شانۆگەریی نوێی مەدداحی دوران کاڵکان: ڕازاندنەوەی دوایین ڕێککەوتنی نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک

شانۆگەریی نوێی مەدداحی دوران کاڵکان: ڕازاندنەوەی دوایین ڕێککەوتنی نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک

گەلی کورد هەتا زیاتر لە پەکەکە – پژاک دوور بکەوێتەوە، بەو ڕادەیە زیاتر لە ڕێگای ڕاست و ڕزگاریدەر نزیک دەبێتەوە.

چاوپێکەوتنێکی دوران کاڵکان، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، لەگەڵ “مێدیا هابەر”، کەناڵی هەواڵی پەکەکە لە ئەوروپا، لە 11ی ئازاردا بڵاوکرایەوە.

بەهۆی پرسە گرینگەکانی وەک شەڕ لەگەڵ ئێران، هەمووان کنجکاو بوون بزانن کە چاوپێکەوتنەکە چی تێدا هەبوو. بەڵام دوای ئەوەی ئۆجەلان لە ساڵی 2026دا ئەکتیڤ بوو، ئیدی لێدوانی سەرکردەکانی پەکەکە وەک بایک و کاڵکان زۆرتر بێمانا بوون. چونکە ئەوان تەنها قسەکانی ئۆجەلان شرۆڤە دەکەن و لە ڕاستیدا تەنها مەدداحی دەکەن.

مەدداحێ لە ڕاستیدا نەریتێکی شانۆیی تورکییە. شانۆگەرییەکی تاک کەسییە، کە بەزۆری لاساییکردنەوە یان حیکایەتبێژییە. کاڵکان حیکایەتی 50 ساڵەی پەکەکە دەگێڕێتەوە و هەوڵ دەدات نیقاشەکان لەسەر “ئێران ـ پژاک” لە چوارچێوەی ئەو حیکایەتدا بگێڕێتەوە کە لەنێوان پەکەکە ـ ئیمرالی ـ دەوڵەتی تورکدا دەخولێتەوە.

ئێمە زانیاریمان هەیە کە ئۆجەلان روخسەتی لە دەوڵەتی تورک خواستووە و پێشنیاری کردووە کە “دەتوانین لە ڕێگەی پژاکەوە کاریگەریی تورکیا لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاد بکەین”.

ئۆجەلان بە ئاشکرا داوای کردووە کە تورکیا پشتیوانی لە پەژاک بکات و پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەربگرێت و کەمپیان بۆ دابمەزرێنێت و پژاک و ئازەرییەکان یەکبخات. ئۆجەلان بە دەوڵەتی وتووە: “سیاسەتی پەنابەرانی عەرەبی کە لە سووریا بەکاریان هێنا، بۆ ئێرانیشی جێبەجێ بکات. بەڵام ئەوەی فەرەنسا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) کردوویەتی، بیکەن. بەم شێوەیە دەتوانین ڕێگری لە سیاسەتی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی سنوورەکان و دامەزراندنی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین”.

لێرەدا ناچینە ناو وردەکارییەکان، بەڵام لە ئەنجامدا دەوڵەتی تورکیا، بۆ ئێستا، لەبری پێشنیارەکەی ئۆجەلان، سیاسەتێکی جیاوازی گرتۆتەبەر. تورکیا داوای لە ئۆجەلان کرد کە “ڕێگری لە پەیوەندیی کورد لەگەڵ زلهێزەکانی دیکەدا بکات و ئامۆژگارییان بکا تا خۆیان لە ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران بەدوور بگرن و هەروەها لەسەر ئەو پێشنیارانە لەلا دروست بکات کە لەلایەن زلهێزە بیانییەکانەوە پێیان دەکرێت”. (هەندێک لێمان دەپرسن “چۆن دەزانن ئەمەی وتووە؟” هاوڕێیان، سەیر بکەن، لەماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا پێگەی “دارکا مازی” ئەوەی نووسیویەتی و گوتوویەتی قەد هەڵە و ناڕاست نەبوون).

