لە نێوان لۆژیکی شەڕ و گۆڕانی هەیکەلی ناوچەکەدا

ئایا شەڕەکە کورتخایەنە و کپ دەکرێت، یان سەرەتای قۆناغێکی نوێی شەڕێکی درێژخایەنی ئیقلیمی دەبێت؟
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز
شەڕی ئێستای ئەمریکا و ئێران تەنیا پێکدادانێکی بچووکی سەربازی یان چەند لێدانێکی سەرپێی بۆ ترساندنی یەکتر نییە.
ئەوەی ئەمڕۆکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات، لە ململانێیەکی سادەی دوولایەنە تێپەڕیوە وبەرە بەرە لە قۆناخێکی مێژوویی نزیک دەبێتەوە کە هاوسەنگی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە بەتەواوی دەگۆڕێت. گۆڕانکارییە خێراکان دەریدەخەن کە ناوچەکە لەسەر دووڕێیانێکی ڕاستەقینەدا ڕاوەستاوە، یان ئاڵۆزییەکان کپ دەکرێن، یان هەموو ناوچەکە بەرەو شەڕێکی گەورە و گشتگیر دەڕوات.
گەرووی هورمز: دڵی ململانێ
لە دڵی ئەم ململانێیەدا گەرووی هورموز هەیە کە بە یەکێک لە هەستیارترین ڕێگا ستراتیژییەکانی جیهان دادەنرێت. بەشێکی زۆری بازرگانی نەوتی جیهان بەم گەرووەدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە هەر مەترسییەک لەسەر ئەم گەروویە، بە بوومەلەرزەیەکی ئابووری جیهانی دادەنرێت. لەبەر ئەمەیە کە شەڕی گەرووی هورمز تەنیا شەڕی واشنتۆن و تاران نییە، بەڵکو کاریگەرییەکەی هەموو بازاڕەکانی جیهان و ناوەندەکانی بڕیاردان لە پایتەختە گەورەکانی جیهان دەگرێتەوە.
نیگەرانیی ناوەندەکانی توێژینەوەی جیهانی
مرۆڤ ناتوانێت وێنەی ڕاستەقینەی سیاسی بگێڕێتەوە بەبێ ئەوەی پشت بە سەرنجی ناوەندە ستراتیژییە جیهانییەکان ببەستێت. ئەم ناوەندانە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە سەیری شەڕەکە دەکەن، بەڵام هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە قۆناغێکی نوێی گۆڕانی جیۆپۆلەتیکیەوە:
ڕوانگەی ئەمریکا: ناوەندەکانی وەک CSIS و CFR ئەم کێبڕکێیە تەنها وەک وەڵامێکی سەربازی بۆ هەڕەشەکانی ئێران نابینن، بەڵکوو وەک هەوڵێک بۆ دووبارە نووسینەوەی یاساکانی تۆقاندن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیری دەکەن. ئەم شرۆڤەکارانە دەڵێن، واشنتۆن دەبێت ڕێگری لە هەژموونی ناوچەیی ئێران بکات بۆ ئەوەی نەتوانێت ببێتە هێزێکی سەربازیی وەها کە هەڕەشە لە هاوسەنگی گشتی بکات.
دەزگای ڕاند (RAND): ئەو دەزگایەی کە شیکاری بڕیارە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکات دەڵێ، دەکرێت شەڕەکە ببێتە شەڕێک کە شەڕی سێبەری درێژی پێدەگوترێت. واتە شەڕێکی ناڕاستەوخۆ لەلایەن گرووپ و تۆڕە هەژمونییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، نەک دەوڵەتەکان بە شێوازی تەقلیدی ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە. لەم حاڵەتەدا عێراق و سووریا و لوبنان، مەیدانی سەرەکیی شەڕەکە دەبن.
لە ئەورووپا: ناوەندەکانی وەک ECFR هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت، هاوسەنگی لەرزۆک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکدەچێت و دەرگا بەڕووی شەپۆلێکی نوێی ناسەقامگیری سیاسی و کۆچی بەکۆمەڵ دەکاتەوە، کە ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا دروست دەکات.
ڕوانگەی ئاسیا و ڕووسیا: چین لە ڕوانگەی ئابوورییەوە سەیری ئەم بابەتە دەکات، بەو پێیەی بە شێوەیەکی زۆر پشت بە نەوتی کەنداو دەبەستێت و هەر تێکچوونێک زیان بە ئابوورییەکەی دەگەیەنێت. ڕووسیاش پێی وایە، تا شەڕی ئەمریکا و ئێران درێژە بکێشێت، زلهێزە نێودەوڵەتییەکانی دیکەش دەرفەتی زیاتریان دەبێت بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لە ناوچەکەدا قایمتر بکەن.
هەڵوێستی عێراق و هەرێمی کوردستان
لەم قەیرانە سەختەدا عێراق چووەتە ناو زریانێکی هەستیارەوە. دەوڵەتی عێراق بە فەرمی هەوڵ دەدات بێلایەن بمێنێتەوە، بەڵام لە واقیعدا لە ململانێیەکی تونددایە لە نێوان دامودەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت و هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی پەیوەست بە کێبڕکێی ناوچەییەوە. ئەمەش عێراق لاواز دەکات و دەبێتە هەڕەشە ئەگەر شەڕی بە وەکالەت لەسەر خاکی عێراق بەردەوام بێت.
لە هەمان کاتدا هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە خۆی لە دڵی ئەم هاوکێشە جیۆپۆلەتیکیەدا دەبینێتەوە. هەرێم کە هەموو هەوڵەکەی پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئابوورییە، بەهۆی کێبڕکێی ناوچەییەوە ڕووبەڕووی تەحەددای گەورە دەبێتەوە. هێرش بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان تەنیا ڕووداوێکی سادەی ئەمنی نییە، بەڵکوو بەشێکە لەو پەیامە ستراتیجیانەی کە لە نێوان زلهێزە ناکۆکەکانی ناوچەکەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
گەورەترین پرسیاری ئەمڕۆ ئەوەیە: ئایا ئەمە شەڕێکی کورتخایەنە و کپ دەکرێت، یان سەرەتای قۆناغێکی نوێی شەڕێکی درێژخایەنەی ئیقلیمییە؟
مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەمان بۆ دەردەخات کە شەڕەکانی ناوچەکە بە دەگمەن لە سنوورە ڕەسەنەکانی خۆیاندا دەمێننەوە. زۆرێک لە ململانێیەکان بە کودەتای بچووک دەستی پێکردووە، بەڵام دواتر گۆڕاوە بۆ شەڕی گەورەی دەیان ساڵە کە ڕوخساری ناوچەکەی گۆڕیوە. ئەمڕۆکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم ساتێکی یەکلاکەرەوەدایە، یان هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان سەرکەوتوو، یان مەودای شەڕەکە فراوانتر دەبێت و نەخشەکانی هەژموونی لە ناوچەکەدا سەرلەنوێ دەکێشرێنەوە.