ئایا ڕێککەوتنی هەسەدە لەگەڵ دیمەشق قازانجە یان شکست؟

ڕۆژئاڤا گورزێکی قورسی بەرکەوتووە، بەڵام کۆتایی پێنەهاتووە. ئایا ڕۆژئاڤا لەسەر ڕێبازی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی کورد بەردەوام دەبێت، یان دیسانەوە پەیڕەوی لە ئەجێندای تاریکی ئاپۆ دەکات؟
ئەو پڕۆسەیەی کە لە ڕێکەوتی 7ی ژانیڤەریدا و بە پەلاماردانی گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب دەستی پێکرد، ێرشیکی بەربڵاو بوو بۆ ”شکاندن و یەخسیرکردنی کوردانی ڕۆژئاڤا“. ئەو هێرشانە لە ڕێکەوتی 30ی ژانیڤەریدا بە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریادا ڕاگیران.
ئەو پرسەی کە نیقاش دەکرێت ئەوەیە کە ئایا ئەم ڕێککەوتنە بۆ کورد قازانجە یان زەرەر و شکست؟ دەکرێ بە لێکۆڵینەوە لە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە و دۆخی ئۆبجێکتیڤی سەر گۆڕەپانەکە، وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە. بەڵام پێش ئەوەی بچینە سەر ڕێککەوتنەکە، بە پێویستی دەزانین کە باسێک لەسەر ڕۆڵی باشووری کوردستان بکەین.
باشووری کوردستان ڕێگری لە شکستی موتڵەق کرد؛ سەرۆک بارزانی وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی جووڵایەوە
ئەم ئۆپەراسیۆنە کە لە 7ی ژانیڤەری لە حەلەب دەستی پێکرد، لە ڕاستیدا ئۆپەراسیۆنێک بوو بۆ تێکشکاندن و تەسلیمکردنی ڕۆژئاڤا. ئەوان تەواوی شێوازی مەغۆلەکانیان لە مێژوودا و داعشیان لە سەردەمی نوێدا، بەکارهێنا: پەلاماری کتوپڕ، بڵاوکردنەوەی ترس بە ئەنقەست، دروستکردنی کاریگەریی شۆک بە شێوازی تیرۆریستی، بوونەهۆی ئاوارەبوون و کۆچکردن و دواتر دیلەکانیشیان دەکوشت. بەڵێ، ئەمە ئەو کردەوانە بوو کە لە حەلەب ئەنجامدرا. بۆ ئەم مەبەستەش تیرۆر لە دژی شەڕڤانانی ژن و پەلاماری تەرمەکان و هتد…، بڵاوکرانەوە. لە ڕاستیدا هەوڵدەدرا کە تەسلیمبوونێکی سەرشۆڕانە بەسەر ڕۆژئاڤادا بسەپێندرێت و هەر زوو شەڕەکە گەیشتە دەروازەی شارە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاڤا.
خەڵکی ڕۆژئاڤا و شەڕڤانانی نیشتمانپەروەر هەڵوێستێکی شەرافەتمەندانەیان نیشان دا، بەڵام تەنیا بوون. لێرەدا باشووری کوردستان وەک بەربەستێک لە بەردەم داگیرکاری و لەناوبردنی ڕۆژئاڤادا وەستا. بێگومان سەرۆک بارزانی و بزووتنەوەی سیاسیی بارزانی، میعمارەکانی ئەم بەرخۆدانە بوون. بزووتنەوەی بارزانی هەموو شتێکی سەفەربەر کرد؛ میدیا و ئابووری و دیپلۆماسی و خەڵک. دەتوانین بڵێین ئەوەی لە میدیاکاندا باس کراوە تەنها نزیکەی 40٪ی ئەو کارانە تەمسیل دەکات کە بزووتنەوەی بارزانی کردوویەتی. سەرۆک بارزانی وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی بە هەموو توانا و دەرفەتەکانی بەردەستیەوە، ماندوونەناسانە و بە بێ هەدادان هەوڵیدا و تێکۆشا بۆ ئەوەی ڕێگری لە کۆمەڵکوژی دژ بە کوردانی ڕۆژئاڤا بکات.
ئەگەر باشووری کوردستان بوونی نەبوایە، ڕۆژئاڤا ڕووبەڕووی دۆخێکی هێندەی دیکە دژوارتر و قەرەبوونەکراوتری وەک کارەساتی عەفرین و حەلەب دەبوویەوە. ئێمە بەبێ بینینی ئەم دۆخە، ناتوانین ئەم ڕێککەوتنە هەڵبسەنگێنین.
ئایا ڕێککەوتنی 30ی ژانیڤەری سەرکەوتنە یان دۆڕان؟
بەر لە هەموو شتێک نابێ لەبیرمان بچێ کە ئێرە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەو سەردەمەی ئێمە تێیدا دەژین سەردەمی ئاژاوە و ئاڵۆزییە. تەمەن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان لەسەر کاغەز، کاریگەرییەکەیان دیار نییە. بۆیە قۆناخەکە ئەوە دەردەخات کە ئایا ڕێککەوتنی 30ی ژانیڤەری دەبێتە ڕێککەوتنی کۆتایی یان نا.
