گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئازادیی گەلی کورددا، دەم پارتییە

ئەگەر حیزب و بزووتنەوە کوردستانییەکان لە دژی ئەم پڕۆژەیەی پارتی دەم یەک نەگرن، کورد لەناو دەچێت.
بووبێ ئەسەر
دوژمنانی گەلی کورد لەخۆڕا نەیانگوتووە “ئای بۆ عەقڵی کۆتایی کورد”. واتە دوای تەواوبوونی هەموو شتێک ئەوجا کورد عەقڵ و هۆشی دێتەوە سەرخۆی. بەڵام ئیدی ئەو عەقڵە هیچ سوودێکی نەماوە یان ناتوانێت ئەو وێرانکاری و خراپانەی کە بەسەری خۆی و گەلەکەیدا هاتوون، قەرەبوو بکاتەوە. بە باشی ئاگای لەوەیە کە چۆناوچۆن بەدەستی خۆی ئەو دۆخە خراپەی بەسەر خۆیدا هێناوە. ئەو عەقڵەی کورد لە دوای ڕووداوەکان، ئاڵتونییە، هەر بۆیە دوژمنانی میللەتەکەمان هەمیشە گوتوویانە: “ئای ئەو عەقڵەی کورد دوای ڕووداوەکان، لە سەری مندا بوایە”.
هەر لە ڕاگەیاندنی پەکەکەوە تا ئەو ڕۆژەی کە گوایە چەکی دانا و پەیامەکانی عەبدوڵای سەرۆکی، کورد جارێکی دیکە هەستی بەخۆی کرد، تێگەیشت کە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە دەوڵەتی تورک بۆخۆی پەکەکەی دامەزراندووە بۆ ئەوەی کە بزووتنەوەی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەکەدا لەناو ببات.
ئەمڕۆکە بەشێوەیەکی بەرفراوان پەکەکە و ڕۆڵ و ئەرکی ئەو حیزبە بۆ ناوبردنی نەتەوەی کورد، بە ڕوونی دەبیندرێت و هەستی پێدەکرێت. هەر بۆیە زۆربەی ڕۆشنبیران و ڕووناکبیرانی ئێمە لەسەر ڕێگای ڕاست بۆ چۆنیەتی تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە دەڵێن و دەنووسن.
تا ئێستا، ئەوەندە باشە، بەڵام چەند لەو نووسینانە دەخوێندرێنەوە؟ ئەمەیە کە گرنگە. هەر بۆیە پێشنیار دەکەم ئەوانەی کە هەقێقەتیان بۆ دەرکەوتووە، پێویستە یەکجارەکی و بۆ هەمیشە نووسراوەکانی ئەو ڕۆشنبیر و ڕووناکبیرە ئازایانە بخوێننەوە کە لە مەترسیدارترین سەردەمەکاندا لەسەر هەقێقەتی پەکەکە نووسیویانە و بزانن هەندێک لەو کەسە ئازایانە لەو سەردەمەدا چییان نووسیوە و چییان گوتووە.
زۆربەمان پێکەوە تێگەیشتوین کە ئەو کات و دەرفەتەمان لەدەست چووە و پەکەکە لە سایەی شەڕی خۆی بە لەناوبردنی کورددا سەرکەوتووە. سەرکەوتوو بووە، بەڵام هەندێک کەموکووڕی ماونەتەوە. چۆن ئەو کەموکوڕییانە پڕدەکرێنەوە گرنگە و پرسەکە لێرەدایە.
بە بڕوای من هێشتا ئەو مەترسییە گەورانە نابینین یان نامانهەوێت بیبینین کە ئەمڕۆکە لەسەر دەستی پارتی دەم (DEM) ئەنجامی دەدرێن. هەر بۆیە زۆر باسی ناکەن. هەندێک تەنها بۆ ئەوەی کە ڕۆژێک ببن بە پەرلەمانتار یان سەرۆکی شارەوانی و هەندێکیش لە ترسان و هەندێکی دیکە لەبەر مەسەلەی ڕانت، بەرانبەر بە ڕوداو و کردەوەکانی داهاتوو، لەهەمبەر دەم پارتیدا بێدەنگن.
