ئەردۆغان هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی بە توندی شەرمەزار دەکات

ئەردۆغان هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی بە توندی شەرمەزار دەکات

“ئەردۆغان هاوسۆزیی خۆی بۆ خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە دەربڕیوە کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سنووری سۆران دا شەهید و بریندار بوون”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا. ئەردۆغان هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک سەرکۆنە کرد و هاوخەمی بۆ شەهیدبوونی پێشمەرگەکان دەربڕی.

 ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (30-3-2026)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشت.

 بەگوێرەی راگەیاندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکەدا ئەردۆغان هاوسۆزیی خۆی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە دەربڕی کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سنووری سۆران دا شەهید و بریندار بوون.

 هەروەها سەرۆککۆماری تورکیا “بە تووندی ئەو هێرشە درۆنییەی سەرکۆنە کرد کە کرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک” و دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت.

 لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی پەیوەندییەکە و هەڵوێستی دۆستانەی تورکیای کرد و دووپاتیکردەوە “هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت و هەرگیز نابێتە بەشێک لە جەنگ و گرژییەکان.”

 لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی بەسەر ناوچەکە و جیهانەوە تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ راوەستاندنی جەنگ و چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکان کردەوە.

 سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەر بە کۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: “سەرۆککۆمارمان بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردیی عێراق نێچیرڤان بارزانی ئەنجام دا. لە پەیوەندییەکەدا پێکدادان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران”.

 هەروەها رایگەیاندووە، سەرۆککۆماری تورکیا بەبۆنەی ئەو هێرشەی کرایە سەر ماڵەکەی، هیوای سەلامەتیی بۆ نێچیرڤان بارزانی خواست.

 سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردووەتەوە، ئەنقەرە هەمیشە لەدژی ئەو هێرشە و هێرشی هاوشێوەیە و بە پێویستی زانیوە چی زووە پێکدادانەکانی ناوچەکە کۆتاییان پێ بێت.

Share