پەیامی نەورۆزیی ئۆجەلان، هاوارێک بۆ ئازادی یان پەیمانێک بۆ تەسلیمبوون؟

ئۆجەلان وەک هەمیشە هەوڵ دەدات کورد بەپێی بەرژەوەندییە نوێیە جیهانی و ناوچەییەکانی تورکیا “دیزاین” بکات.
ئەو پەیامانەی عەبدوڵڵا ئۆجالان کە هەموو ساڵێک لە نەورۆزدا بڵاودەکرێنەوە، چیتر تەنها پەیامی جێژن نین، بەڵکوو گۆڕاون بۆ مانیفێستێکی ئیدئۆلۆژیک کە لە بنەڕەتدا “سەربەخۆیی کوردستان” دەنێژێت. ئەم بەیاننامەیە لە جیاتی دەربڕینی داخوازییە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، بە زمانێکی عیرفانی و ڕۆمانسی هەولدەدات بۆ ئەوەی کە نەتەوەی کورد لە ناو سنوورەکانی “میساقی میللی” و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورکدا عاسێ بکات.
هەروەها لەم دوایین پەیامەیشدا دەبینرێت کە ئۆجەلان بە توندی هێرشی سەر چەمکی “دەوڵەتی نەتەوەیی” دەکات. بەڵام ئەم ڕەخنەیە ئاراستەی هەموو دەوڵەتەکان ناکرێت؛ ئەو تەنها ڕەخنەکەی ئاراستەی نەتەوەی کورد دەکرێت کە مافی بەدەوڵەتبوونیان لێ زەوت کراوە. کاتێک ئۆجەلان سنوورەکان بە “خەیاڵی” وەسف دەکات، لە ڕاستیدا شەرعیەت بە سنوورەکانی تورکیا دەدات کە بە زۆر لەسەر خاکی کوردستان نەخشێندراون و هەروەها داخوازی سەربەخۆیی کورد بە “دواکەوتوویی” لەقەڵەم دەدات. ئەم ڕێبازە لەبری ئەوەی خزمەت بە ئازادی کورد بکات، دەبێتە قەڵخانێکی ئیدئۆلۆژیک بۆ ئەوەی بەرگری لە یەکپارچەیی دەوڵەتی تورک بکات.
ئۆجەلان بە پەیامە نەورۆزییەکانی، بە ئاشکرا وازی لە داخوازیی و ویستی بە دەوڵەتبوونی کورد هێناوە. بە ئیدانەکردنی “دەوڵەت-نەتەوە” وەک بەرهەمێکی کاپیتاڵیزم، لە ڕاستیدا مافی دەوڵەتبوونی کورد لە سەر خاکی خۆیان، لە کوردان وەردەگرێتەوە.
ناشتنی خەونی “کوردستانی سەربەخۆ”
زمانی « برایەتی گەلان» و «سەدەی تورکیا» کە ئۆجەلان وەک ئەڵتەرناتیڤ پێشنیاری دەکات، لە ڕاستیدا پڕۆژەی ئاسمیلاسیۆنی نەرم و «بەتورکیایی کردن»ـە. ئۆجەلان بەم پەیامە کورد لە سنوورە سیاسییەکانی تورکیا زیندانی دەکات. ئۆجەلان لەژێر پەردەی “برایەتی گەلان”دا ناسنامەی نەتەوەیی کورد دەتوێنێتەوە و نەتەوەی کورد وەک “داینامیکی دیموکراتیزەکردنی تورکیا” بەکاردەهێنێت. لەبری ئەوەی قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ بە کورد ببەخشێت، دەیانکات بە “دینامیکی دیموکراتیزەکردنی تورکیا”. بەم شێوەیە خوێنی کورد بۆ ئەوە دەڕێژرێت کە تورکیا ببێتە دەوڵەتێکی “دیموکراتێک”، نەوەک لەپێناو ئازادی و ڕزگاریی کوردستاندا.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا ئۆجەلان باس لە ڕۆحی “ئێمە” دەکات و دەڵێت: “چەمکی ‘ئێمە’ لە مێژووی ئەم خاکانەدا مانایەکی گرنگ و فراوانی هەیە، بەڵام دەسەڵاتی هەڵبژێردراو ئەم چەمکەیان بەرتەسک کردووەتەوە و بۆ ‘یەک’ بچووکیان کردووەتەوە. ئێستا ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە چەمکی ‘ئێمە’ ڕۆح و ڕەسەنایەتی پێشووی خۆی پێبدرێتەوە”. بەڵام ئەم “ئێمە”یە کە ئۆجەلان باسی دەکات، لە ڕاستیدا “نەتەوەی تورک”ی نۆژەن کراوە. بە لابردنی سنوورە نەتەوەییەکان لەژێر ناوی “نەتەوەی دیموکراتیک”دا، ئۆجەلان ناسنامەی کورد لە ناو دەریای “گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”دا دەتوێنێتەوە، ئەمەش لەڕووی سیاسییەوە زۆرترین خزمەت بە دەوڵەتی تورک دەکات، چونکە خواستە نەتەوەییەکانی کورد لاواز دەکات.
بەڵێ ئۆجەلان لە ئیمرالیەوە وەک ڕاوێژکارێکی ستراتیجی دەوڵەتی تورک دەجووڵێتەوە. بە داوای “گەڕانەوە بۆ ڕۆحی مێژوویی”، کورد لە داخوازییە مۆدێرن و سیاسییەکانی دوور دەخاتەوە و لە ناو “ڕۆمانتیزمی میزۆپۆتامیا”دا دەیانخنکێنێت. لە کاتێکدا کە هێرشەکان بۆ سەر دەسکەوتەکانی کورد بەردەوامن، ئەم سیاسەتی پاسیفیزاسیۆنە تەنها زەمینە بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک خۆش دەکات.
لەم پەیامەدا ئۆجەلان وەک هەمیشە هەوڵ دەدات کورد بەپێی بەرژەوەندییە نوێیە جیهانی و ناوچەییەکانی تورکیا “دیزاین” بکات. بەم شێوەیە بزووتنەوەی کورد کە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەیی تورکیا سەیر دەکرا، لەژێر ناوی “کۆمەڵگەی دیموکراتیک”دا بۆ “پارێزڤانی سنوورەکانی میساقی میللی” دەگۆڕدرێت.
بۆیە دەڵێین پەیامی نەورۆزی ئۆجەلان لەبری ئەوەی هاوارێک بێت بۆ ئازادی، وەک “پەیمانی تەسلیمبوون” لە هەمبەر سنوورەکانی ئێستا دەردەکەوێت. لە کاتێکدا گەلانی جیهان لە پێناو سەروەری خۆیان خەبات دەکەن، ئۆجەلان “بێدەوڵەتی” و “برایەتی زۆرەملێ” وەک سەرکەوتنێک بۆ کورد دەخاتەڕوو.