بۆچی لاهور و پۆڵاد جەنگی دوای 8 مانگ دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە؟

لاهوور جەنگی: سەرکردایەتی یەکێتی هیچ ڕۆڵ و کەرامەتێکیان بۆ دادگا و دامودەزگاکانی سلێمانی نەهێشتووەتەوە.
لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ڕێکارە یاساییەکانی دۆسیەکەیان و نەبوونی سەروەریی دادگا، مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند.
دوێنێ 19ی نیسان، بورهان ڕەشید گولە، سەرۆکی تیمی یاسایی لاهور شێخ جەنگی بە کەناڵی کوردستان24ی باشووری کوردستانی ڕاگەیاند، لاهور و پۆڵادی برای لە زینداندا دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.
بە گوتەی پارێزەر بورهان ڕەشید، هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە داواکەیان بۆ گواستنەوەی دۆسیەکەیان بۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر قبووڵ نەکراوە. پارێزەرەکە ڕایگەیاندووە کە موەکلەکانی لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکەیان و “نادادپەروەری یاسایی” ناڕازین.
“8 مانگە بە ناڕەوا زیندانی کراوین”
لاهور شێخ جەنگی، لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە ماوەی 8 مانگە “بەدوور لە هەموو نەریتە دامەزراوەیی و یاساییەکان” زیندانی کراون.
لە پەیامەکەیدا لاهوور شێخ جەنگی ڕاستەوخۆ سەرکردایەتی یەنەکە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: “تا ئێستا سەبرمان هەبووە بۆ ئەوەی دادگا ڕێکارێکی یاسایی بگرێتەبەر، بەڵام دیارە ئەو فشارەی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لەسەر دادگا و دامەزراوەکان دروستیان کردووە، ڕێگری دەکات لە گواستنەوەی مەلەفی ‘سیناریۆ’مان بۆ دادگای تێهەڵچوونەوە، بۆیە من و پۆلاد پێکەوە بڕیارمانداوە لە ئەمڕۆوە دەست بە مانگرتن لە خواردن بکەین تا سەروەری یاسا لە فایلەکەماندا جێگیر دەبێت”.
لاهوور شێخ جەنگی دووپاتی کردەوە کە ئامادەن گیانی خۆیان بدەن بۆ پووچەڵکردنەوەی سیناریۆکان بەرامبەریان و گوتیشی: “ئامادەین جارێکی دیکە ژیانی خۆمان بخەینە مەترسییەوە بۆ ئەوەی هەمووان بزانن کە ئێوە (سەرکردایەتی یەکێتی) هیچ ڕۆڵ و کەرامەتێکتان بۆ دادگا و دامودەزگاکانی سلێمانی نەهێشتووەتەوە”.