چوارچێوەی هەماهەنگی داواکەی سەرۆک بارزانی پەسند دەکات

چوارچێوەی هەماهەنگی داواکەی سەرۆک بارزانی پەسەند دەکات

پێشبینی دەکرێت لە 10 ڕۆژی داهاتوودا چالاکییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چڕتر ببێتەوە.

لایەنەکان ناو “چوارچێوەی هەماهەنگی”، دوای کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە بەغدا، بە فەرمی ڕایانگەیاند کە داواکارییەکەی سەرۆک مەسعوود بارزانییان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی قبووڵ کردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە دەستکەوتوون، بڕیارە سەرەکییەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بەم شێوەیەن:

ـ چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری داوە کە دەرفەت بە لایەنە سیاسییەکان بدرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دیالۆگەوە بگەنە ڕێککەوتنێکی گشتی.

ـ بە مەبەستی دەستنیشان کردنی بەربژێرەکان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆک کۆمار، ماوەی 10 ڕۆژ کات بە لایەنە کوردییەکان و شیعەکان دراوە.

ـ لەو ماوەیەدا پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق، ناکەوێتە ناو بەرنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقدا بۆ ئەوەی کە ڕێگری لە گفتوگۆی لایەنەکان نەکات.

ئەم هەنگاوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دوای دەستپێشخەریی سەرۆک مەسعوود بارزانی دێت، کە تیایدا داوای لە سەرجەم لایەنە سوننە و شیعەکان کرد، گفتوگۆی جددی و بەرهەمدار بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی لە عێراقدا هەیە.

ئامانج لەم دەستپێشخەرییە ئەوەیە کە لایەنکان لەسەر کاندیدەکانی ئەو دوو پۆستە باڵایە ڕێککەون و عێراق لەم دۆخە نادیارە دەربازی ببێت بەرەو سەقامگیری بڕوات. پێشبینی دەکرێت لە 10 ڕۆژی داهاتوودا چالاکییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چڕتر ببێتەوە.

Share