سوپای عەرەبی سووریا لە دەوروبەری حەسەکە دەکشێتەوە

سوپای عەرەبی سووریا لە دەوروبەری حەسەکە دەکشێتەوە

مەزڵووم عەبدی: “هەرچەندە ڕێککەوتنەکە لە ئاستی هەموو خواستەکانماندا نییە، بەڵام باشترین بژاردە بوو بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان لەم قۆناغەدا”.

سوپای عەرەبی سووریا لە دەوروبەری حەسەکە دەکشێتەوە و هێزەکانی هەسەدەش لە چیای قەزوان جێگیر دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ شەممە، 31/1/2026، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی واژۆ کراوە، هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا لە شەوی رابردووەوە (هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026)، لە سەنگەرەکانی دەوروبەری پارێزگای حەسەکە دەستیان بە کشانەوە کردووە.

زانیارییەکان  باس لەوە دەکەن کە سوپای عەرەبیی سووریا هێزەکانی بۆ ناوچەی شەدادی کشاندووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چیای قەزوان، لە باشووری حەسەکە جێگیر دەکرێن.

چیای قەزوان (عەبدولعەزیز) پێگەیەکی جوگرافیی ستراتیژییە لە باشووری ڕۆژئاوای حەسەکە و کۆنترۆڵکردنی لەلایەن هەسەدەوە، باڵادەستییەکی سەربازیی زیاتر بەسەر ناوچەکانی باشووری شارەکەدا دەبەخشێت.

پوختەی رێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سووریا

شەوی رابردوو (هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026)، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وردەکاریی رێککەوتنەکەیانی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئاشکرا کرد، کە بە ئامانجی پاراستنی گەل و رێگری لە کۆمەڵکوژی واژۆ کراوە. گرنگترین خاڵەکان ئەمانەن:

– هێزە سەربازییەکان: هەسەدە دەبێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام وەک لیوا و یەکەی سەربازی لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە.

– دۆسیەی ئەمنی: هێزەکانی ئاساییش دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا و ئەرکی پاراستنی نێو شارەکان لە ئەستۆ دەگرن؛ سوپای سووریا ناچێتە نێو هیچ شار و گوندێکی کوردییەوە.

– کارگێڕی و زمان: خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانە و زانکۆکان بە فەرمی دەکرێت، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبنە فەرمانبەری دەوڵەت و ئیدارەی ناوچەکە بەدەست خەڵکی ناوچەکەوە دەبێت.

– دۆخی کۆبانێ: گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵدەگیرێت و هێزەکان لە نێو شار دەکشێنەوە بۆ دەوروبەری.

– گەرەنتیی نێودەوڵەتی: ئەمریکا و فەرەنسا ئاگاداری وردەکارییەکانن و وەک گەرەنتیکاری سیاسی دەمێننەوە.

مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە هەرچەندە ڕێککەوتنەکە لە ئاستی هەموو خواستەکانیاندا نییە، بەڵام باشترین بژاردە بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان لەم قۆناغەدا.

Share