سۆهر: نزیکەی 230 هەزار قوتابی لە حەسەکە و کۆبانێ لە خوێندن بێبەش بوون

سۆهر: نزیکەی 230 هەزار قوتابی لە حەسەکە و کۆبانێ لە خوێندن بێبەش بوون

روانگەی سووری هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە سەدان قوتابخانە لەو ناوچانەدا کراونەتە ناوەندی نیشتەجێبوون و پەناگە بۆ ئەو خێزانانەی بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەوە ئاوارە بوون.

لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دووەمی خوێندن لە سووریا، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) ئامارێکی مەترسیدار بڵاو دەکاتەوە، کە تێیدا ئاشکرای دەکات نزیکەی 230 هەزار قوتابی لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە مافی خوێندن بێبەش بوون، ئەمەش بەهۆی گۆڕینی قوتابخانەکان بۆ ناوەندی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان.

ڕۆژی یەکشەممە، 8/2/2026، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، راپۆرتێکی لەسەر دۆخی پەروەردەیی لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بڵاو کردەوە و تێیدا هۆشداریدا لە روودانی “کارەساتێکی پەروەردەیی و مرۆیی”.

بە پێی ئامارەکانی روانگەی سووری، بەهۆی نەبوونی چارەسەر بۆ دۆخی ئاوارەکان و گۆڕینی ناوەندە زانستییەکان بۆ پەناگە، زیاتر لە 230 هەزار قوتابی نەیتوانیوە پەیوەندی بە پۆلەکانی خوێندنەوە بکەن، کە بەسەر ئەم ناوچانەدا دابەش بوون:

ـ کۆبانێ: نزیکەی 72 هەزار قوتابی لە قۆناغە جیاوازەکاندا بە تەواوی لە پرۆسەی خوێندن دابڕاون.

ـ هەرێمی جزیرێ (حەسەکە و قامیشلۆ و گوندەکانیان):  زۆرترین رێژەی تێدا تۆمار کراوە، کە نزیکەی 160 هەزار قوتابی لەگەڵ دەستپێکی وەرزی دووەمدا بێبەش بوون لە چوونیان بۆ قوتابخانە.

هۆکاری قەیرانەکە: شەڕ و ئاوارەبوون

روانگەکە هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە سەدان قوتابخانە لەو ناوچانەدا کراونەتە ناوەندی نیشتەجێبوون و پەناگە بۆ ئەو خێزانانەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەوە ئاوارە بوون. شەڕ و پێکدادانەکان کە لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) رووی دا، بووە هۆی شەپۆلێکی بەرفراوانی ئاوارەیی.

ئەم دۆخە نەک تەنیا پرۆسەی خوێندنی راگرتووە، بەڵکو رێگر بووە لەوەی قوتابییان “تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ” ئەنجام بدەن، کە ئەمەش مەترسیی هەژمارنەکردنی ساڵێکی خوێندن و دابڕانی یەکجارەکیی لێ دەکرێت.

داوا لە یونیسێف و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

هەروەها روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەم ئامارانەی خستووەتە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوی “یونیسێف” و هۆشداری دەدات لەوەی مانەوەی نزیکەی 230 هەزار منداڵ و مێردمنداڵ لە شەقام و کەمپەکان بەبێ خوێندن، دەبێتە هۆی کارەساتێکی کۆمەڵایەتیی درێژخایەن، زیادبوونی دیاردەی کارکردنی منداڵان و بڵاوبوونەوەی نەزانین.

روانگەکە داوا لە سەرجەم لایەنە سەربازییەکان دەکات بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و بە پەلە کار بکەن بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی شایستە بۆ ئاوارەکان دوور لە ناوەندەکانی خوێندن، بە مەبەستی چۆڵکردنی قوتابخانەکان و رزگارکردنی ئاییندەی نەوەیەک پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت.

Share