چ جۆرە یەکێتی و یەکڕیزییەک و لەگەڵ کێ؟؟؟

چ جۆرە یەکێتی و یەکڕیزییەک و لەگەڵ کێ؟؟؟

بە عەقڵێکی ڕوون و باوەڕێکی پتەو و نەتەوەییەوە دەتوانین یەکڕیزی و یەکیەتیی نەتەوەییمان بنیات بنێین بۆ ئەوەی کە ئیدی دۆست و دوژمن حسابمان بۆ بکەن.

✍️ بووبێ ئەسەر

کاتێک کۆمپیوتەرێک کارناکات یان بە هێواشی کاردەکات، هارد دیسکەکەی پڕ بووە، پێویستی بە فۆرماتکردن و بارکردنی بەرنامەی نوێ هەیە بۆ ئەوەی بە باشی کاربکات.

بۆیە دەڵێم: لە باکووری کوردستانیش سیاسەت چەقبەستوو بووە. نە بەرەیەکی کوردستانی و نەتەوەیی دادەمەزرێت و نە ڕێکخراوەکانیشی یەکدەگرن کە هەرکامەیان تەنها چەند کەسێکیان لەگەڵدایە.

ئەمەش پێمان دەڵێت کە “ب ڤێ قووشێ ئەم دێ نەگھێژن مووشێ”. بۆیە سیاسەتی باکووری کوردستان پێویستی بە فۆرماتێکی نوێ هەیە. ئەو فۆرمەتە دەبێت داب و نەریتی ساڵانی 1970 وەلا بنێت. فۆرماتێک، واتە نۆژەنکردنەوەیەک بە مێشکێکی نوێ پێویستە کە لەگەڵ ئەم سەردەمە مۆدێرنەی کوردستاندا بگونجێت.

هۆکاری فۆرماتەکان ئەوەیە کە کۆمپیوتەرێک لە بەرنامە کۆنەکان ڕزگار بکرێ و پرۆگرامی نوێ دابەزێنرێت بۆ ئەوەی بتوانێ بەبێ هیچ کەموکووڕیەک کار بکات.

سیاسەتی باکووری کوردستانیش بەم شێوەیە. لەگەڵ ئەو بەساڵاچوان و سیاسەتمەدارانەی کە تا ئێستاش بە مێشکی ساڵانی 1970 و بەشێوەی ئیدئۆلۆژیک بیر دەکەنەوە، سیاسەتێکی مۆدێرنی لە باکووری کوردستان ناتوانێ بەرەوپێش بچێت. هەنگاوی باش نراوە بۆ بەردەوامبوون. بەڵام بەداخەوە ئەو هەنگاوە بەنرخانە لە کەسانێکەوە دێت کە تا ئێستاش بە پێی ڕێکخستنی حەفتاکان مامەڵە دەکەن و بلۆک کراون.

زۆرێک لەو سیاسەتمەدارانە خراپ نین. بەڵام ناتوانن لەگەڵ سەردەمدا بیربکەنەوە و خۆیان بگۆڕن. ناتوانن گوێ لە گەنجانی لە خۆیان زاناتر بگرن و تەحەمولیان بکەن. ناتوانن ژنان لەناو حیزبەکەیاندا چالاک بکەن. چونکە مێشکیان هێشتا فیۆدالییە.

ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی بزووتنەوەکە لە باکووری کوردستانیش بلۆک کراوە و هەنگاوێکیش بۆ پێشەوە نەناوە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ میحوەرەکەیان لەدەست دەدەن، بەڵام هێشتا دۆڕانەکەیان بە سەرکەوتن ناودەبەن و بەو پێیە مامەڵە دەکەن.

ئەو سیاسەتمەدارانەی ساڵانی 1965 ـ 80 خراپ نین. نەک ئەوەی نەیانەوێت وڵاتەکەیان ئازاد بکەن. نەک ئەوەی دڵسۆزی وڵاتەکەیان نەبن. بەڵام عەقڵ و شێوازی بیرکردنەوەیان نەگۆڕاوە. تەنانەت زۆربەی سەرۆک و بەڕێوەبەرانی حیزبەکانی کوردستانیش لەو جوامێرانەن کە بەو عەقڵ و بیر و ڕامانی کۆنەوە ناتوانن ئەرکی خۆیان بۆ نوێبوونەوە بەباشی جێبەجێ بکەن.

زۆربەیان باجێکی زۆریان داوە. بەرخۆدانی شایستەیان کردووە، لەلایەن داگیرکەرانەوە زیندانی کراون. بەڵام بەداخەوە لەگەڵ بارودۆخی ئێستای جیهان و کوردستانی ئەمڕۆدا ناگونجێن. نە خۆیان دەگۆڕن، نە ئێمەش دەتوانین بیانگۆڕین.

