بە درۆن هێرش کرایە سەر گوندێکی دەڤەری سلێمانی؛ قوربانی هەیە

“لە ئەنجامی هێرشەکاندا کەسێک گیانی لە دەست داوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون”.
زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کرانە سەر گوندی زڕگوێزەڵە لە پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە چەند کەسێک بوونە قوربانی.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە کاتژمێر 07:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەوە، 11ـی ئاداری 2026، زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) کراونەتە سەر گوندی زڕگوێزەڵە لە ناوچەی زڕگوێزی پارێزگای سلێمانی.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بڵاوکراونەتەوە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا کەسێک گیانی لە دەست داوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە کە بەشێکی درۆنەکان ناوەندی گوندەکە و هەندێکی دیکەشیان شاخەکانی دەوروبەریان کردووەنەتە ئامانج و زیانی زۆری ماددی بەر ماڵ و موڵکی دانیشتووان کەوتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردووشدا، گوندەکە چەند جارێک بە درۆن هێرشی کراوەتە سەر.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران؛ رۆژانە گرووپە چەکدارەکان بە درۆن و مووشەک ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج و و بەوهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بوونەتە قوربانی.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان چەند جارێک داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە، سەروەری وڵاتەکەی بپارێزێت، سنوورێک بۆ هێرشەکان دابنێت و تاوانباران دەستگیر بکات، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی بەغدا هیچ هەنگاوێکی کردەییان بۆ راگرتنی پەلامارادانەکان نەناوە.