ڕۆژئاڤای کوردستان لە نێوان واقعبینیی بارزانی و ئایدۆلۆژیای ئۆجەلاندا

ڕۆژئاڤای کوردستان لە نێوان واقعبینیی بارزانی و ئایدۆلۆژیای ئۆجەلاندا

چەمکەکانی وەک “برایەتی گەلان”ی ئۆجەلان، بە کردەوە پێگەی سیاسی کوردی لاواز کردووە و تێچووی مرۆیی و ئەمنیی زیاتر کردووە.

لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریادا، پرسی کورد لە هەمووکات زیاتر بە دوو ڕێبازی سیاسی و ڕۆشنبیریی جوداوە پەیوەست بووە: ڕێبازێکی پراگماتیک، نەتەوەپەروەر و دیپلۆماتیک کە لەلایەن سەرۆک مەسعوود بارزانییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، هەروەها ڕێبازێکی ئیدئۆلۆژیک و ئەنتەرناسیۆناڵیستی کە لە بیرۆکەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان و بەتایبەتی چەمکی ” برایەتی گەلان”ـەوە سەرچاوەی گرتووە. بەراوردکردنی ئەم دوو ڕێبازە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بۆچی ڕۆڵی بارزانی بە گشتی خزمەتی بە بەرژەوەندی کوردەکان لە سووریا کردووە، لە کاتێکدا هێڵی بیرکردنەوەی ئۆجەلان لە ڕاستیدا پێگەی کوردەکانی لە ڕۆژئاڤا لاواز کردووە.

لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریادا، سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی کاریگەری لە بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی کورددا گێڕاوە، ئەگەرچی بەبێ دەستێوەردانی سەربازی ڕاستەوخۆیش بێت. جەختی سەرۆک بارزانی هەمیشە لەسەر یەکڕیزی ناوخۆیی کورد و ڕیئالیزمی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بووە. بارزانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەک مۆدێلێکی ڕێژەیی دەبینێت؛ مۆدێلێک کە نیشان دەدات دەستکەوتەکانی کورد تەنها کاتێک دەتوانن بەردەوام بن کە هاوسەنگی هێزی ناوچەیی و دیپلۆماسی چالاک و شەرعیەتی نێودەوڵەتیی لەگەڵدا بێت. هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان بزووتنەوە کوردییەکان لە سووریا و دوورخستنەوەی کورد لە ململانێکان لە ڕاستیدا خزمەتی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانیان کردووە.

بەپێچەوانەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و تەڤگەرەکەی بە پێشنیارکردنی بیرۆکەی “برایەتی گەلان” هەوڵیانداوە کە پرسی کورد لە چوارچێوەیەکی بەدەر لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد پێناسە بکەن. هەرچەندە ئەم دروشمانە لە ڕواڵەتدا چەمکەکانی وەک پێکەوەژیان و ئینکارکردنی نەتەوەپەرستی پێشدەخات، بەڵام لە پراکتیکدا بووەتە هۆی لاوازکردنی داخوازییە نەتەوەییەکان، بەتایبەتی داخوازە نەتەوەییەکانی گەلی کورد. لە سووریا ئەم ڕێبازە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەولەویەتە ئیدئۆلۆژیکەکان بەسەر بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی گەلی کورددا زاڵ بن و ناوچە کوردستانییەکان بوونەتە گۆڕەپانی کێبڕکێی ئیقلیمی و فشارە ئەمنییەکان. ئەمەش زەمینەیەکی لەباری بۆ هەژموونی و باڵادەستیی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و بندەستیی زیاتری گەلی کورد ڕەخساندووە.

ئۆجەلان بە میتۆدی ” برایەتی گەلان” کە لە بنەڕەتدا بە واتای کۆیلەکردنی گەلی کورد بۆ گەلانی دیکەی ناوچەکە و بەتایبەت گەلی تورک دێت، گەلی  کوردی بەرەو ئاسۆیەکی تاریک برد، ڕێگای لە کورد ون کرد و ئیدی کورد بەتایبەتی لە ڕۆژئاڤا و باکوور، خەریکە توانای دەربڕین و داواکردنی داخوازییە نەتەوەییەکانیان بە شیوازێکی ڕاست و دروست نەمێنێت.