واژۆکردنی بەپەلەی ئەو ڕێککەوتنە لە کاتێکدا کە کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە سووریا ئەنجام دەدا تا ڕادەیەک گوماناوییە. پێدەچێت تورکیا و ئیمرالی بەخێرایی ئەو ڕێککەوتنەیان سەپاندبێت بۆ ئەوەی کە ڕێگری لە بڕیاری کۆنگرێسی ئەمریکا بکەن تاوەکوو لە پرۆسەکەدا تەداخول نەکات. چونکە ئەمریکا دەیهەویست پرۆسەکەی لەگەڵ ئێراندا خێراتر و دژوارتر بکات و بۆ ئەم مەبەستەش بە پێویستیان دەزانی کە ئاژاوەگێڕییەکانی سووریا ڕابوەستێنن. چارەسەرێکی کاتی دۆزرایەوە کە هەردوولا ئارام بکاتەوە. جگە لەوەش ئەم فۆرمولەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پەسەند کرا. پێشوەختە تورکیا و ڕوسیا ئاگادارکرانەوە و قبووڵیان کرد. تورکیا بە هەموو ئەو شتانە نەگەیشت کەوا دەیهەویست، بەڵام بەداخەوە لە کۆتاییدا ڕۆژئاڤا نەبووە شوێنێک کە کورد تێیدا ستاتۆیەک بەدەست بهێنێت.
سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە و بڕگەکانی، تەنانەت کاتێک بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی لێکۆڵینەوەیان بۆ دەکرێت، بە تێرمینۆلۆژیای یاسایی و ئیداری نەنووسراون. بۆیە لایەنەکان بەپێی تێگەیشتنی خۆیان لێکدانەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکان دەکەن. جگە لەوەش پرسەکانی وەک ئەو کێڵگە نەوتییانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی کورددا دەمێننەوە، کێڵگە نەوتییەکانی ڕمێلان، بودجە، دەروازە سنوورییەکان، باج و کاری ئیدارەی خۆجێی لە ڕێککەوتنەکەدا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە چارەسەر نەکراون. هەروەها دەروازەی سنووری نافەرمی سێمالکا کە بۆ ڕۆژئاڤا گرنگە، لە ڕێککەوتنەکەدا نییە. بەڵێ، هێزی سەربازیی ڕۆژئاڤا هەڵناوەشێتەوە، بەڵام لە پەراوێزدا دەمێنێتەوە و هێزەکانی سووریا دەچنە ناو شارەکانەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێستا ئیدی هەواڵگریی تورکیا دەتوانێت بە ئازادی لە قامیشلۆ چالاکی بکات. ئەمەش خەسارێکی بەرچاوە.
ئێستا ئەگەر سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەین، ڕۆژئاڤا پێگەی بەهێزی 13 ساڵەی خۆی لەدەست داوە. لەم دۆخەی ئێستایدا، ئیتر ئەکتەرێکی سەربازی سەرەکی نییە؛ توانا سەربازییەکەی لاواز بووە. جوگرافیاکەی بەسەر سێ هەرێمدا دابەشکراوە. سەروەریی بەسەر داهاتەکەیدا لەدەستداوە.
بەڵێ، لە پەرسپەکتیڤی پۆزیسیۆنی 13 ساڵەی ڕۆژئاڤادا، ئەم ڕێککەوتنە خەسارێکی گەورەیە. ئەوەی بە هەڵە دەست پێدەکات هەرگیز بە دروستی کۆتایی نایەت. دوگمەی یەکەمی کراسەکە بە هەڵە ببەسترێت، تا کۆتایی بە هەڵە بەردەوام دەبێت. لەم کاتەدا جگە لە قبووڵکردنی ئەم ڕێککەوتنە هیچ بژاردەیەکی بەدیل نەبوو. جگە لە ڕێگریکردن لە شکستێکی ڕەها لە شەڕدا، کاولکرانی شارەکان، ئاوارەبوون و کۆمەڵکوژی، ئەم ڕێکەوتنە هیچ دەستکەوتێک بۆ کورد نەهێنا. هەندێک جار، پاشەکشە پێویستە. ڕێککەوتنەکە شکستە، بەڵام شکستێکی ڕەها نییە. ئەوەی کە دواتر ڕوودەدات گرنگە. نابێت هەموو شتێک وەها هەژمار بکەین کە کۆتایی هاتووە.
بەڵام ئیدارەی ڕۆژئاڤا بۆ هەنگاونان بەرەو داهاتوو، پێویستە ڕەخنەی جیددی لە خۆی بگرێت. دەبێت ئەو کەس و ڕێکخراو و ڕۆشنبیرانەی بەرپرسیارن لەم شکستە، شەرمەزار بکرێن.
