لقی پەکەکە لە شنگال کۆنگرەیەکی بەست و بڕیاری ئەنتەگرەکردنی شنگال لەگەڵ عێراق درا

لقی پەکەکە لە شنگال کۆنگرەیەکی بەست و بڕیاری ئەنتەگرەکردنی شنگال لەگەڵ عێراق درا

پەکەکە ڕۆژئاڤای کوردستانی ڕادەستی دەوڵەتی سوننەی دیمەشق کرد و شنگالیشی بە دەوڵەتی شیعەی بەغدا تەسلیم کرد.

گرووپێک بە ناوی “مەجلیسی گەلی دیموکراتیکی شەنگال” کە لەلایەن پەکەکەوە دامەزراو، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا. ئەم کۆبوونەوەیە کە ناوی “کۆنگرەی شەشەم”یان لەسەر داناوە، دەرئەنجامێکی 9 خاڵی و نەخشەڕێگایەکی ڕاگەیاند. ڕاگەیاندراوی کۆبوونەوەکە زۆر سەرنجڕاکێش بوو؛ چونکە کۆنگرەکە لەسەر “بەستنەوەی شەنگال بە عێراق”ـەوە پێکهاتبوو. دەستەواژەکانی “کورد” و “کوردستان” لە هیچ شوێنێکی بەیاننامەی کۆنگرەدا ئاماژەیان پێنەکراوە. جگە لەوەش، لەم کۆنگرەیەدا داخوازی خۆبەریوەبەریی (ئۆتۆنۆمی) یان مەرجی ئیداری بۆ شەنگال لە بەرنامەی کاردا نەبوو. لەبری ئۆتۆنۆمی، دەستەواژەی “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک” بەکارهێنراوە. لە ڕاستیدا پەکەکە کەوا لە ساڵی 2014ـەوە لە شنگالدایە، شەنگالی ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حکوومەتی بەغدا کردووە.

کۆنگرەکە کە لەلایەن کۆمیتەی باوەڕە ئایینیەکانی کەجەکەوە سازکرابوو، پەیامێکی بەناوی هاوسەرۆکایەتی کەجەکەوە بڵاو کردەوە. غەریب حەسۆ لە بەڕیوەبەریی ڕۆژئاڤا و زۆرێک لە کادیرانی تری پەکەکە بەشداری کۆنگرەکە بوون. لە ڕاستیدا لە کۆنگرەکەدا بابەتی زۆر هەستیار بۆ کورد تاوتوێ کران. لەو کۆنگرەیەی کە پەکەکە ڕێکی خستبوو، هەرگیز باسی داخوازیی خۆسەریی دیموکراتیک بۆ شەنگال نەکرا کەوا پێشتر ناوبەناو لە میدیاکاندا باسی لێکرابوو. لەبری ئەوە دەستەواژەی “تێکەڵبوون لەگەڵ عێراق” بەکارهێنرا. لەم کۆبوونەوەیەدا لە شنگال باس لە گواستنەوەی فەرمی ناوچە کوردستانییەکان بۆ سەر عێراق کرا. سەرەڕای هەموو ئەم بڕیارە لێڵانە، ئەو مەترسیانەی کە شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران دروستیان کردوە، وەک بابەتی دووەمی بەرنامەی کاری کۆنگرەکە، پشتگوێ خران. بەڵام هەم کاتی کۆنگرە و هەم ئەو بڕیارانەی کە دراون، خاڵی زۆر مەترسیدار و هەستیاریان بۆ کورد تێدایە.

دوایین ڕێککەوتنی پەکەکە لەگەڵ میلیشیاکانی حەشد و هۆکاری سەرنجڕاکێش بوونی کۆنگرەکە

وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەو کۆنگرەیەی کە لەلایەن پەکەکەوە بەڕێوەچوو و بەتایبەتی وێنەی بەشداربووان بڵاونەکرانەوە؛ میدیاکانی پەکەکە تەنها چەند دیمەنێکی دەگمەنیان بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە شنگالەوە دەستکەوتوون، ڕای گشتی باوەڕێکی ئەوتۆیان بە کۆنگرە نەبووە و بەشداربووان زۆرتر ئەندام و بنەماڵەکانی یەبەشە (یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال) بوون، کە پەکەکە بۆخۆی لە شنگال دایمەزراندووە. بۆیە وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان بە نهێنی هێڵدرانەوە. ئەو کۆنگرەیە لە ڕاستیدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بڕیارانە بوو کە عێراق سەبارەت بە یەبەشە دابووی.

پەکەکە لە ساڵی 2015دا دەستی بە دروستکردنی هێزێکی چەکداری سەر بە خۆی لە شنگال کرد. یەبەشە کە بە فەرمی بەشێکە لە حەشدی شەعبی و مووچە لە عێراق وەردەگرێت، ژمارەیەکی کەم لە هێزەکانی ئێزدی لەخۆدەگرێت؛ ئەوانی تر هەموویان کادیری پەکەکەن.

