سەرۆک بارزانی: پاڵپشتیکردنی ڕەوەندی کوردستانی لە ڕۆژئاوای کوردستان جێگای شانازییە

سەرۆک بارزانی: “لە شەڕی داعشدا کورد پارێزەری مرۆڤایەتیی بوون، ئێستا پێویستە مرۆڤایەتیی پارێزەری کوردستان بن”.
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بۆ کوردستانیانی دەرەوەی وڵات، وێڕای ستایشی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، جەختی کردەوە کە کورد پارێزەری مرۆڤایەتی بووە و ئێستاس پێویستە مرۆڤایەتی پارێزەری کوردستان بێت و هەروەها داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریای کرد.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
کوردستانییانی خۆشەویست
ئامادەبووانی بەڕێز
خوشک و برایانی ئازیز
جێگەی شانازییە ئەمڕۆ لە شارەکانی وڵاتانی ئەورووپا، ژمارەیەکی زۆر لە رەوەندی کورد بە جۆش و خرۆشەوە، بە شێوەیەکی بێوێنە لە گردبوونەوەی ئاشتییانەدا، پشتیوانیی خوشک و برایانی خۆیان لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن.
ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ توانایی و زیندووێتیی رەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات. ئەوەش دەسەلمێنێت کە نەوەی گەلەکەمان لە دەرەوەی وڵات، هەمیشە هێزێکی مەزن و ئامادە و یەکگرتووە، بۆ پشتیوانیکردنی دۆزی رەوای گەلی کوردستان لە هەر بەشێکی کوردستان بێت.
سڵاو و ڕێزی تایبەتیم بۆ ئێوەی خۆشەویست هەیە… بەخێر بێن سەرچاوان.
لە دەستپێکی سەدەی بیستەمدا، خاکی کوردستان بە ناحەقی دابەش کرا. دوای دابەشکردنەکە، گەلی کوردستان رووبەڕووی کارەسات و نەهامەتی و ئازارێکی زۆر بووەوە. بەڵام ئەو بارودۆخە سەختەی کە بۆ گەلی کوردستان دروست بوو، نەبووە هۆکاری ئەوەی کە گەلەکەمان ئیرادەی خۆی لەدەست بدات و مافەکانی خۆی لەیاد بکات. بەپێچەوانەوە، گەلی کوردستان رۆژ بە رۆژ بەهێزتر و هۆشیارانەتر لەسەر خەباتی خۆی بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی خۆی بەردەوام بوو. لە رێگەی خەباتیشدا قوربانیی بێژماری داوە.
هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە رۆژئاوای کوردستانیش گەلی کورد خەباتێکی دوورودرێژی هەیە. تێکۆشەر و شۆڕشگێڕانی رۆژئاوای کوردستان، ئازار و زیندان و دەربەدەری و ئاوارەییەکی زۆریان بینیوە. پاش خەباتێکی زۆر رووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش بوونەوە، گەنجان و لاوانی گەلەکەمان بە ئازایەتیی خۆیان و بە خوێن و قوربانییان داعشـیان تێکشکاند و بوونە پارێزەری مرۆڤایەتی.
ئێستا گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان تووشی هەڕەشەیەکی نوێ و بارودۆخێکی ئاڵۆز و مەترسیدار بوونەتەوە. ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەر کوردستانییەکە پشتیوانیی خوشک و برایانی خۆمان لە رۆژئاوای کوردستان بین.
دەنگی هەر یەک لە ئێوە کاریگەریی خۆی لەسەر مۆراڵ و خۆڕاگریی گەلی کورد لە کوردستان و بەتایبەتی لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، پەیامێکیشە بۆ خەڵکی جیهان بۆ ئەوەی کە پشتیوانی لە داخوازی و مافە رەواکانی خوشک و برایانی ئێمە بکەن.
ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی رۆژئاوایە، کە شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتیی خۆیان و رێگە نەدەن نەهامەتی و ئازارەکانی گەلەکەمان دووبارە ببنەوە. لە شەڕی داعشدا کورد پارێزەری مرۆڤایەتیی بوون، ئێستا پێویستە مرۆڤایەتیی پارێزەری کوردستان بن.