قسەکانی دوران کاڵکان ڕازاندنەوەی ئایدیۆلۆژی و مرۆڤدۆستانەیە بە گەمەیەکی مەدداحی

لەبەرچاو بگرن کە کاڵکان، یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری پەکەکە، کردەوەکانی دەوڵەتی تورک دژی کورد بە کۆلۆنیالیست یان ئینکاریگەر ناو نابات؛ بەڵکوو کردەوەکانی دەوڵەتی تورک تەنها بە “هەڵە” ناودەبات. کاڵکان دەڵێ: “نابێ شەڕ ڕووبدات، چوونکە بەهۆیەوە خەڵک دەمرن”. کاڵکان خۆی وەکوو کەسێکی وەها مرۆڤدۆست پیشان دەدات، بەڵام ئەدی بۆچی لە ساڵی 2015دا خەندەقتان لە جزیرێ و سوور و نوسەیبێن هەڵکەند و ماڵی خەڵکتان کاول کرد و 5 هەزار گەنجی کوردتان بە کوشتن دا؟ هەموو لێدوانە ئینسانی و سۆسیالیستی و ئایدیالیستەکانی کاڵکان ئامانجیان سەپاندنی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکە بەسەر کوردەکانی ڕۆژهەڵاتدا. تەنانەت بەبێ ئەوەی ئاگاداری لێدوانەکەی نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیش بن، لە قسەکانی کاڵکاندا ئیفادەی هەم ئاشکرا و هەم ناڕوون هەیە کە نیشانەی “خیانەت”ن.

بۆ نموونە کاڵکان لە وتارەکەیدا دەڵێت: “سەرۆک ئاپۆ ڕژێمی تورکیا لەسەرپێ دەهێڵێتەوە”. بۆچی تورکیا لە سەرپێ دەهێڵنەوە؟ ڕاستییەکە ئەوەیە؛ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوو پایەی سەرەکی سیستەمی کۆلۆنیالیزم هەیە کە کورد ئینکار دەکەن؛ ئەو دوو ستوونەش ئێران و تورکیان و ئەگەر یەکێکیان بڕووخێت، سیستەمی کۆلۆنیالیزم لە کوردستاندا دەڕووخێت. لەبەر ئەوەی کە ئەوان نەک هەر بەرگری لە سیستەمەکە دەکەن، بەڵکوو ئەوان ئەو سیستەمە بەرهەم دەهێنن. هەر بۆیەش ئۆجەلانیش بووەتە پایەیەکی سیستەمی کۆلۆنیالیست.

لە ڕاستیدا کاڵکان بانگەوازی ئەوە دەکات کە کورد کۆلۆنیالیزمی ئێران دەپارێزێت

دوران کاڵکان دژایەتی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکات کە ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ئەنجامی دەدەن و دەڵێت “ئەگەر سەرکەوتووبن چی ڕوودەدات؟” تەنانەت دەڵێت: “ئەم شەڕە 10 ڕۆژ یان 11 ڕۆژ لەمەوبەر دەستی پێنەکردووە، بەڵکوو شەڕێکە کەوا 36 ساڵە بەردەوامە، با واقیعبین بین، ئێمە زۆر باش دەزانین لە کوێ و کەی دەستی پێکردووە، ئەمریکا لە ئێستادا هێرش دەکاتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پاییزی ساڵی 1990دا لە ماوەی یەک مانگدا 150 هەزار سەربازیان ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. لە سەرانسەری کەنداو، لە سعودیاوە گە تا کوێت س یگیر کرد. هەموو فڕۆکە و کەشتیەکانیان هێنا و شەڕیکی 36 ساڵەیە. ئەو هێزانەی کە ئەم شەڕە بەڕێوەدەبەن، ئەو هێزانەن کە ئێمە پێی دەڵێین سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی جیهانی”.

ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە کاڵکان ئاماژەی پێدەکات، کە بە وتەی ئەو ئەمریکا 36 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە، دەستێوەردانەکەی ساڵی 990ـە لە دژی ڕژێمی سەددام لە عێراق. و لەڕاستیدا ئەو دەستێوەردانە رزێکی لە پەیمانی لۆزاندا پێکهێنا و کورد هاتە  شانۆی سیاسەت. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی سەدام، کورد سەروەری خۆی دامەزراند و لە سایەی خەباتی سەدە ساڵەی پێشمەرگە لە باشوور، کورد بۆ یەکەمجار لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بوو بە خاوەن ستاتۆیەکی ئیداری-سیاسی-نەتەوەیی و دادوەری.