ئەو بێدەنگییەی بەرامبەردەم پارتی، وێرانکارییەکی وای بۆ کورد دروستکردووە کە ئەو دەنگانەی ئەمڕۆ بەرز دەکرێنەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە یان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێت. سبەی ڕۆژ پرۆژەی لەناوبردنی گەل کورد بەشێوەیەکی تر و لەڕێگەی دەم پارتییەوە دەکەوێتە ناو ژیانی کوردانی باکووری کوردستانەوە.
ئەو کەموکوڕییەی کە پەکەکە نەیتوانیبوو جێبەجێی بکات، ئێستا ئیدی لەڕێگەی پارتی دەمەوە تەواویان دەکات. ئەویش بەتەواوی بێدەنگ کردنی کورد و لەناوبردنیانە. بۆیە پێویستە سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیرانی گەلی کورد دەبێ لە ئێستاوە ئەمە ببینن و تا ئەو جێگایەی کە بتوانن دەبێ لە دژی بوەستنەوە. پێویستە هەقێقەتی ئەو پڕۆژەیەی کە ئامانجی لەناوبردنی نەتەوەی کوردە و لە سەر دەستی دەم پراتییەوە جێبەجێ دەکرێت، بۆ گەلەکەیان ئاشکرا بکەن.
مادام لایەنە سیاسییە کوردییەکان و زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی ئێمە لەهەمبەر ئەم بابەتە بێدەنگن، پێویستە ئەم بارگرانییە لە ئەستۆی ڕۆشنبیرانی نەتەوەکەمان بێت. لە زۆرێک لە وڵاتان کاتێک پارتە سیاسییەکان ناتوانن یان بێدەنگن، ڕۆشنبیران دەنگیان بەرز دەبێتەوە. پێویستە لە باکوری کوردستانیش ئەم کارە دەست پێبکرێت.
ئەو حیزبەی کە سەرۆکەکانی کورد نەبن، حیزبێک کە زۆرینەی بەڕێوەبەرەکانی کورد نەبن، چۆن دەتوانێ کار بۆ کورد بکات؟ هەتا ئێمە بە ڕوونی و بوێرانە، خەڵک لەم ڕاستییە تێنەگەیەنین، ئەستەمە هەنگاوی ئەرێنی بەرەو یەکڕیزی بنرێت.
بەڵام کورد و بەتایبەت پارتە سیاسییەکانی ئێمە کە خۆیان بە کوردستانی ناودەبەن، ئەمە نابینن، یان نایانهەوێت بیبینن. بۆیە مرۆڤ و تاکی نەزان لە ئاهەنگەکانی پارتی دەمدا، ئاهەنگ بۆ لەناوچوونی خۆیان دەگێڕن، بەڵام نازانن و تێناگەن کە ئەم هەڵپەڕکێیە کۆتاییهێنان گەلە واتە کۆتاییهێنان بە خۆیانە.
دوا قسە:
ئەگەر لە ئێستادا هەر کوردێک کە زێدی خۆی واتە کوردستانی شیرینی خۆش دەوێت، لەپێناو ئازادی نیشتمانەکەیدا کار و خەبات نەکات، ئەگەر حیزب و بزووتنەوە کوردستانییەکان لە دژی ئەم پڕۆژەیەی پارتی دەم یەک نەگرن، کورد لەناو دەچێت. جا ئەوکات ئێمە دەبێ لەسەری خۆمان بدەین و بەخۆ بکەوین، بەڵام هیچ سوودێکی نابێت. وەک دۆخی ئێستامان…
هەر بۆیە دەڵێم: حیزبە کوردستانییەکانی ئێمە یان یەکدەگرن، یان هەمووتان یەک بە یەک و بە نەتەوەکەشمانەوە، لەناو دەچن. تەنها بەرپرسیار و تاوانباری ئەم دۆخەش ئێوە بۆخۆتان دەبن.