ئۆجەلان: مەسەلەی کورد یەکیەتیی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو یەکیەتی دیموکراتیکە!!

ئۆجەلان: مەسەلەی کورد یەکیەتیی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو یەکیەتی دیموکراتیکە!!

ئۆجەلان: “هەر پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی نەتوانێت خۆی لەگەڵ واقیعی سەردەم بگونجێنێت و داینامیکە ناوخۆییەکانی لەسەر بنەمای دیموکراسی دانەمەزرێنێتەوە، ناتوانێت بەردەوام بێت”.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە پەیامێکی بۆ کۆنفرانسی “دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتیک” ناردووە کە لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو. ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە   مەسەلەی کورد یەکیەتیی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو یەکیەتی دیموکراتیکە!!.

ئۆجەلان چارەسەری ئەم دۆخە لە کۆبوونەوەی “کۆنگرەیەکی گشتگیری یەکێتیی دیموکراتی”دا دەبینێتەوە و وەک ئەرکێکی بەپەلەی مێژوویی وەسفی دەکات بۆ دەرخستنی ئیرادەی بەکۆمەڵی گەلی کورد.

کۆنفرانسی “دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتیک”، لە هۆڵی کۆنفڕانسی “عەلی ئەمیری” گەورەشارەوانیی ئامەد بەڕێوەدەچێت. پەیامی ئۆجەلان لەلایەن “حیلمی ئایدۆغدو” لە سکرتاریەتی دەستپێشخەریی یەکێتی دیموکراتیکەوە خوێندرایەوە.

میدیاکانی پەکەکە دەقی پەیامەکەی ئۆجەلانیان بەمشێوەیە بڵاو کردۆتەوە:

“بەشداربووانی هێژا

درێژەدان بە هەبوونی گەلێک، ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە هێزی گۆڕانکاریی بە گوێرەی سەردەم، هەر بونیادێکی کۆمەڵایەتی کە نەتوانێت دینامیکی ناوخۆیی خۆی بگۆڕێت و لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک بنیاتی بنێتەوە، ناتوانێت درێژە بە مانەوەی بدات.

گەلی کورد بەهۆی سیاسەتی نکۆڵی و لە ناوبردن و فشارەوە کە ساڵانێکە بەردەوامە، بێبەشبووە؛ لە بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییە بەشێوەیەکی سرووشتی، پرسی سەرەکی بەردەممان لە ئێستادا ئەوەیە؛ ئایا کۆمەڵگەی کوردی چۆن دەگاتە ئاستی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ.

کورد بە مێژوو و زمان و کەلتوور و شێوەگرتنە کۆمەڵایەتییەکەی، ڕاستینەیەکە و کاتێک لە بوارەکانی سیاسەت و ئابووری و تەندرووستی و کلتووری، توانی پێشەنگایەتی خۆی بکات، ئیتر دەتوانێ درێژە بەم ڕاستینەیەی بدات، ئەمەش تەنها بە ڕێکخستنێکی بەهێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی دێتەدی.

 کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، پێویستی بە بنیاتنانێکی هۆشمەندانەیە و ئەم بنیاتنانە بە توندوتیژی و فشار نایەتەدی، بە ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی فرەلایەن لەسەر بناغەی سیاسەتی دیموکراتیک و یاسا، ڕێی تێدەچێت، بناغەی ئەم پڕۆسەیەش، سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی بە کۆمەڵگەبوون و ئابووری و کلتوور و زمان و مێژووە، بەگوێرەی بنەما دیموکراتیکەکان، دیموکراسی تەنها لە شوێنێکی خاڵی لە زۆرەملێ و فشاردا، دەژی.

بۆیە کورد، ناچارن بونیادی نوێی خۆیان، نەک تەنها بەرانبەر دەرەوە، بەڵکو لە پەیوەندییە نێوخۆییەکانیشدا، بەگوێرەی ئەم بنەما دیموکراتیکییانە دابڕێژنەوە، پێویستە لە پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەکاندا، چارەسەری دیموکراتیک و دانوستان بەبنەما بگرین، لە پەیوەندییە نێوخۆییەکانیشدا، لە بری توندوتیژی، سیاسەتی دیموکراتیک و یاسا بەبنەما بگرین، ڕێگەی یەکێتی دیموکراتیک، بە دانوستانی دیموکراتیکدا تێدەپەڕێت.

یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی گەلی کورد، پرسی یەکێتییە، بۆیە یەکێتیی دیموکراتیک، ناچارییەکی مێژووییە، بۆ دەرکەوتنی عەقڵ و ئیرادەی هاوبەش، بەستنی کۆنگرەی یەکێتیی دیموکراتیکی بەرفراوان، بەرپرسیارێتییەکی هەنوکەییە، کورد لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین و ڕێگەی دانوستانی دیموکراتیک دەگرنەبەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، پێویستە بۆ پرسە نێوخۆییەکانیش هەمان ڕێباز پەیڕەو بکەن.

بەڵام سیستەمی پەیوەندییە تەنگەکانی عەشیرەت و هۆز و پەیوەندییە تەنگەکانی تر، کۆمەڵگە دابەش دەکەن، دەبنە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم پڕۆسەکەدا، ئەم زیهنیەتەی تەونی کۆمەڵایەتی لاوازکردووە و ڕێگەی بۆ لێکهەڵوەشانی گەورە خۆشکردووە، تا ڕووبەڕووی ئەم ڕاستییە نەبینەوە، بنیاتنانی یەکێتیی دیموکراتیک، مەحاڵە.

بنیاتنانی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی کە شەڕە نێوخۆییەکانی تێپەڕاندووە، پشت بە ڕێزگرتنی هاوبەشی لایەنەکان دەبەستێت، ڕێی تێدەچێت، ئەمەش پێویستی بەوەیە، لە هەموو بوارەکاندا، بنەما دیموکراتیکەکان بە بنەما بگیرێت، ئەرکی سەرەکیی ئەم قۆناغەمان ئەوەیە، هەنگاو بە هەنگاو ئەم زیهنیەتە لە پێکهاتە سیاسییەکان و تەواوی کۆمەڵگەدا هەڵبوەشێنینەوە.

ئەم قۆناغەی بەردەممان، بۆ گەلی کورد قۆناغی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەیە، بناغەی ئەم بنیاتنانەش یەکێتیی دیموکراتیک و سیاسەتی دیموکراتیک و دانوستانی دیموکراتیکە، هەر هەنگاوێک لەسەر ئەم بناغەیە بنرێت، ئاییندەی هاوبەشمان بنیات دەنێت.

سڵاو و ڕێز بۆ هەمووتان دەنێرم.

عەبدوڵا ئۆجالان

ئیمراڵی”.

Share