مەسرور بارزانی: پابەندین بە داکۆکیکردن لە ئازادیی کاری راگەیاندن

مەسرور بارزانی: پابەندین بە داکۆکیکردن لە ئازادیی کاری راگەیاندن

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: کارئاسانیی پێویست بۆ کارەکانی ڕاگەیاندکاران و ڕۆژنامەنووسان دەکەین.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی، پشتیوانیی حکوومەت بۆ ئازادیی کاری راگەیاندن دووپات دەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22/4/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە: “بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان)، لەلایەن میر میقداد مەدحەت بەدرخان، کە هاوکات ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، پیرۆزبایی لە گشت رۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامانی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم”.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی‌:

بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی ( کوردستان ) لەلایەن میر میقداد مەدحەت بەردخان، کە هاوکات ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە،  پابەندە بە داکۆکیکردن لە ئازادی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانیی و پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ ڕاگەیاندنکاران، لە هەمانکاتدا ئومێدەوارین ڕاگەیاندنکارانی بەڕێزیش، لە ئاست پیشە و ئەرکی گرنگی ڕاگەیاندندا بن و بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە، كاری خۆیان ئەنجام بدەن و یاسا و ئیتیک و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژنامەوانی لەبەرچاو بگرن و ڕۆڵی کارای خۆیان لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەرگریکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگێڕن.

ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە هەموو ڕاگەیاندنکارانی کوردستان پیرۆز بێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

Share