هەروەها ئاماژەی بە دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە دا و رایگەیاند: كە هەرێمی كوردستان هیچ كات لەگەڵ بوونی شەڕ و گرژیدا نەبووە و پێیوایە هیچ كێشەیەك لە رێگەی شەڕ و ململانێیی سەربازی چارەسەر نابێت و دەبێ گرفتەكان لە رێگەی دانوساندن و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بكرێن.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە و بەشێك نابێت لەو شەڕ و تێكهەڵچوونانەی لە ناوچەكەدا هەیە و پشتیوانی لە هیچ جموجۆڵی سەربازی و شەڕێك لە ناوچەكەدا نەكردووە.
هاوکات ئەوەشی خستە روو، “بە داخەوە سەرباری ئەو هەڵوێستە روون و ئاشكرایانەمان، زوڵمێكی زۆر لە هەرێم كراوە و بەهۆی پەلاماری بەرفراوانی مووشەكی و درۆنییەوە ژمارەیەك هاووڵاتیی هەرێم شەهید و بریندار بوونە”.