ڕۆژئاوای کوردستان… هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار کرا

چاودێران: “ئەم یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیەی نێوان پارچەکانی کوردستان، پەیامێکی بەهێزە لە دژی نەیارانی کورد”.
ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئاداری 2026، سەدان هاووڵاتی لە شارەکانی قامیشلۆ و دێریک لە ڕۆژئاوای کوردستان دژی هێرشە مووشەک و درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕژانە سەر شەقامەکان و ئیدانەیان کرد.
لە خۆپیشاندانەکاندا کە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و وتنەوەی دروشمی نەتەوەیی بەڕێوەچوون، خەڵکی ناوچەکە ناڕەزایی توندی خۆیان بەرامبەر بە میلیشیا لەیاسادەرچووەکان دەربڕی. خۆپیشاندەران جەختیان لە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی نەتەوەی کورد کردەوە و ڕایانگەیاند کە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، بناخەی ئارامی و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە و ڕۆژئاڤای کوردستانە.
خۆپیشاندەران هێرشەکانی سەر هەولێریان بە هێرشێک لە دژی هەموو دەستکەوتەکانی کورد وەسف کرد و هاوکات پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگە و دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
دوای شارەکانی کۆبانی، عامودا و تیربەسپیێ، ئەمڕۆ لەگەڵ چالاکییەکانی قامیشلۆ و دێرک، شەپۆلی ئیدانەکردنی هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان، سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە.
چاودێران دەڵێن ئەم یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیەی نێوان پارچەکانی کوردستان پەیامێکی بەهێزە لە دژی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیانە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە تێکبدەن.