شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی دەکات

شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی دەکات

شاندەکەی دەم پارتی پێشتر لەگەڵ ئەردۆغان کۆببوەوە و هەردولا جەختیان لە پێویستیی بەردەوامیدان بە پرۆسەی ئاشتی کردبۆوە.

ئەمڕۆ شاندی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان دەکات و دوایین دیداری شاندەکە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە  17ـی کانوونی دووەم بوو.

ڕۆژی یەکشەممە، 15/2/2026، سەرچاوە میدیاییەکانی نزیک لە دەم پارتی ئاشکرایان کرد، کە ڕۆژی دووشەممە (16ی شوبات)، شاندی دانوستانکاری پارتەکە کە پێکهاتوون لە (پەروین بوڵدان، میتحەد سانجار و ئوزگور فایەق)، دیدارێک لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام دەدەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمە دەبێتە یەکەمین سەردانی شاندەکە لە دوای نزیکەی مانگێک، کە دواین دیدار لە ڕێکەوتی 17ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو بوو.

سەردانەکەی ئەمڕۆ لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، 12ی شوباتی 2026، شاندی ئیمراڵیی سەر بە دەم پارتی، ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان بڵاوکردەوە سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە دیدارەکە لە کەشێکی “گرنگ”دا بەڕێوەچووە و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەردەوامیدان بە پرۆسەی ئاشتی و گەڕان بەدوای چارەسەری دیموکراتیکدا.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیاندا، شاندی دەم پارتی جەختیان کردەوە کە بۆ بونیادنانی متمانە و نانی هەنگاوی کۆنکرێتی، پێویستە کارەکانی پەرلەمانی تورکیا چڕتر بکرێنەوە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوەکانی حکومەت ڕۆڵی کارا بگێڕن.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی میکانیزمە یاساییەکان؛ لەم ڕووەوە شاندەکە جەختی لەسەر گرنگیی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی “لیژنەی نیشتمانی بۆ هاوکاری، برایەتی و دیموکراسی” کردووەتەوە، وەک نەخشەڕێگایەک بۆ قۆناغی داهاتوو.

Share