ئۆجەلان کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی چەکدانان و دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پێڤاژۆ ڕادەگەیەنێت

ئۆجەلان کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی چەکدانان و دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پێڤاژۆ ڕادەگەیەنێت

ئۆجەلان: ئێستا چووینەتە قۆناغی دووەم، کە قۆناغی “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک”ـە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پەکەکەی هەڵوەشاوە، کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە و خەباتی چەکدارانە و دەستپێکی قۆناغی تێکەڵبوونی دیموکراتیک “ئەنتەگراسیۆن” و گفتوگۆی ڕێگاکانی داهاتووی ڕادەگەیەنێت.

شاندی ئیمرالی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەکەی دوێنێ، پەیامێکی نوێی لە ئۆجەلانەوە بڵاوکردەوە کە تێیدا ئۆجەلان دەڵێت: قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە کە لەسەر بنەمای دانانی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە بوو، کۆتایی هاتووە و لە ئێستادا قۆناغی “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک” دەستیپێکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، میدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، سەبارەت بەو دیدارەی کە ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ ئۆجەلان بەڕێوەچوو، بۆ میدیاکان قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ئۆجەلان ئەو کۆبوونەوەیەی بە “کۆبوونەوەیەک بۆ دەستپێکردنی ئەنتەگراسیۆن” ناو بردووە.

سانجار ئاماژەی بەوەشدا کە ئۆجەلان هەڵسەنگاندنی بۆ 16 مانگی کۆتایی پڕۆسەکەدا کردووە و وتوویەتی: “قۆناغی یەکەم کۆتایی هاتووە، کە پەیوەندی بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و خەباتی چەکدارییەوە هەبوو، بنەمای ئەم قۆناغەش هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و چەکدانان بوو، ئەم بڕیارەش بۆ من ستراتیژیکە”.

ئۆجەلان هەروەها دەستنیشانی کردووە کە ئێستا چوونەتە قۆناغی دووەم، کە تیایدا سەرنجی لەسەر “دوای ئەنتەگراسیۆن” و تاوتوێ کردن و نیقاش کردن لەسەر ئەو ڕێگایانەی کە دەبێ لەمەودوا بگیرێنەبەر.

Share