ئامادەبووانی ئازیز… کوردستانییانی خۆشەویست
خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ئێوە، نیشانەیەکی روونی ئەو یەکدەنگییە نەتەوەییەیە کە لە ناخی کوردستانییانی دەرەوەی وڵاتدایە. ئەوەش ئەو راستییە نیشان دەدات، کە جیاوازیی سنوورەکان و بیروڕای سیاسی، ناتوانن پەیوەندییە مێژوویی و نەتەوەییەکان لە ناخماندا لاواز و بێهێز بکەن. ئێمە یەک نەتەوەین، یەک مێژوومان هەیە، یەک داهاتووشمان هەیە و لە خۆشی و نەخۆشییەکاندا هاوبەشین. کوردبوونی ئێمە لە سەرووی هەموو ئایدۆلۆژیایەکە. کوردبوون پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە، نەک تەنیا بۆ گەلەکەمان، بەڵکو بۆ گەلانی ناوچەکە و تەواوی جیهانیش.
سوپاسی یەک بە یەکی ئێوەی ئازیز و رێکخەرانی ئەم گردبوونەوەیە و کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی دەکەم. سوپاسی هەموو کوردستانییانی دەرەوەی وڵات دەکەم، کە لە رۆژانی رابردوودا بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پاڵپشتیی خوشک و برایانی خۆیان بوون لە رۆژئاوای کوردستان. دەستخۆشییتان لێ دەکەم، هەر ئەوەتان لێ چاوەڕوان دەکرێت. پێویستە ئەو پشتیوانییکردنە لە چوارچێوەی شێوازە ئاشتییانە و رێکارە مەدەنییەکاندا هەر بەردەوام بن.
داواکارییم ئەوەیە کە لە کۆبوونەوەکانتاندا، لە رێوڕەسم و خۆپیشاندانەکاندا، بە تەواوی پابەندی بەها بەرزەکانی گەلەکەمان بن و پابەندی یاسا و رێسای ئەو وڵاتانە بن کە تێیدا دەژین. بە هەموو شێوەیەک خۆتان لە ئاژاوە و گرژی و توندوتیژی بەدوور بگرن. گەلی کوردستان کێشەی لەگەڵ سیاسەتی حکومەت و رژێمەکان هەیە، و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ نەتەوەکان نییە، دەبێت هەموو ئاگاداری ئەوە بن، نابێت رق و کێشە لەنێوان کورد و نەتەوەکانی دیکەدا دروست ببێت. پەیامی گەلی کوردستان پەیامی ئاشتی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیانە.
هەروەها لێرەدا بە پێویستی دەزانم داوا لە حکومەتی سووریا و هێزەکانی هەسەدە بکەم لەسەر ئاگربەستی نێوانیان بەردەوام بن. بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی خۆیان، پشت بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ببەستن و بە هیچ شێوەیەک رێگە نەدرێت گرفت و کێشە سیاسییەکان ببنە هۆکاری سەرهەڵدانی ناکۆکی و کێشەی نەتەوەیی لەنێوان کورد و عەرەب.
هەروەها بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری، پێویستە کۆتایی بە ئازارەکانی گەلی کورد و هەوڵی تواندنەوەیان بهێنرێت و لە داهاتووی سووریادا. مافە سیاسی و مەدەنی و نیشتمانییەکانی گەلی کورد لە دەستووردا گەرەنتی بکرێن.
لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەمەوە، دەبێت ئێمە هەموومان پشتیوانی دۆزی رەوای گەلەکەمان بەهێز بکەین، دەبێت هەمیشە ئومێد بە داهاتوویەکی گەش بۆ گەلی کوردستانمان هەبێت.
دیسان بەخێرهاتنەوەتان دەکەم، بەخێر بێن سەرچاوان.
بژی کورد، بژی کوردستان
مەسعود بارزانی
31ـی کانوونی دووەمی 2026