کورد نەدۆڕا، بەڵکوو ئۆجەلان و تەڤگەری ئاپۆیستی دۆڕان
کورد هەرگیز ئەوەندە یەکگرتوو نەبووە و ئەوەندەش تێچووی بۆ هیچ بەشێکی کوردستان نەداوە. گیان بەخت کرا، خوێن درا، ڕەنج درا، پارە درا؛ کورد هەموو شتێکی دا بۆ ڕۆژئاڤا. بەریوەبەریی ڕۆژئاڤا ئەم دۆخەی بە دروستی هەڵنەسەنگاند. گەورەترین هۆکاری ئەمەش، ڤایرۆسی پەکەکەیە.
ئیدارەی ڕۆژئاڤا ئەم ڤایرۆسەی پەکەکەی بە تەواوی ئەزموون کرد. ڕۆژئاڤا لەسەر ئەو بنەمایە لە بواری سەربازی و سیاسی و بوارەکانی دیکەدا بە هەڵە شکڵی گرت. جگە لەوەش ئەو هەڵە گەورەیەی کرد کە “باوەڕی بە پڕوپاگەندەی خۆی” کرد و پێی وابوو کە هیچ ڕێگەیەکی دیکە بوونی نییە. بیهێنە بەرچاوی خۆتان کە ساڵانێکە حوکمڕانی کۆبانێ دەکەن، کەچی تەنانەت پێداویستییەکانی 10 ڕۆژی ژیانیان دابین نەکردبوو. ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەڵەیە. پێویستە ئیدارەی ڕۆژئاڤا هەڵسەنگاندنی وردتری بۆ بکرێت، دیارە دەبێ دۆخەکە بەشیوەیەکی دروست هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
ئەم کێشەیە بە لێدوانی گشتی وەک “کورد شکستی هێنا، ڕۆژئاڤا شکستی هێنا” پشتگوێ ناخرێت. لە ڕۆژئاڤادا پەکەکە و ئۆجەلان دۆڕان، یان باشتر بڵێین پەکەکە و ئۆجەلان بە ئاگاهییەوە بوونە هۆی دۆڕان و شکستهێنانی ڕۆژئاڤا.
تەنانەت لەکاتێکدا کە هێشتا مۆری ڕێککەوتنەکە وشک نەبۆتە، ئەندامانی پەکەکە خەریکن پڕوپاگاندا بۆ شتگەلێکی وەک “نەتەوەی دیموکراتیک لە ڕۆژئاڤا سەرکەوت” و هتد…، دەکەن. بەڵام ئەوان بۆخۆیان باش دەزانن کە ئەوان بوونە هۆی شکستهێنانی ڕۆژئاڤا. بەڵام بۆ ئەوەی دەرفەتی سود وەرگرتن لە ڕۆژئاڤا لەدەست نەدەن، ئەم پڕوپاگاندایە دەکەن. هونەرمەندان و گۆرانیبێژان و نووسەران و هەرکەسێک کە هەیانە، هەموویان تێكەڵ بە هەوڵێکی بەئەنقەست کراون.
بەڵێ وەک گوتمان ڕۆژئاڤا گورزێکی قورسی بەرکەوتووە، بەڵام ڕۆژئاڤا بەتەواوی کۆتایی پێنەهاتووە. دیارە هێشتا زنجیرەکانی پەکەکە لەسەر مل و هۆش و قاچەکانی ماون. ئایا بەڕیوەبەریی ڕۆژئاڤا خۆی لە زنجیرەکانی پەکەکە ڕزگار دەکات، ئایا لەسەر ڕێبازی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی کورد بەردەوام دەبێت، یان دیسانەوە پەیڕەوی لە ئەجێندای تاریکی ئاپۆ دەکات؟ با بزانین.
ئەم گەلە بۆ ئامانج و فانتازیا تاریکەکانی ئۆجەلان خۆیان نەکردە قەڵغانێکی مرۆیی بۆ ڕۆژئاڤا. گەلی کورد خۆی کردووە بە قەڵغان بۆ پارچەیەک لە کوردستان نەک بۆ سووریایەکی دیموکراتیک. ئەگەر ئەوان بەردەوام بن لە وتنی “بژی ڕێبەر ئاپۆ، ئاپۆی مەزن”، گەلی کورد هەمان پشتیوانیان لێناکات. ئەمە ڕاستییەکە. لە ئێستادا بەڕیوەبەریی سەربازی و سیاسی ڕۆژئاڤا لەسەر دووڕێیانێکە. یان پەیڕەوی لە دروشمەکانی گەل دەکەن و بەرەو سەرکەوتن دەڕۆن، یانیش بە فانتازیاکانی ئۆجەلان، لەگەڵ خیانەت و کۆمەڵکوژیی زیاتر بەرەوڕوو دەبن.