ئەمڕۆکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناو ئاگرێکی دژواردا تێپەڕ دەبێت و ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران دەستیانپێکردووە، مانگێکی تێپەڕاندووە. لەم شەڕەدا کە هێشتا ئەنجامەکەی دیار نیە، هەردوولا پلانی نوێ دادەڕێژن بۆ ئەوەی بەرەی خۆیان بەرفراوان بکەن، بەڵام لە چەقی پلانەکەی ئێراندا، عێراق و کورد هەن.
کاتێک کە ئاوڕ لە ڕابردوو دەدەینەوە دەبینین کە ئێران لە سەردەمی بەهاری عەرەبیدا بە ئەنقەست داعشی بەردایە گیانی کورد بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرکەوتنەکانیان بکات. هەندێک دەڵێن ئێران دژی داعش بووە، بەڵام ڕاستییەکە پێچەوانەکەیەتی؛ داعش لە عێراقدا بۆخۆی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێراندا هەبوو و لە شیعەکان زیاتر و بەشێوەی وەحشیانە پەلاماری کوردستانی دا.
ئەمڕۆکەش هەمان سیناریۆ لە ژێر ناوێکی جیاوازدا بەڕێوەدەچێت. ئێران دەیهەوێت حەشدی شەعبی هێرش بکاتە سەر کورد، بۆ ئەوەی بیانکێشێتە ناو شەڕ و ململانێ و لە هەمان کاتدا سیستەمی فیدراڵی عێراق بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە. حەشدی شەعبی ئیتر تەنها هێزێکی بە وەکالەت نییە، بەڵکوو بەتەواوی گۆڕاوە بۆ بەشێک لە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەمڕۆکە دەوڵەتی عێراق لە بەغدا نییە، بەڵکوو لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە بەڕێوەدەبرێت.
بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانە وێرانکەرە، ئێران هێرشە ئیستفزازیەکانی دژی هەرێمی کوردستان چڕتر دەکات. بەئامانجکردنی بارەگای سەرۆک بارزانی، سەرۆکی نەتەوەی کورد و ڕێکخەری ئاشتی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، هەروەها بەئامانجکردنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەشێکە لەو ئیستفزازییە گەورەیە.
هەروەک چۆن دوێنێ داعش لە هەموو کەس زیاتر هێرشی کردە سەر کورد، ئەمڕۆکەش حەشدی شەعبی لەژێر هەڕەشەی بوونی ئەمریکادا زیاتر لە بەغدا بۆردومانی هەولێر دەکات. ئامانجەکە زۆر ڕوونە: لاوازکردنی پایەی خەباتی نەتەوەیی کورد، واتە ڕێبازی بارزانی. ئەوان دەیانەوێت هەولێر کە ئەمڕکە دەوڵەمەندترین و ئارامترین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بکەن بە مەیدانی شەڕێکی تائیفی و مەزهەبی و کۆلۆنیال.
لەم قۆناغە مەترسیدارەدا، کورد تەنیا لە ڕێگەی یەکڕیزی نەتەوەییەوە دەتوانێت ڕێگری لەو هەڕەشانە بکات. بەڵام لە ناو بزووتنەوەی سەرەکیی کورددا، لاوازییەک و بێدەنگییەکی خەمناک هەیە. بزووتنەوەی بارزانی لەژێر ئەو هێرشە قورسانەدا بەتەنها هێڵراوەتەوە.
یەنەکە لە ترسی کاردانەوەی گەلی کوردستاندا چیتر بە ئاشکرا پشتیوانی حەشدی شەعبی ناکات، بەڵام هێشتا چاوەڕێی لاوازکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)یە بۆ ئەوەی کە بە پشتیوانیکردنی میلیشیاکان خۆیان بکەن بە هێزی سەرەکی کورسیەکانی بەغدا مسۆگەر بکەن. هەتا ئێستا ئەم هێزانە بە ڕاشکاوی و بوێرانە نەیانگوتووە حەشدی شەعبی پەلاماری خاکی کوردستان دەدات.
لە لایەکی دیکەوە، لە کاتێکدا کورد بە قۆناغێکی وا هەستیاردا تێدەپەڕێت، پەکەکە بە ڕۆژەڤی درۆیینی وەک ئازادی ئۆجەلان و ئاهەنگگێڕانی ڕۆژی لە دایکبوونی ئاپۆ، زەینی خەڵک سەرقاڵ دەکات. ئەوان لەژێر ناوی “بانگەواز بۆ یەکڕیزی”دا، گەمەی سیاسی بەڕێوەدەبەن، بەڵام لەهەمان کاتدا بۆ پاڵپشتی لە حەشدی شەعبی لە شنگال کۆنفرانس ساز دەکەن. ئەنجامی کۆنفرانسەکانیان ئازادی نییە، بەڵکوو یەکگرتنە لەگەڵ عێراقێک کە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەڕێوەدەبرێت.
پێویستە کورد بە ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارەکانیشیەوە، ئەم هاوپەیمانانەی داگیرکەران لە نێو خۆیاندا بناسن و مەحکومیان بکەن. پێویستە باش بزانین کە بزووتنەوەی بارزانی، لە کەسایەتی هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بەردی بناخەی بوون و ئازادی ئێمەیە.
لەم سەردەمەدا، یەکڕیزی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئێمە لە دەوری هەولێر کۆببینەوە و هەر هێرشێک بۆ سەر بارزانی و پایتەختەکەمان وەک هێرشێک بۆ سەر کەرامەت و ئایندەی هەموو کورد ببینین.