ئاماری هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان؛ 21 شەهید و 96 بریندار

لە دوای ئاگربەستەوە بە 25 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و لە ئەنجام دا 4 هاونیشتمانی شەهید و چواریش بریندار بوون.
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، هێرشەکان بە درۆن و مووشەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن. لە ڕێکەوتی 28ـی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 730 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر کە 25 لەو درۆن و مووشەکانە لە دوای ئاگربەست بوون.
بەهۆی ئەو هێرشانەوە کە لەدوای ئاگربەست کرونەتە سەر خاکی باشووری کوردستان، ژمارەی شەهید و بریندارەکان بەرز بووەتەوە.
هەرێمی کوردستان لە دوای ئاگربەستەوە بە 25 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر، لە ئەنجام دا 4 هاونیشتمانیی دیکە شەهید و چواریش بریندار بوون.
لە ڕێکەوتی 14ـی نیسانەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە 728 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر، لە ئەنجامدا 21 کەس شەهید و 96 کەسیش بریندار بوون.
نوێترین ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان
– لە کاتژمێر 22:20 بۆ 23:00ـی شەوی رابردوو، لە دوو هێرشی جیادا کەمپێکی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری گردەچاڵ لە پارێزگای هەولێر بە درۆن هێرشی کرایەسەر.
کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI) بە کەناڵی رووداوی باشووری کوردستانی راگەیاندووە: “هێرشەکە تەنها زیانی ماددیی هەبووە”.
هەروەها لە 17ـی نیسان، دوو هێرشی جیا “بە درۆن و مووشەک” کرایە سەر سنووری خەلیفان و بەحرکە لە پارێزگای هەولێر.
لەهێرشەکەی دوای نیوەڕۆ بۆ سەر کەمپی جێژنیکان لە سنووری قەزای بەحرکە کوڕی پێشمەرگەیەک شەهید بووە و باوکیشی بریندار بووە.
لە هێرشەکەی سەر سنووری خەلیفاندا بارەگایەکی حیزبی دیموکرات بۆردوومان کراوە و لە ئەنجامدا دوو کچە پێشمەرگە شەهید بوون و کچە پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بووە.
بەگوێرەی راگەیاندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، نیوەڕۆی ڕۆژی 16ـی نیسان، بە درۆنێک گوندی زرگوێز لە سلێمانی بۆردوومان کراوە.
هەروەها لەنێوان کاتژمێرەکانی 09:15ـی شەوی پێنجشەممە 16ـی نیسان بۆ کاتژمێر 09:25ـی هەمان شەو، بە سێ درۆن هێرشکرایە کەمپێکی کەسوکاری پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر. بەگوێرەی دەزگای ئاسایش، هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە.
هەروەها پێش نیوەڕۆی 16ـی نیسان، درۆن لە یەکێک لە گوندەکانی شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە و نەتەقییەوە.
ئاماری هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
– پارێزگای هەولێر: 580 درۆن و مووشەک
- پارێزگای سلێمانی 120 درۆن و مووشەک
- پارێزگای دهۆک: 26 درۆن و مووشەک
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 درۆن
زیانە گیانییەکان و ناسنامەی قوربانیان
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 21 کەس شەهید بوون و 96 کەسیش بریندار بوون.
لەناو شەهیدەکاندا، حەوتیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون کە لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، دووانیان هاوژینی یەکبوون و لە ماڵەکەیاندا شەهید کران؛ نۆیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و یەکێکیشیان کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. بەگشتی چواریان لە هەولێر و سێیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون. هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
لە ناو بریندارەکانیشدا 30 پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 3کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن. یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون و 31ـی ئادار سێ مێردمنداڵی دیکە لە هەولێر بریندار بوون.
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
ئەو ناوچانەی هێرش کراوەتە سەریان
پارێزگای هەولێر:
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتووەتە خوارەوە: سیدەکان، دۆڵی ئالانە، دۆڵی مەلەکان، هەریر، کانی قرژاڵە، بالیسان، خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، نووسەران، هەڤاڵان، کارێزان، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای سلێمانی:
سلێمانی، چیای گوڵان، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، گوندی شێخ وەیساوا، گردی ریعایە، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای دهۆک:
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە. هەروەها سێ درۆنی دیکە لە کێڵگەی نەوتی چەمانکێ کەوتنە خوارەوە و لە سنووری ئامێدیش 3 درۆن کەوتوونەتە خوارەوە.
پارێزگای هەڵەبجە:
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە لە یەک هێرشدا بە دوو درۆن بۆردوومان کران.
ژێدەر: ڕووداو