نەتەوە یەکگرتووەکان: سەرەڕای رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق، کۆبانێ لە دۆخێکی خراپ دایە

هێشتا لە پارێزگاکانی حەلەب، حەسەکە و رەققە نزیکەی 160 هەزار کەس ئاوارەن و لە دۆخێکی سەختدا دەژین.
نەتەوە یەکگرتووەکان کاریگەریی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا لەسەر کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، سەرەڕای هێوربوونەوەی دۆخەکە، هێشتا دەیان هەزار کەس لە ناوچە جیاوازەکان ئاوارەن و دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە کۆبانێ لە ئاستێکی خراپدایە.
ئەمڕۆ سێشەممە 10/2/2026، ستیفانی دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دواین پێشهاتەکانی سووریاوە رایگەیاند، تیمەکانیان تێبینی ئەوەیان کردووە، دوای واژۆکردنی رێککەوتنی 30ی مانگی رابردوو لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق، ئاستی شەڕ و کوشتار لە سووریا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی مرۆیی و ئاوارەکان، دوجاریک ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای کەمبوونەوەی شەڕ، هێشتا لە پارێزگاکانی حەلەب، حەسەکە و رەققە نزیکەی 160 هەزار کەس ئاوارەن و لە دۆخێکی سەختدا دەژین.
گوتەبێژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرنجی خستە سەر دۆخی شاری کۆبانێ و روونی کردەوە، لە هەوڵدان بۆ بەردەوامیدان بە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان، بەڵام ئاڵنگاری گەورە لەبەردەم پرۆسەکەدا هەیە. گوتیشی: لە کۆبانێ هێشتا سیستەمی ئاو و کارەبا بە تەواوی کار ناکەن و کێشەی گەورە لە خزمەتگوزارییە مرۆییەکاندا هەیە، هەروەها لە زۆربەی ناوچەکانی کۆبانێ پرۆسەی خوێندن و دەوامی قوتابخانەکان راگیراوە.
دوجاریک ئاماری هاوکارییەکانی خستەڕوو و ئاشکرای کرد، تا ئێستا 10 کاروانی هاوکارییان رەوانەی کۆبانێ و قامشلۆ کردووە، کە پێکهاتوون لە 154 بارهەڵگر و لەو رێگەیەوە هاوکاریی پێویست گەیەندراوەتە نزیکەی 190 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە.