئیدریس بارزانی شانبەشانی مەسعود بارزانیی برای، رۆڵێکی بنەڕەتی بینی لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی گوڵان و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و درێژەدان بە خەبات. لەو قۆناغە سەختەدا، ئەو سەرپەرشتیاری ئاوارەکانی دوای نسکۆی 1975ی لە ئێران دەکرد.

کۆچی دوایی

ئیدریس بارزانی لە 31ی کانوونی دووەمی ساڵی 1987، لە تەمەنی 43 ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە ناحیەی “سلیڤانا”ی سەر بە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد. تەرمەکەی لە شاری شنۆ و لە تەنیشت باوکی، مستەفا بارزانیی نەمر بە خاک سپێردرا.

 دوای راپەڕینی ساڵی 1991 و ئازادبوونی بەشێک لە خاکی کوردستان، لە ئۆکتۆبەری 1993دا، روفاتی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی، لە رێوڕەسمێکی شکۆداردا هێنرانەوە بۆ زێدی خۆیان لە گوندی بارزان و لەوێ بە خاکی نیشتمان سپێردران.

ئیدریس بارزانی، وەک یەکێک لە کاریگەرترین سەرکردە سیاسییەکانی کورد لە سەدەی بیستەمدا، میراتێکی گەورەی لە خەبات، نیشتمانپەروەری و هەوڵدان بۆ ئاشتی و یەکڕیزی لە دوای خۆی بەجێهێشت.

Share