باکرهان: لە ئیمرالی کۆشکێک بۆ ئۆجەلان دروستکراوە

چاوەڕوان دەکرێت کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لێدوانەکانی باکرهان ببنە بابەتی مشتومڕی گەرمی نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆن.
تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی،سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە و پێشهاتەکانی دوورگەی ئیمرالی لێدوانی گرنگ و سەرنجڕاکێشی دا. باکرهان ئاماژەی بەوەدا کە باڵەخانەیەکی نوێ لە دورگەکە دروستکراوە و وتی: “ئیدی دەبێ حکومەت لە سیاسەتی قسەکردنەوە دەربازی هەنگاوی بەرچاو ببێت”.
تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، بەشداریی لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی “مێدیا هابەر” کرد و ڕۆژەڤی سیاسیی تورکیای تاوتوێ کرد. باکرهان لە قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر ئەو ئیدیعایانەی کە سەبارەت بە گۆڕانی بارودۆخی فیزیکیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکرێن.
باکرهان ڕایگەیاند کە زانیارییان لەسەر دروستکردنی شوێنێکی نوێ بۆ ئۆجەلان لە ئیمرالی پێگەیشتووە و گوتی:
“لە ئیمرالی شوێنێک، بینایەک، یان خانوویەک بۆ ئۆجەلان دروستکراوە، لەڕاستیدا ناڕوونییەک هەیە، بەڵام ناوی چییە، بارودۆخی چییە؟ مەسەلەی ئەوەی کە کاتێک ئێمە بڕۆینە ئەوێ، ناوی چی لێدەنێین، پێویستە ڕوون بکرێنەوە، پێموایە ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشکەوتن لەسەر ئەم بابەتە هەبێت”.
باکرهان ئاماژەی بەوەدا کە ئەم گۆڕانکارییە فیزیکییانە بەتەنها بەس نین و پێویستە پێگەی یاسایی و سیاسی ئەم پرۆسەیەش ڕوون بکرێتەوە.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، باکرهان ڕەخنەی لە هەڵوێستی حکومەتی تورکیا گرت و ڕایگەیاند کە کۆمەڵگا چاوەڕێی چارەسەری هەمیشەیی دەکات. باکرهان باسی لەوەش کرد کە دەم پارتی کار لەسەر “یاسایەکی تایبەت” دەکات بۆ ئەوەی ببێتە بنەمای چارەسەریەکە و لە درێژەدا ڕایگەیاند:
نەخشەڕێگایەکی ڕوون: “دەبێت ئێستا نەخشەڕێگایەک هەبێت، گەیشتوینەتە خاڵێک کە چیتر ناتوانین تەنها بە قسە و پێناسە بەردەوام بین، خەڵک هەنگاوی کۆنکرێتیی دەوێت.”
ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی: “پێویستمان بە یاسایەک هەیە کە هەردوولا ڕازی بکات، ئەم پرۆسەیە دەبێت لە چوارچێوەیەکی یاساییدا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانی هەمووان چارەسەر بکرێن.”
لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا، تونجەر باکرهان جەختی لەوە کردەوە کە قەیرانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە تورکیا پەیوەستە بە چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە. باکرهان ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەکانی ئیمرالی و هەڵگرتنی گۆشەگیری کلیلی سەرەکی ئاشتین و داوای لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەت کرد کە لە زنیکترین کاتدا سەبارەت بەم “بینا نوێیانە” و “پرۆسەی نوێ”، لێدوانی فەرمی بۆ ڕای گشتی بدەن.
چاوەڕوان دەکرێت کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لێدوانەکانی باکرهان ببنە بابەتی مشتومڕی گەرمی نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆن.