شاندێکی هاوبەشی کورد بە ئامانجی گەرەنتییە دەستوورییەکان سەردانی دیمەشق دەکات

چاوەڕوان دەکرێت شاندی کورد لە دیدارەکانیدا لە دیمەشق، گرنگی بە پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان و مسۆگەرکردنیان لە دەستووردا بدات.
دوابەدوای سەردانی وەفدی ئەنەکەسە بۆ دیمەشق و دیدار لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا، ئامادەکاری بۆ سەردانی شاندی هاوبەشی کورد دەکرێت بۆ دیمەشق.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، شاندی هاوبەشی کورد کە لە ئەنجامی “کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد” (کە لە 26ی نیسانی 2025دا لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو) پێکهاتبوو، ئامادەکاری بۆ سەردانێکی فەرمی بۆ دیمەشق دەکەن.
هەرچەندە هێشتا وادەی سەردانەکە دیاری نەکراوە، بەڵام سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە شاندە هاوبەشەکە بەم نزیکانە سەردانی دیمەشق دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئینتقالیی سووریا گفتوگۆ بکەن.
چاوەڕوان دەکرێت شاندی کورد لە دیدارەکانیدا لە دیمەشق، گرنگی بە پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان و مسۆگەرکردنیان لە دەستووردا بدات؛ هەروەها پرسەکانی پەیوەست بە پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی سووریا و فراوانکردنی ئازادییە گشتی و تایبەتییەکان لە ڕۆژەڤی سەرەکی کۆبوونەوەکاندا دەبن.