دوران کاڵکان: ئاسایشی تورکیا لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە گەرەنتی دەکرێت!

دوران کاڵکان: ئاسایشی تورکیا لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە گەرەنتی دەکرێت!

کاڵکان: “سەرەڕای ڕۆڵی بەرچاوی ئۆجەلان لە پاراستنی تورکیا، کەچی هێشتا کەسانێک لە ناو تورکیادا هەن کە ڕەخنەی لێدەگرن”.

دوران کاڵکان یەکێک لە سەرکردەکانی پەکەکە، بەشداریی لە پرۆگرامێکی “مێدیا هابەر”دا کرد و چەند لێدوانێکی گرنگی دا. کاڵکان هەڵسەنگاندنەکانی خۆی بۆ ڕووداوەکانی ڕۆژ خستەڕوو.

کاڵکان کە یەکێکە لە ئەندامانی دامەزرێنەری پەکەکە، لە وتارەکەیدا وەک ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان، باسی لە ئۆجەلان کرد.

دوای ئەو پرۆسەیەی کە لەلایەن ئۆجەلانەوە دەستیپێکردووە و دوای هەڵوەشانەوەی پەکەکە، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ناوەڕۆک و شێوازی دەرکەوتنی بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکاندا ڕوویداوە. ئێستا لەبری شرۆڤەی سیاسی زیاتر سەرنجیان لەسەر ستایشکردنی ڕۆڵی ئۆجەلان و هەڵسەنگاندنەکانیەتی.

کاڵکان لە وتارەکەیدا درێژەی بەم ڕێبازە دا و بە درێژایی قسەکانی داوای لە تورکیا کرد و بە نەرمی ستایشی باخچەلی کرد و بە جۆرێک هەڕەشەی لەو کەسانەش کرد کە ڕەخنە لە ئۆجەلان دەگرن. کاڵکان هاوکات داوای لە دەوڵەتی تورکیا کرد هەڵوێستێکی لە دژی ئەو کەسانە هەبێت کە ڕەخنە لە ئۆجەلان دەگرن.

کالکان هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران کرد و ڕایگەیاند کە هەرچەندە ئەوان “دژی شەڕن”، بەڵام بە نەرمی بەرگرییان لە ئێران کردووە و باسیان لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران کردووەتەوە.

لە وتارەکەیدا هەڕەشەی لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە ڕەخنە لە ئۆجەلان دەگرن و ڕایگەیاند کە ئەو پرۆسەیەی ئۆجەلان دەستیپێکردووە، تورکیا لەسەر پێی خۆی دەهێڵێتەوە.

ئەو خاڵە سەرەکیانەی لە لێدوانەکەی کالکاندا هاتووە بەم شێوەیە بوون.

کاڵکان: ئەو پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە، ئاسایشی تورکیا مسۆگەر دەکات

کاڵکان لە وتارەکەیدا باسی لە ناکۆکییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناڤین کرد و ڕایگەیاند کە ئۆجەلان تورکیا لە ئاڵۆزی و ململانێیەکان دەپارێزێت و بە یەکگرتوویی و لەسەر پێی خۆی دەیهێڵێتەوە.

کاڵکان گوتی، تورکیا بە مووشەکەکانی ناتۆ ناپارێزرێت، بەڵکوو بە سەرۆک ئۆجەلان دەپارێزرێت و وتی: “پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئاسایشی تورکیا پێکدێنێت. ڕێبەر ئاپۆ ئەم سەقامگیرییە پێکدێنێت. تا ڕادەیەک ئەم ڕاستییە ڕوون بووەتەوە، کە هاوکات گەورەی، جددییەت و نزیکبوونەوەی مەترسییەکانیش لە ئارادایە و هەموو کەسێک لە تورکیادا دان بەم ڕاستییەدا دەنێت. دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە بەرچاوە، هەندێک نموونەش لە تورکیادا دەرکەوتووە، بەڵام بەراورد بە ژینگەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، ئارامە و لە دۆخی سەقامگیریدایە. پرسیارەکە ئەوەیە ئەم سەقامگیرییە لە سایەیی چییەوەیە؟ بێگومان لە سایەیی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆوەیە”.

دووران کاڵکان داوا لە دەولەتی تورک دەکات کە ئۆجەلان بپارێزێت

کاڵکان لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند، سەرەڕای ڕۆڵی بەرچاوی ئۆجەلان لە پاراستنی تورکیادا، هێشتا کەسانێک لە ناو تورکیادا هەن کە ڕەخنەی لێدەگرن و گوتی: “هەندێک کەس هێشتا سووکایەتی بە ئۆجەلان دەکەن، ڕەخنە لە پرۆسەکە دەگرن. ئەمە بەڕاستی بێزارمان دەکات. مرۆڤ دەتوانێ بڵێت کە ئەو کەسانە نەزانن یان تێناگەن”.

