بە فەرمانی سەبری ئۆک و بەسێ هۆزات، کۆبوونەوەی گشتی مەزڵووم عەبدی هەڵوەشایەوە

بە فەرمانی سەبری ئۆک و بەسێ هۆزات، کۆبوونەوەی گشتی مەزڵووم عەبدی هەڵوەشایەوە

پەکەکە: “زۆر لایەن دەیانهەوێت کەسێکی دیکە بۆ جێگرتنەوەی ڕێبەر ئاپۆ دەستنیشان بکەن و کۆبوونەوە گشتییەکانی مەزڵووم عەبدی دەتوانێ ببێتە هۆکاری ئەوەی کە ئەو وەکوو ئاڵترناتیڤێک بۆ ڕێبەرێتی [ئۆجەلان] بەرجەستە بکرێت”.

مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاند ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیار بوو لەگەڵ کوردانی ئەڵمانیادا ئەنجامی بدات، “بە هەندێ هۆکاری بەدەر لە دەسەڵاتی ئەو”، هەڵوەشاوەتەوە.

مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا لەگەڵ شاندێکی سووریا سەردانی وڵاتی ئەڵمانیای کردووە. عەبدی کە چاوەڕوان دەکرا چەند ڕۆژێکی دیکەش لە ئەڵمانیا بمێنێتەوە، بڕیار بوو لەگەڵ کوردەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتەدا کۆببێتەوە. بەڵام عەبدی هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاند. عەبدی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “گەلی هێژای ئێمە لە ئەوروپا بڕیار بوو ئەمڕۆ لەگەڵتان کۆببمەوە و من خۆشم بۆ ئەو دیدارە ئامادە کردبوو، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار کە لەدەرەوەی کۆنترۆڵی ئێمە بوو، نەمانتوانی ئەو کارە بکەین، من لەوبارەوە داوای لێبوردن دەکەم”.

مەزڵووم عەبدی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر “ئەو هۆکارانەی کە لەدەرەوەی کۆنترۆڵی ئەودا بوون”، نەداوە و وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکرد.

سەرچاوەکانی پێگەی “دارکا مازی” لە ئەوروپا لەو پەیوەندییەدا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە فەرمانی “بەڕیوەنەچوونی کۆبوونەوەکە” لە قەندیل و ئیمرالیەوە هاتووە. سەرچاوە نزیکەکانی پەکەکە لە ئەوروپا ئاشکرایان کردووە کە بەسێ هۆزات و سەبری ئۆک، ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەریی پەکەکەی هەڵوەشاوە، فەرمانێکی نووسراویان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە فەرەنسا کردووە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لە ناوەڕۆکی فەرمانەکەدا هاتووە کە: “دەزانین زۆرێک لە هێزەکان دەیانهەوێت کەسێکی دیکە بۆ جێگرتنەوەی ڕێبەر ئاپۆ دەستنیشان بکەن و کۆبوونەوە گشتییەکانی مەزڵووم عەبدی دەتوانێ هەڵمەتی دژ بە ڕیبەرێتی ئێمە زیاتر بکات و ببێتە هۆکاری ئەوەی کە ئەو وەکوو ئاڵترناتیڤێک بۆ ڕێبەرێتی [ئۆجەلان] بەرجەستە بکرێت. هەم کۆمیتەی ڕاگەیاندن و بڵاوکراوەکان و هەمیش بەڕێوەبەرایەتی ئێمە دەبێ وشیار بن کە لەم قۆناخەدا کەسایەتییەکی سیاسی لەوشێوەیە نەخوڵقێنن. هەر بۆیە گونجاو نییە هەڤاڵ شاهین لەگەڵ ڕای گشتیدا کۆبوونەوە ئەنجام بدات. وەکوو دیکە پێویستە میدیاکان کۆبوونەوەکەی میونشێن و ئەو هەڤاڵانەی کە بە ناوی ڕۆژئاڤاوە بەشدارییان تێدا کردووە، زۆر بەرجەستە نەکەنەوە.لەسەر ئەو بابەتە دەبێ کۆمیتەی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە پەرسپێکتیڤێکی نوێ بڵاو بکاتەوە”.

دەگوترێ سەبری ئۆک و بەسێ هۆزات دوای پەیامەکەی 27ی شوباتی ئۆجەلان ڕۆیشتۆتە  ئیمرالی و لەوێ وەک سکرتێری ئۆجەلان کار دەکات. بەگوێرەی زانیارییەکان، سەبری ئۆک و هۆزات هەم تەعلیماتەکانی ئیمرالی بە پەکەکەی هەڵوەشاوە دەگەیەنن و هەم پێڤاژۆی سیاسیش بەڕێوە دەبەن. بۆیە ڕوانگەی زاڵ ئەوەیە کە هەڵوێستێکی لەو شێوەیە لە دژی مەزڵووم عەبدی لە ئەنجامی سیاسەتی “ڕێگریکردن لە ئەڵتەرناتیڤ سازکردن بۆ ئۆجالان” گیراوەتەبەر.

Share