بۆیە کاڵکان نەک هەر دەڵێت “نابێ ئێران بکەوێت”، بەڵکوو دەشڵێت “خۆزگە سەدامیش نەکەوتبا”. کاڵکان ڕووخانی سەدام بە شتێکی خراپ دەزانێت. ئەگەر سەدام نەکەوتبایە هەڵەبجەی زیاتر ڕووی دەدا. ئەگەر سەدام نەکەوتبایە حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست نەدەبوو، کە هەموو کوردێک کاتێک تووشی کێشە دەبێت ڕوو لە سەرۆک بارزانی دەکات.

کاڵکان دەڵێ ئەگەر ئەمریکا سەربکەوێت چی ڕوودەدات؟” بۆ ئێمەی کورد شتی باشتر ڕوودەدات. دەوڵەتێکی داگیرکەر ـ کۆلۆنیالیست دەڕووخێت و ئێمەی کورد دەرفەتی ئەوەمان دەبێت کە لەسەر خاکی خۆمان سەروەری خۆمان بچەسپێنین.

بەڵام کاڵکان دەیەوێت کورد بە ناوی دژایەتیکردنی “سیستەمی مۆدێرنیتە سەرمایەداری”ـەوە بەرگری لە سیستەمە “داگیرکەر ـ کۆلۆنیالیست”ـەکان بکات. ئەو دەوڵەتە کۆلۆنیالیستانە لەلایەن ئەو سیستەمەوە دامەزراون. بە پێچەوانەوە لەناوبردنی کۆلۆنیالیستەکان گورزێکە لە سیستەمی سەرمایەداری. کورد کێشەی لەگەڵ “ئیمپریالیستەکان” نییە، کورد کێشەی لەگەڵ داگیرکەران و کۆلۆنیالیستەکاندا هەیە.

کاڵکان هەروەها ئامۆژگاری کوردانی ڕۆژهەڵات دەکات و دەڵێت، “پێشنیارمان بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە لە ڕێبازی دەوڵەتی نەتەوەیی و نەتەوەپەروەری دوربکەونەوە”. لە ڕاستیدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئاخاوتنی باخچەلی و کاڵکاندا نییە. ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئەگەر سەرنج بدەن، باخچەلی ئێستا پشتگیری ئۆجەلان دەکات و دوران کاڵکان هەم پشتگیری لە ئۆجەلان دکات و هەم لە باخچەلی. هەموویان یەکیان گرتووە بۆ ئەوەی کورد سوود لە گۆڕانکارییەکانی ئێران وەرنەگرێت و هەر دوژمنێکی کورد لای خۆیەوە ئامۆژگاری کورد دەکات.

باخچەلی دەڵێت: “نابێ کورد ببێتە سەربازی کەس”. ئۆجەلان دەڵێ “چارەسەرێک بە ڕێی دەوڵەتی نەتەوەیی مەترسیدارە”. کاڵکان دەڵێ: “لە دەوڵەتی نەتەوەیی دوور بکەونەوە”. هەموو ئەم قسانە دەبێتە هۆی هەمان ئەنجام. هەموویان پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی کە سیستەمی کۆلۆنیالیزم بپارێزن و ڕێگری لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن. ئۆجەلان ـ باخچەلی ـ پەکەکە، لەژێر ناوی “پڕۆژەی برایەتی” و “چارەسەری ڕێگای سێهەم”، دەیانەوێت کورد لەم دەرفەتە زێڕینەی کە لە ڕۆژهەڵاتدا دێتەئاراوە، سوودمەند نەبن.

ئەو ڕاستییەی کە لە ژێر دوایین مەدداحی کاڵکاندا خۆی حەشارداوە، هەموو ئەوانەن کە لە سەرەوە باسمان کرد. کورد دەبێ ئێستا گەمەی شاراوەی پەکەکە و ڕۆڵی ئەو حیزبە وەک پشتیوانییەک بۆ سیستەمی داگیرکەر ـ کۆلۆنیالیستی ببینێت. ئەگەر ئەمە نەبینرێت و ئەگەر هیوای تەنانەت بچووکیش لەسەر پەکەکە دابنرێت، نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتی زێڕین لەدەست دەدات و تووشی شکستێکی گەورە دەبێت. گەلی کورد هەتا زیاتر لە پەکەکە – پژاک دوور بکەوێتەوە، بەو ڕادەیە زیاتر لە ڕێگای ڕاست و ڕزگاریدەر نزیک دەبێتەوە.

Share