لێدوانی نوێی باخچەلی سەبارەت بە ئۆجەلان و دەمیرتاش

باخچەلی: “ئێمە بۆچوونی خۆمان ڕاگەیاند، ئەوەی دواتری ئیدی کاری حکومەتە”.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە، لێدوانێکی نوێی سەبارەت بەو قسانەی بڵاو کردەوە کە ڕۆژی ڕابردوو دەربارەی ئۆجەلان، دەمیرتاش، ئەحمەد تورک و ئەحمەد عوزێر لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پارلمانی تورکیا کردبوونی. باخچەلی لە لێدوانە نوێیەکەیدا دەڵێ: “ئێمە بۆچوونی خۆمان ڕاگەیاند، ئەوەی دواتر ئیدی کاری حکومەتە”.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە، ڕۆژی سێشەممە 3/2/2026، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی حزبەکەیدا لە پارلمانی تورکیا، پرسی “مافی هیوا” بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و گەڕانەوە سەرکاری بۆ ئەحمەد تورک و ئەحمەد عوزێر هێنابووە ئاراوە.
باخچەلی لە کۆتایی وتارەکەیدا بۆ فراکسیۆنی پارتەکەی لە پارلمانی تورکیادا گوتبووی:
”بۆ ئەوەی ئەنادۆڵ ئارام بێت، بڕیاری ئێمە زۆر روونە، ئۆجەلان مافی هیوای پێ بدرێت، دەمیرتاش بگەڕێتەوە ناو ماڵی خۆی و ئەحمەدیش بچێتەوە سەر كاری خۆی“.
دوای ئەوەی ئەم لێدوانانە بوون بە ڕۆژەڤ، باخچەلی وتووێژێکی لەگەڵ ڕۆژنامەنووس موراد یەتکین ئەنجامدا.
موراد یەتکین پرسیاری لە باخچەلی کرد کە بۆچی ئەو داواکاریانەی کە پێشتر بە جیا جیا دەردەبڕدران، لە ئێستادا پێکەوە دەهێندرێنە بەرباس؟ ئایا ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەم بانگەوازە هەیە؟
دەوڵەت باخچەلی بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە:
“نەخێر، پەیوەندیی بە سووریاوە نییە، ئێمە پێشتریش باسمان کردووە. ئێمە ئاشتیمان بۆ ئەنادۆڵ دەوێت، ئەم هەنگاوانە بە باش دەزانین”.
ئاکەپە چی دەڵێت؟
موراد یەتکین هەروەها پرسیاری لە باخچەلی کرد کە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) چۆن وەڵامی بانگەوازی “مافی هیوا” بۆ ئۆجەلان و بانگەوازی ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەداتەوە.
باخچەلی هەروەها لەسەر ئەم پرسیارە وتی: “ئێمە بۆچوونی خۆمان دەربڕیوە، پێمان وایە ئەمانە سوودبەخش دەبن، ئەوەی لەپشتی ئەم کارەوەیە و دوای ئەمە ڕوودەدات لە دەسەڵاتی حکومەتدایە.”