سەرۆک بارزانی: ئازاری ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هێنراون هەرگیز فەرامۆش ناكەین

سەرۆک بارزانی: “كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی، دەستپێكی پڕۆسەی كیمیابارانكردنی هاووڵاتیی سڤیل و بەردەوامبوونی سیاسەتی سڕینەوەی گەلەكەمان بوو”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16/4/2026، سەرۆک بارزانی، لە 39مین ساڵیادی کیمیابارانی بالیسان و شێخ وەسانان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، رژێمی پێشووی عێراق تاوانێكی تری لەدژی گەلی كورد ئەنجام دا كە بریتی بوو لە كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لە 16ی نیسانی 1987دا، ڕژێمی پێشووی عێراق تاوانێكی تری لەدژی گەلی كورد ئەنجام دا كە بریتی بوو لە كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی. ئەو تاوانە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی بێتاوانی ناوچەكە. ئەم تاوانە دەستپێكی پڕۆسەی كیمیابارانكردنی هاووڵاتیی سڤیل و بەردەوامبوونی سیاسەتی سڕینەوەی گەلەكەمان بوو. ڕژێم هەر بەو تاوانە نەوەستا و دەیان برینداری ئەو كارەساتەشی دوای دەستگیر كردن بەشێوەیەكی دڕندانە زیندەبەچاڵ كردن.
لە سی و نۆیەمین ساڵیادی ئەم تاوانە نامرۆڤانەیەدا، سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەو كارەساتە دەنێرین و هاسۆزی خانەوادە و كەسوكاریانین. یاد و ئازاری ئەم تاوانە و هەموو ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هێنراون هەرگیز فەراموش ناكەین.
مسعود بارزانی
16ی نیسانی 2026