چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، کچێکی 13 ساڵانیان لە کۆبانێ ڕفاند

دایکی کیژۆڵە ڕفێندراوەکە هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر کچەکەی ئازاد نەکرێت، ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات.
لە شاری کۆبانێ ڕۆژئاوای کوردستان هەواڵی ڕفاندنی منداڵێک لە لایەن تاقمی چەتەئاسای بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”ـەوە، ناڕەزایەتیی گەورەی لێکەوتەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، ئەو کچە ناوی “نادیە ئیبراهیم شێخ محەممەد” و تەمەنی تەنها 13 ساڵانە و چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ڕفێندراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
دوای ئەوەی خێزانی منداڵەکە داوای گەڕانەوەی کچەکەیان کرد، گرژی لە نێوان ئەوان و ڕێکخراوەکەدا دروست بوو. باس لەوە دەکرێ کە “عەفاف نەعسان”، دایکی نادیە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ڕفاندنی کچەکەی هەڕەشەی “خۆسووتاندن”ی کردووە. هەروەها دەگوترێ کە ئەندامانی تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر” هێرشیان کردووەتە سەر باوکی منداڵەکە و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی و لێیانداون.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە، دایکی منداڵەکە داوای لە “مەزڵووم عەبدی”، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی مافەکانی منداڵان کردووە، بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ ئەوەی کچەکەی بگەڕێننەوە بۆ ئامێزی بنەماڵەکەی.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای ئەوەی کە مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ساڵی 2019دا لەگەڵ ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان، پەیمانێکی واژۆ کردووە و بەڵینی داوە کە ئیدی منداڵانی ژێر تەمەن 18 ساڵ تێکەڵ بە ڕیزی هیزەکانی خۆی نەکات و هەروەها ئەو منداڵانانەش ئازاد بکەن کە پێشتر چەکداریان کردوون، بەڵام هەسەدە و فەرماندەکەی هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە بەڵێن و واژۆکەی خۆیان پێبەند نەبوون و بەردەوام و بەشێوازی جۆراوجۆر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕفێنن و بەزۆر چەکداریان دەکەن و لە شەڕەکاندا بەشدارییان پێدەکەن.
بەبڕوای چاودێران ئامانجی چەتەکانی تاقمی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر” لە ڕفاندنی منداڵی بچووک، شۆردنەوەی مێشکیان بەگوێرەی ئایدۆلۆژیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و چەکدارکردن و تێکەڵکردنیانە بە ڕیزی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە.
بنەماڵەی نادیە ئیبراهیم شێخ محەممەد داوا دەکەن بە زووترین کات کچەکەیان ئازاد بکرێت و بەرپرسانی ئەم ڕووداوە دادگایی بکرێن.