دەوڵەتی عێراق بە ئاگربەستی پەکەکە لەگەڵ تورکیا و ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە، ئەرکی پەکەکەی گۆڕی. پەکەکە کە پێشتر وەک هێزێکی بە وەکالەت بۆ حەشدی شەعبی و عێراق لێرە بوونی هەبوو، ئێستا داوایان لێکرا هەموو هێز و دەسەڵاتی خۆی ڕادەستی حکومەتی ناوەندی عێراق بکات. وەک هەنگاوی یەکەم، لە شوباتی 2026دا بڕیاری کۆکردنەوەی چەک لە شنگال درابوو. هەرچەندە لەو کاتەدا پەکەکە هەواڵی زۆری لەسەر ئەم بڕیارە دروستکرد، بەڵام دواتر بە بێدەنگیی ڕێککەوتنێکی دیکەی لەگەڵ عێراقدا کرد. بەپێی ڕێککەوتنەکە، پەکەکە چەکی قورسی خۆی ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد و هەروەها دوو بنکەی خۆی لە لوتکەی چیای شنگال ڕادەستی میلیشیاکانی حەشد کرد. لەسەر ئەو بنەمایە ڕێککەوتن کرا کە ژمارەیەکی دیاریکراو هێزی چەکدار بمێننەوە و ئەم هێزەش بە بنکەی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا ببەسترێتەوە. لە واقیعدا، هەرچەندە یەبەشە (یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال) لە میدیاکاندا وەک ئەوەی کە هێشتا بوونی هەیە، پێشکەش دەکرێت، بەڵام بەشێکی زۆری پەیوەندییان بە حەشدی شەعبیەوە کردووە. واتە هەموو دامودەزگا چەکداری و مەدەنییەکانی سەر بە پەکەکە لە شنگال بە تەواوی ڕادەستی عێراق کراون.

بۆیە کۆنگرەکە وەک کۆبوونەوەیەک بۆ ڕوونکردنەوە و جێبەجێکردنی دوایین ڕێککەوتنی پەکەکە لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆ ڕای گشتی پلانی بۆ دانرا.

بڕیارەکانی کۆنگرە

بڕیارنامەکان و ئەو پلانە دوو ساڵەی کە کۆنگرەکە پەسەندی کردووە، لە میدیاکانی پەکەکەدا لە 9 خاڵدا دەستنیشان کراون. کاتێک مرۆڤ ئاوڕێک لە بڕیارنامەکان بداتەوە، بە ڕوونی بۆی دەردەکەوێت کە پەکەکە شنگالی بەتەواوەتی لە کوردستان جیاکردۆتەوە و لەناو بڕیارەکاندا تاقە یەک خاڵیش بوونی نییە کە باس لە کورد و کوردستان بکات.

بڕیارەکان بەم شێوەیەن:

ـ ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ لە چەقی هەموو چالاکییەکداندا دەبێت.

ـ لە هەموو گوندەکاندا کۆمۆن دابمەزرێن.

ـ هەوڵی نێودەوڵەتی بدرێ بۆ ئەوەی کە 3ی ئابی 2014 وەک جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان بناسرێت.

ـ کۆنگرەی یەکێتی ئێزیدییەکان دابمەزرێت.

ـ بۆ چارەسەرێکی دیموکراتیک، پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان پەرەیان پێبدرێت.

ـ پڕۆژەی “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک” بۆ شنگال بەپەلە جێبەجێ بکرێت.

ـ یەکێتی کۆمەڵایەتی و ڕێککەوتنی سیاسی و هەوڵەکانی بەرگریکردن لە خۆ بەهێزتر بکرێن.

ـ چالاکییە پەروەردەیی و ڕێکخراوەییەکان لەسەر بنەمای ئازادی ژنان زیاد بکرێن.

ـ توێژینەوە و پڕۆژەی ئیکۆلۆژی بۆ پاراستنی سروشتی شنگال دەستپێبکەن.

شنگال بۆتە هێزێکی یەدەگ بۆ حەشدی شەعبی

شنگال بە هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و ئەو ژێرخانەی غازی سروشتی کە هەیەتی و هێشتا نەهەڵێنجراوە، لانیکەم بەقەد کەرکوک بۆ کورد گرنگە. ئێستاش کاتێک سەیری هەڵوێستی پەکەکە دەکەین لە شنگال و ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ حەشدی شەعبی سەبارەت بە شەنگال کردوویانە، بە ڕوونی دەبینین کە شنگال بە تەواوی لە هەرێمی کوردستان دادەبڕێ.

لە ڕاستیدا ئەوەی لە شنگال ڕوودەدات هاوتەریبە لەگەڵ پڕۆژەی عێراق بۆ لەناوبردنی هەرێمی فیدراڵی کوردستان؛ یان ئەگەر نەشتوانێت ئەمە بکات، لانیکەم دۆخی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی 1991، واتە هێڵی 36 دەرەجە.

پەکەکە لە سەردەمی بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2012دا بوو بە بەشێک لە ئەجێندای ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا. بەپێی ڕێککەوتنەکە؛ بە گەرەنتی ئێران لەگەڵ ئەسەد ڕێککەوت بۆ ئەوەی ڕۆژئاڤای پێ بسپێردرێت و هەروەها بە ڕێککەوتن لەگەل عێراقیش خۆی لە ناوچەی “شنگال-کەرکوک”دا جێگیر کرد. دوای ئەم بەروارە ئیدی پەکەکە ڕێگەی نەدا هیچ ڕێکخراوێکی کوردی بچێتە ڕۆژئاڤا و شنگالەوە. پەکەکە بانگەشەی ئەوەی کرد کە لەو ناوچانەدا “خۆسەری دیموکراتیک” ڕادەگەیەنێت. ئێستا دوای 14 ساڵ لەو پەیمانە، پەکە ڕۆژئاڤای ڕادەستی دەوڵەتی سوننەی دیمەشق کرد و شنگالیشی بە دەوڵەتی شیعەی بەغدا تەسلیم کرد.

Share