بۆیە تاکە ڕێگا ئەوەیە گەنجانی شایستە سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لەم کەسانە وەربگرن تا بتوانن ببنە بزوێنەر. بەڵام بەها و کەرامەتی گەورەکانیان وەربگرن. لە ئەزمون و خەبات و تێکۆشانیان وانە وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن ئاستەنگەکانی بەردەم بزووتنەوەی باکووری کوردستان نەهێڵن.

تائێستا چەندین ئەزموونی بەنرخ و گەورەمان پێکەوە هەبووە. ئێمە بینیمان کە ساڵانێکە کار بۆ یەکڕیزی و پێکەوە کارکردن دەکرێت. بەڵام ئەو هەوڵ و تێکۆشانە، کاتێک لە شوێنێکدا گیردەخوات، دەوستێت و هەنگاوێک پێشناکەوێت. هۆکارەکەش ئەو سەرۆکە بەساڵاچووانەیە کە هەندێک پۆست و مەقام یان بەرپرسایەتیان بەدەستهێناوە.

مرۆڤ لە تەمەنی گەنجیدا تەنها بۆ ئازادی گەلەکەی خەبات دەکات و تێدەکۆشێت و بیر لە پۆست و کورسی ناکاتەوە. ویستی لەپێشینە تەنها ئازادی کوردستانە کە ئێمە دەتوانین دەستەبەری بکەین. بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی مرۆڤ، دۆخ و ڕۆڵەکەی دەگۆڕێت، ئیدی مرۆڤ دەیهەوێت ببێتە سەرۆک.

کاتێک ڕێبەرایەتی یان سەرۆکایەتییەک دەکەوێتە دەستی کەسێک، مرۆڤ وەکو بنێشت پێیەوەی دەلکێت و لێی نابێتەوە. نە دتوانێ گۆڕانکاری بکات و نە ڕێگاش دەدات کە جوولەیەک بکرێت. تەنانەت ئەگەر ئەوانەش دەیانهەوێت جوولەیەک بکەن، ئێمە خۆمان بە ئاشکرا یان بە نهێنی دژی ئەو/ئەوان دەوەستینەوە.

ئەگەر وا نەبێت. ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر باکووری کوردستان پێویستی بە یەکیەتی و یەکڕیزیی لەناو ماڵی خۆیدا هەیە. هەرچەندە هەوڵیش دەدرێت، لە کۆتاییدا هەندێک نیشانە دەدردەکەون کە تێکیدەدەن.

بە واتایەکی تر سیاسەت لە باکووری کوردستان وەک کەپرێکی منداڵانی لێهاتووە. کاتێک منداڵ بووین بۆخۆمان کەپرمان دروست دەکرد. هەر کە کەپرەکانمان تەواو دەکرد، چونکە نەدەگەیشتە سەر سەرمان، دەمانڕووخاند و دەستمان بە دروستکردنی کەپرێکی نوێ دەکرد.

لەبیرم نییە هیچ ئەرکێکمان بە سەرکەوتوویی تەواو کردبێت. بارودۆخی ئێستای سیاسەتی باکووری کوردستانیش هەر بەوشێوەیە. بۆ یەکێتی و یەکڕیزی خەڵک ساڵانێک کار و خەبات دەکرێت و مرۆڤ چاوەڕێی ئەوە دەکات بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنرێت، بەڵام هێندێک تێکی ​​دەدەن. دوای ئەوە دووبارە دەست بە هەوڵێکی نوێ بۆ یەکێتی و یەکڕیزی دەکرێتەوە، بەڵام ئیتر هیچ متمانەیەک نامێنێت.

باشە با واز لەم سیاسەتە بێنین کە ناتوانین یەکێتی و یەکڕیزییەکی باش پێکبهێنین، با هەر کەسێک یان هەر لایەنێک لەناو خۆیدا کار بۆ ئەمە بکات. ئەندامەکانی خۆی فێری کولتوری یەکگرتوویی و یەکیەتیی نەتەوەیی بکات.

پێویستە گەنجەکان هەوڵ بدەن سەرۆک و ڕێبەرە بەساڵاچووەکان لە سەرکردایەتی حزبەکان دوور بخەنەوە. پێویستە دەستپێشخەری بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە کە سەد ساڵە چارەسەر نەکراوە. لەگەڵ کادیرە بەساڵاچووەکان کە هەریەکەیان بەدەست چەند نەخۆشییەکەوە دەناڵێنن، کێشە و ئازاری نایەکگرتوویمان چارەسەر ناکرێ…

بە عەقڵێکی ڕوون و باوەڕێکی پتەو و نەتەوەییەوە دەتوانین یەکڕیزی و یەکیەتیی نەتەوەییمان بنیات بنێین بۆ ئەوەی کە ئیدی دۆست و دوژمن حسابمان بۆ بکەن.

Share