لە ڕێکەوتی 11ی نیساندا لەژێر بنمیچی پەرلەمانی عێراقدا، نەک پرۆسەیەکی دیموکراتیک، بەڵکوو گەمەیەکی مافیایی بەناوی “هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری” ئەنجامدرا. بافڵ تاڵەبانی بە کەسایەتیی لووتبەرز و من من کردنەکەی خۆیەوە، کەسایەتییەک کە تینووی دەسەڵاتە و هیچ سنوورێک ناناسێت، لەگەڵ ئەو حزبە شیعە و سوننانەدا کە هەبوونی کورد بە ژەهر دەزانن، لەسەر یەک سفرە دانیشت.
هەندێک بێ شەرمانە دەڵێن ئەمە “سەرکەوتنی یەنەکەیە”. ئایا بەڕاستی ئەمە سەرکەوتنە؟ با لە ڕووی ڕاستەقینەی ئەم شانۆگەرییە بڕوانین:
حیزبێک کە لە سندووقەکانی دەنگداندا دۆڕابێت، چۆن “سەردەکەوێ”؟
ئایا یەنەکە لە کامە هەڵبژاردنی ڕەوادا بووە بە حیزبی یەکەم؟
ئایا لە هەڵبژاردنی 20ی جووتمانگی 2024دا براوە بوو؟ نەخێر! ئایا لە هەڵبژاردنی 9ی مژداری 2025ی پارلمانی عێراقدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا؟ بە هیچ شێوەیەک! کەواتە ئەم “سەرکەوتنە” لە کوێوە هات؟ وەڵامەکەی ڕوونە: بافڵ تاڵەبانی چووە ئامێزی دوژمنانی سوێندخواردووی کوردستان و سوێندی خوارد کە خزمەتکاری ئەو ناسیۆنالیست و شۆڤێنیستە عەرەبانە بێت کە دەستکەوتەکانی گەلی کورد بە هەڕەشە دەزانن. ئەمە سەرکەوتنێکی سیاسی نییە؛ ئەمە بەدەستهێنانی کورسییەکی بە کرێیە، لەسەر حیسابی فرۆشتنی ئیرادەی نەتەوەیی نەتەوەیەک.
11ی نیسان: ڕۆژی مسۆگەرکردنی کورسییەک بە هاوکاری دوژمن
11ی نیسان ڕۆژێک نییە کە تێیدا پەدەکە شکستی هێنابێت، بەڵکوو ئەو ڕۆژە ڕەشەیە کە یەنەکە بە هاوکاری داگیرکەران کورسییەکی لەرزۆکی بۆخۆی مسۆگەر کرد. لە سیاسەتدا دەڵێن “کردەوەکانی ڕابردوو گەرەنتی کردارەکانی داهاتوون”. با ئاوڕێک بدەینەوە بزانین بافڵ لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا چ گەرەنتییەکی پێداوین:
خیانەتی کەرکوک: بافڵ شارێکی دێرینی وەک کەرکووکی ڕادەستی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران کرد. بۆ پارێزگارێک کە تەنها ناوی یەنەکە بێت، بەڕێوەبرایەتییەکانی چاندن و دامەزراوە ستراتژیکەکانی پێشکەش بە عەرەبەکان کرد. لە دوای سەدام حسێنەوە ئەمە یەکەمجارە کە لە سایەی یەنەکەوە، بەعەرەبکردن (تەعریب) بەمشێوەیە بە فەرمی بگەڕێتەوە. ئەوان کەرکووکیان فرۆشت و دواتریش پارچە پارچە دامەزراوەکانیشیان فرۆشت.
تیرۆر و ترس: کەسانی وەک هاوکار جاف تەنها لەبەر ئەوەی ڕەخنەیان لە دیکتاتۆریەتی ئەو دەگرت، کوژران. لە لالەزار خوێنی لاوانی کورد ڕژا و بە زیندووی سووتێندران.
تاڵانی ئابووری: قاچاخی پارە، تاڵانکردنی داهاتی گومرگەکان، سووتاندنی گوماناوی بازاڕی لەنگە و ئاژاوەگێڕی لە لاجان… هەموو ئەمانە کاری بافڵ و تیمەکەی ئەون.
نوێنەری حەشدی شەعبی یان سەرۆکی حزبێک؟
زیاتر لە 40 ڕۆژە کوردستان بۆردومان دەکرێت، ئێمە 16 شەهیدمان هەیە، منداڵانی کور هەتیو کەوتوون، بەڵام بافڵ تاڵەبانی لەبری ئەوەی کە حیسابی ئەو زوڵمە وەربگرێت، لە 12ی نیساندا دەردەکەوێت و داوا لە وڵاتانی دەوروبەر دەکات کە لەبەر هێرشکردنەسەر حەشدی شەعبیدا داوای لێبووردن بکەن! ئەمە نەک هەر بێ ئەخلاقییە، بەڵکوو خیانەتە لە خوێنی شەهیدانیش.
بافڵ تاڵەبانی نیشانی دا کە نوێنەری گەلی کورد نییە، بەڵکوو نوێنەری حەشدی شەعبی و کەسانی وەک ڕەیان کلدانی و قەیس خەزعەلییە. ئەو لە ئێستا بەولاوەش، لەگەڵ هەمان ئەو چەتانەی کە ڕۆژانە پەلاماری خاکی کوردستان دەدەن، لەدژی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی دەجووڵێتەوە.
بافڵ تاڵەبانی و یەنەکەی ئەمڕۆ، چیتر ئەکتەری سیاسی کورد نین؛ ئەوان ئامرازێکی شکاون لە دەستی نەیارانی کوردستاندا.