کاڵکان داوایەکی ئاراستەی ئاکەپە و مەهەپە کرد و داوای لێکردن شەڕی ئەو کەسانە بکەن کە ڕەخنە لە ئۆجەلان دەگرن.

کاڵکان ڕایگەیاند:  “تێکۆشانێکی کەم لە دژی ئەو کەسانە هەیە، نموونەیەک، بەشێک لەمانە بە تایبەت ئەوانەی لە ناو دەسەڵاتدان، کاتێک ڕووداوێک کاریگەری لەسەر تورکیا دادەنێت، قیامەت هەڵدەسێنن و لێکدانەوەی قووڵ دەکەن و چارەسەری دەخەنەڕوو، بەڵام لە ئاست  ئەو سوکایەتیانەی کە بەکەسێک [ڕێبەر ئاپۆ] دەکرێت، لە بێدەنگیدان. ئەم بێدەنگییەیان هیوا دەداتە کەسانی نەژادپەرست و فاشیست”.

کاڵکان: بۆ پاراستنی تورکیا دەبێت ئۆجەلان ئازاد بکرێت

کاڵکان چەند لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی سەبارەت بە پرسی کورد دا. ناوبراو ئەو کردەوانەی دەوڵەتی تورک کەوا ساڵانێکە لە دژی کورد ئەنجامیان دەدات، نەک بە کۆلۆنیالیزم یان پێشێلکردنی مافەکان، بەڵکوو زۆر بە سادەیی تەنها وەک “هەڵە” وەسفی کرد.

کاڵکان بەشێکی بەرچاوی وتارەکەی بۆ داوای ئازادکردنی ئۆجەلان تەرخانکرد و وتی “بەڕاستی دەبێت هەنگاوی بەبڕیار بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادی بژیت و کاربکات. ئایندەی تورکیا، ئاسایشەکەی و هەموو شتێک پەیوەستە بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە پەرەی پێداوە. ئەگەر هەلومەرجی ئۆجەلان باشتر بێت، ئەوا دەتوانێت باشتر خزمەتی دەوڵەتی تورکیا بکات”.

کاڵکان: دەبێت هەلومەرجی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە بۆ بڕەخسێت

کاڵکان هەروەها مەرجەکانی دابەزینی گەریلا لە شاخەکانیش شرۆڤە کرد. دیارە دەستنیشانی نەکرد کە ئەوان چییان دەوێت، بەڵکوو بە گشتی ئاماژەی بە “یاساکانی ئازادی” کرد و وتی: “دەبێت یاساکانی ئازادی دابنرێن. دەبێت چوارچێوەیەکی یاسایی دابمەرزێت؛ ئێمە ئامادەین. بەڵام ئێمە ئامادە نین بەبێ ئەوەی کە چوارچێوەیەکی یاسایی هەبێت، بڵێین وەرن خۆتان ئینتیحار بکەن”.

کاڵکان: پێویستە لە ئێراندا، تورکیا دەمڕاستی کوردان بێت

بەشێکی دیکەی وتارەکەی کالکان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی سەر ئێران بوو. کاڵکان ڕایگەیاند کە دژی شەڕی ئێرانە و گوتی: “ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە لەناوبردنی سەروەری ئێران و تورکیایە”. کاڵکان هاوکات پرسیاری کرد، “ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا سەرکەوتن بەدەست بهێنن چی بەدەست دەهێنن؟”

کاڵکان هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە ئێراندا هیچ کێشەیەک لە نێوان کورد و ئازەریدا نییە و وتی: “ئێران دەبێت لە ڕێگای دیموکراسییەوە بەرەو چارەسەریی هەنگاو بنێت. هەر بەم هۆیەشەوە هێزە ئازادیخوازە دیموکراتیکەکان، هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە هاوپەیمانییەکدان. پێشنیاری ئێمە بۆ ئەوان دەتوانێت ئەمە بێت کە خۆیان لە نزیکایەتی ڕوانگەی نەتەوەپەرەستی دەوڵەت-نەتەوە بەدوور بگرێت. دەبێت خۆیان لە سەپاندنی هەڵوێستی خۆیان بە لایەک بەدوور بگرن. دەبێت هەڵوێستیان لە لای گەل بێت. پێکەوە بەرەو دیموکراسی هەنگاو بنێن”.

کاڵکان هەروەها گوتی دەبێ تورکیا لە ئێراندا پارێزڤان و دەمڕاستی کوردان بێت. ناوبراو دەستینشانیشی کرد کە کورد بەدوای هیچی دیکەدا ناگەڕێت و وتی: “کورد لە ئێران خراپکاری ناکەن”.

Share