جێژنی نەورۆزی 2026 چی پێ ڕاگەیاندین؟

جێژنی نەورۆزی 2026 چی پێ ڕاگەیاندین؟

ساڵانێک لەبەر ئەوەی هیچ بەدیلێکی تر نەبوو، ئەو کەسانەی دەچوونە گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی نەورۆز بە هاوسۆزی پەکەکە دادەنران، بەڵام ئەم نەورۆزە سەلماندی کە ئەمە وا نییە.

جەژنی نەورۆزی 2026 لە کوردستان و زۆر شوێنی جیهان پیرۆزکرا. گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش جەژنی نەورۆز وەک هاتنی بەهار پیرۆز دەکەن. بەڵام ئێمەی کورد نەوەک جێژنێکی گەلان بەڵکوو وەکوو جێژنێکی میللی و نەتەوەیی کوردان نەورۆز پیرۆز دکەین. نەورۆز لای کورد هێمای سەرهەڵدانە لە دژی زوڵم و ستەمکاری. بۆ کورد نەورۆز جەژنێکی نەتەوەییە کە وەک گەلێک دەڵێن: “ئێمە لەناونەچووین، ئێمە هەین و قەد سەر نەوی ناکەین”.

نەورۆزی 2026 لە هەموو ساڵانی پێشوو جیاواز بوو. لەم نەورۆزەدا دەنگی هەنگاوی نەوەیەکی نەتەوەیی و گەنج زۆر بە بەرزی لە کوردستاندا بیسترا. ڕاستییەکە ئەوەیە کە کاتێک سەیری گۆڕەپانەکانی نەورۆز دەکەین، دوو هێڵی جیاواز لە کوردستاندا بە ڕوونی دەبیندرێن. هێڵی یەکەم هێڵی ئۆجەلان و پەکەکە بوو. ئەم ڕێبازە ساڵانێکە نەورۆزی لە ئەوروپا و باکوری کوردستان مانیپۆل کردووە و لە جەژنێکی نەتەوەییەوە کردوویەتی بە پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژی و بۆنەیەکی حیزبی، بە تایبەت لە دوای ساڵانی 2000ـەوە، ناوەڕۆکەکەیان کردووە بە ئازادی ئۆجەلان.

پەکەکە لە نەورۆزی ئەمساڵیشدا لەسەر هەمان شێواز بەردەوام بوو. پەیامەکان لە کاتژمێر 11ی بەیانی تا 3ی پاشنیوەڕۆ خوێندرانەوە. بەڵام ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو لاوازتر بوو. جەماوەرەکە بەزەحمەت وێنەی ئۆجەلانیان بەرزدەکردەوە. سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان ئاڵای کوردستان نەک هەر لە ئامەد، بەڵکوو لە ئەستەنبوڵ و شوێنەکانی تریش هەڵکرا.

باشترین ڕێگا بۆ تێگەیشتن لە پەیامی نەورۆزی پەکەکە بۆ ئەمساڵ، لە ڕێگەی پەیامەکەی ئۆجەلانەوە بوو. لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا کە 1100 وشە بوو، ئازادی ژنان و پەیمانی وێستفالیای 648 هەبوو، بەڵام تەنیا وشەی “کورد” و “کوردستان”ی تێدا نەبوو. ئۆجەلان نەورۆزی وەک ئاهەنگێک بۆ دامەزراندنی کۆمۆنیزم پێناسە کرد. ئۆجەلان نەورۆزی بەبێ کورد و کوردستان، وەک کۆلۆنیالیستەکان پێناسە کرد.

ساڵانێک لەبەر ئەوەی هیچ بەدیلێکی تر نەبوو، ئەو کەسانەی دەچوونە گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی نەورۆز بە هاوسۆزی پەکەکە دادەنران، بەڵام ئەم نەورۆزە سەلماندی کە ئەمە وا نییە.

هێڵی دووەمی نەورۆز، کوردستانی بوو. ئەم خەتە، هێڵێکی کوردستانی بوو.

ئاهەنگی نەورۆز لەلایەن بزووتنەوەی ڤەژین لەسەر پردی مەلەبادی بە مەشخەڵ و ئاڵای کوردستان هەنگاوێکی بچووک بوو بەڵام زۆر مانادار و کاریگەر بوو. ئاهەنگی بەهەیبەتی نەورۆز لە شاری بۆنی ئەڵمانیا کە لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردییەوە ڕێکخرابوو، نموونەیەکی گەورەی نەورۆزێکی کوردستانی بوو. لە باکووری کوردستان سەرەڕای ئەو گەمارۆیەی کە ساڵانێکە لەلایەن دەوڵەت و پەکەکەوە سەپێندرابوو، کورد لە هەموو شوێنێک بە ئاڵای ڕەنگینی کوردستانەوە لە گۆڕەپانی ئاهەنگی نەورۆزدا ئامادە دەبوون.

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ئاهەنگی نەورۆزی بۆن، بە جۆرێک مانیفێستێکی کوردستانی بوو. سەرۆک بارزانی بە ڕاشکاوی “نەورۆزی وەک جەژنێکی میللی- نەتەوەیی” ناوی برد و وەک نەخشەڕێگایەک بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان پێناسەی کرد.

بە واتایەکی تر لە کوردستان دوو ئاهەنگی نەورۆزی جیاواز هەبوون: نەورۆزی ئۆجەلان کە وەک جەژنی کۆمۆنیالیزم و بەدوور لە ناسنامەی کورد و بەها کوردییەکان بەڕێوە دەچوو، نەورۆزێک کە لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە بە ئاڵای ڕەنگینی کوردستان و سروودی کوردستانییەوە پیرۆز کرا و بەڕێوەچوو. نەورۆز جەژنی نەتەوەیی کوردستانە. ئاشکرایە کە نەورۆزی کوردان هەر ساڵ مەزنتر و بەربڵاوتر پیرۆز دەکرێت.

Share