ئەم ئایدۆلۆژیا سەقەتە کەوا بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا سەپیندراوە، لەلایەن بەرپرسانی پەکەکە لە ڕۆژئاڤا و بەتایبەت ئاڵدار خەلیل و ساڵح موسلیمەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەم کەسانە کورد وەک سووتەمەنی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئایدۆلۆژیا سەقەتە بەکاردەهێنن کە جگە لە بندەستیی زیاتر، هیچی بۆ کورد نەهێناوە.

پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاڤای کوردستان بە ڕوونی نیشان دەدەن کە گەلانی ناوچەکە هەرگیز کورد وەک برای خۆیان قبووڵ ناکەن. کەڵک وەرگرتن لە کورد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک لەم شێوەیە، جگە لە خیانەتێکی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانیی، هیچی دیکە نییە. ڕووداوەکانی ڕۆژئاڤا بە ڕوونی بە ئێمەی کورد دەڵێن کە دەبێ لەم خەو قووڵەی برایەتی گەلان بەئاگا بین، چونکە هیچ گەلێکی ئەم ناوچەیە ئێمەی کورد وەک برای خۆیان نابینن و هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان کە لە ژێردەستەییدا بمانهێڵنەوە و مافە سیاسی و کولتووری و نەتەوەییەکانمان زەوت بکەن و وامان لێبکەن کۆیلایەتی کردن بۆ ئەوان قبووڵ بکەین. ئەم گەلانە تەنها کاتێک برایەتی قبووڵ دەکەن کە هەموو شتێک لە دەستیان ئەواندا بێت و کورد چاوپۆشی لە داخوازییە نەتەوەییەکانی بکات. بۆیە ئەگەر دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاڤا هێشتا باسی برایەتی گەلان بۆ کورد بکەن، تکایە با بەخێری خۆیان ئێستا بڕۆن ئەم پڕۆژەیە لە تەبقا و ڕەققا جێبەجێ بکەن. ئەوکات لەوێ بە باشی تێدەگەن کە شتێک بە ناوی برایەتی گەلان بوونی نییە و پێویست ناکات گەنجانی کورد بکەنە سووتەمەنی بۆ ئەم پڕۆژەیە.

جەختکردنەوەی ئۆجەلان لەسەر “برایەتی گەلان” بەتایبەتی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و بەتایبەتیتر تورکیا و بێمتمانەیی بە دیپلۆماسی کلاسیک، تێچووی زۆری بەسەر کوردەکانی سووریادا فەرز کرد. دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە بەهێزکردنی مافەکانی کورد نەبوو، بەڵکوو گۆشەگیریی سیاسی و هەڕەشەی سەربازی بەردەوام و دوورخستنەوەی بەرە بەرەی کورد لە پڕۆسەی بڕیاردانی فەرمی لەسەر ئایندەی سووریا بووە. “برایەتی گەلان” بە کردەوە نەیتوانیوە کورد لەم فشارانە بپارێزێت و زیاتر بووەتە ئامرازێکی ئیدئۆلۆژیک کە واقیعەکانی دەسەڵاتداریی پشتگوێ دەخات.

لەبەرامبەردا بارزانی پێی وایە بەبێ دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی کورد و بەبێ پەیوەندییەکی مەعقول لەگەڵ ژینگەی ناوچەکەدا، هیچ دروشمێک ناتوانێت مافەکانی نەتەوەیەک گەرەنتی بکات. ئەمە جیاوازی سەرەکی نێوان ئەو دوو ڕێبازەیە: بارزانی سیاسەت وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی میللەت دەبینێت، لە کاتێکدا هێڵی ئۆجەلان میللەت دەخاتە خزمەت ئایدۆلۆژیاکەیەوە.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریادا، بە جەختکردنەوە لەسەر ڕیالیزم و یەکڕیزیی کورد و دیپلۆماسی، بە گشتی بە قازانجی کوردەکانی سووریا بووە. بەپیچەوانەشەوە ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پێداگری لەسەر چەمکەکانی وەک “برایەتی گەلان”، لە کاتێکدا لە ڕووی تیۆریەوە سەرنجڕاکێشیش بێت، بەڵام بە کردەوە پێگەی سیاسی کوردی لاواز کردووە و تێچووی مرۆیی و ئەمنیی زیاتر کردووە. ئەزموونی سووریا ئەوە دەردەخات کە لە دونیای سیاسەتدا دروشمەکان بە بێ هێز و دیپلۆماسی نەک هەر بێ کەڵکن، بەڵکوو دەتوانن وێرانکەریش بن.

Share