پژاک لە کۆنگرەی ئازادی ئێران لە لەندەن دەرکرا

چاودێران: “زۆرێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئێران و بەشێک لە هێزە کوردییەکان، لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان نیگەرانن”.
لە کاتێکدا کە ئامادەکارییەکان بۆ “کۆنگرەی ئازادی ئێران” لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کۆتایی هاتووە و بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە دەستی پێکردووە، قەیرانێکی دیپلۆماسی سەریهەڵداوە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایگەیاند، سەرەڕای بانگهێشتێکی فەرمی، لە کۆتا خولەکدا ناویان لە لیستی بەشداربوواندا سڕاوەتەوە.
ئەو کۆنگرەیە کە ڕۆژانی 28 و 29ی مارس لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، وەک سەکۆیەک بۆ تاوتوێکردنی مۆدێلی سیاسیی بەدیل بۆ داهاتووی ئێران پلانی بۆ دانرابوو. بۆ ئەم کۆبوونەوەیە زیاتر لە 30 ئەکتەری سیاسی و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و سەندیکاکان بانگهێشت کراون. بەڵام لە دوایین کاتژمێرەکاندا گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراو لە لیستی میوانەکاندا ڕوویدا.
پژاک: “ئەم کۆنگرەیە دیموکراتیک نییە”
کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پژاک دوای ئەوەی ناوی پژاک لە لیستی کۆنگرەکەدا لابرا سەبارەت بەم بڕیارە ڕاگەیاندراوێکی توندی بڵاوکردەوە. پژاک ڕایگەیاند کە سەرەتا بە فەرمی بانگهێشت کراون، بەڵام دواتر ناویان لە لیستەکەدا لابراوە. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم هەڵوێستە ئەوە دەردەخات کە کۆنگرەکە “نادیموکراتیک و ناشەفافە”.
زاگرۆس ئەندەریاری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەورووپای پژاک، وردەکارییەکانی ڕووداوەکەی بەم شێوەیە بڵاوکردەوە:
“تەنها چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی کۆنگرەکە، کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرە پەیوەندییان پێوەکردین، پێیان گوتین: ‘ببوورن، ئێوە ناتوانن بەشداری کۆبوونەوەکەی سبەینێ بکەن’. ئەم هەڵوێستە پێچەوانەی ڕۆحی یەکگرتوویی و دیموکراسییە”.
ڤیتۆی لایەنەکانی تر و کاریگەری “مۆدێلی ڕۆژئاڤا”
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پشت پەردەی کۆنگرەکەوە هاتوون، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی بەشداربووی کۆنگرە دژایەتی بوونی پژاکیان کردووە. دەگوترێ ئەو لایەنانە کۆمیتەی ئامادەکاریان ناچار کرد و وەک مەرج ڕایانگەیاندووە کە “ئەگەر پژاک بەشداری بکات ئێمە بەشداری ناکەین”.
چاودێرانی سیاسی سەرنجی جی خستوەتە سەر هۆکارەکانی ئەم دوورخستنەوەیە و باس لەوەش کراوە کە زۆرێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئێران و بەشێک لە هێزە کوردییەکان، لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆڵی پەیەدە ـ پەکەکە نیگەرانن. باس لەوە دەکرێ کە پژاک دەیهەوێت هەمان ئەو مۆدێلەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێ کرا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دووبارە بکاتەوە. بۆیە ئەو لایەنانەی کە نایانەوێت داواکاری نەتەوەیی کورد لەژێر چاودێری ئەم ئایدۆلۆژیایەدا سەرکوت بکرێن، هەوڵ دەدەن پژاک لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان دوور بخەنەوە.
ئایندەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران
ئەم پێشهاتانە گفتوگۆی گەرمی لەبارەی یەکگرتوویی ئۆپۆزسیۆنی ئێران پێش دەستپێکردنی کۆنگرەکە لێکەوتەوە. لەکاتێکدا کە زیاتر لە 30 ئەکتەری سیاسی لە لەندەن کۆدەبنەوە، وەدەرنانی ئەکتەرێکی وەک پژاک ئەوە دەردەخات کە هێشتا ناکۆکی قووڵ لەسەر “داهاتووی کوردستان” و “مۆدێلی بەڕێوەبردن” لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا بوونی هەیە.