سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی تایبەتیی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەنارد؛ “نەورۆز پیرۆز”

سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی تایبەتیی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەنارد؛ "نەورۆز پیرۆز"

ترەمپ: “نەورۆز، بەرجەستەکردنی سەرکەوتنی هەمیشەییی رووناکییە بەسەر تاریکیدا”.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاته‌ یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پێگەیشت.

دەقی راگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:

بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی پیرۆزبایی لە بەڕێز دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاته‌ یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پێگەیشت.

 لە نامەکەدا سەرۆک ترەمپ وێڕای ئاراستەکردنی گەرمترین پیرۆزبایی بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، دەنووسێت: نەورۆز، ئاهەنگگێڕانە بە هاتنی بەهار، هەروەها بەرجەستەکردنی سەرکەوتنی هەمیشەییی رووناکییە بەسەر تاریکیدا. ئەم جەژنە دێرینە، گوزارشتێکی ساڵانەی هێزی سەرەتا نوێیەکانە.

 لە نامەکەیدا بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک ترەمپ هەروەها دەڵێت: داوا لە خوا دەکەم ئەم نەورۆزە ببێتە مایەی بەهێزکردنی بەهاکانی ئاشتی و شکۆی مرۆڤ و ساڵی نوێ پڕ لە خێر و خۆشی بێت.

 سەرۆک ترەمپ پیرۆزبایی لە هەموو ئەوانەش دەکات کە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، هەروەها لە کۆتاییی نامەکەیدا بە کوردی نووسیویەتی: نەورۆز پیرۆز.

Share