ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر 3 زیندانیی کورددا سەپاند

ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر 3 زیندانیی کورددا سەپاند

داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ: ئەو 3 دەستبەسەرکراوە ئەشکەنجە دراون و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچارکراون ئیفادە بدەن.

ڕێژیمی ئێران بە بیانووی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا سزای لە سێدارەدانی بەسەر سێ زیندانیی کورددا سەپاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، سێ بەندکراوی کورد کە لە زیندانی بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگیراون، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە. بەو پێیە سزای لەسێدارەدان بەسەر ڕەئوف شێخ ئەحمەدی و محەمەد فەراجی و موحسین ئیسلامگاهدا سەپێنراوە.

بەم پێیە دادگا بە تۆمەتی “دوژمنایەتی لەگەڵ خودا” و “خراپکاری لەسەر زەوی” سزای لەسێدارەدانی بەسەریاندا سەپاندووە.

وەک ڕاگەیاندراوە، شێخ ئەحمەدی لە 26ی کانوونی 2022دا لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو، پاشان گواسترایەوە بۆ ناوەندی ئیتلاعاتی شاری ئورمیە و نزیکەی پێنج مانگ و نیو هیچ هەواڵێکی لێ نەبیسترا. باس لەوەش کراوە کە محەمەد فەراجی لە 11/1/2023، ماوەیەکی کەم دوای دەستبەسەرکردنی، گواستراوەتەوە بۆ هەمان ناوەند.

موحسین ئیسلامگا‌هـ کە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا تەمەنی 16 ساڵ بوو، بەهەمان شێوە گواسترایەوە بۆ یەکەی ئیتلاعاتی شاری ئورمیە و بۆ ماوەی 40 ڕۆژ هیچ هەواڵێکی لێ نەبیسترا و دواتر گواسترایەوە بۆ زیندانی ڕێژیمی ئێران لە شاری بۆکان.

داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ئەو سێ دەستبەسەرکراوە ئەشکەنجە دراون و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچارکراون ئیفادە بدەن.

Share