چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، کچێکی تەمەن 15 ساڵانیان لە عاموودا ڕفاند

چەتەکانی "جوانێن شۆرەشگەر"ی پەکەکە، کچێکی تەمەن 15 ساڵانیان لە عاموودا ڕفاند

“ڕفاندنی منداڵان بە ناوی “شۆڕشگێڕی”یەوە زەربەیەکی جددی لە ئایندەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی کوردستان دەدات”.

لە شارۆچکەی “عاموودا”ی سەر بە پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، کیژۆڵەیەکی مێرمنداڵ بە ناوی “زەینەب محەممەد نوورەدین” (تەمەن 15 ساڵ) لە لایەن تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکەوە ڕفێندرا. وەک ڕاگەیاندراوە ئەم ڕووداوە لە ڕێکەوتی 1ی نیسانی 2026دا ڕوویداوە و تا ئێستاش چارەنووسی ئەو منداڵە نادیارە.

زەینەب محەممەد نوورەدین کە بەڕەچەڵەک خەڵکی عەفرینە، ژیانێکی پڕ ئازار و ناخۆشی بە ئاوارەیی بەسەر بردووە. لە ساڵی 2018دا کاتێک سوپای تورکیا و میلیشیا بەکرێگیراوەکانی، عەفرینیان داگیرکرد، خێزانەکەی ناچار بوون بەرەو ناوچەی شەهبا لە پارێزگای حەلەب کۆچ بکەن. دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا، ئەو بنەماڵەیە دیسانەوە ئاوارە بوون و ڕوویان لە شارۆچکەی تەبقا کرد. لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزەکانی (هەسەدە) و چەکدارانی حکومەتی کاتیی سووریا، ئەو خێزانە جارێکی دیکە ئاوارە بوون و ناچاربوون بەرەو شارۆچکەی عاموودا کۆچ بکەن.

وردەکارییە سەرنجڕاکێشەکان ئەوە دەردەخەن کە بنەماڵەی زەینەب خۆیان لایەنگری پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)ن. ئاشکرابووە کە برایەکی زەینەب بەناوی حەنان لە ئێستادا ئەندامێکی چالاکی ڕێکخراوی ئاسایشی سەر بە پەیەدەیە. سەرەڕای ئەمەش کچی ئەو بنەماڵەیە لەلایەن ڕێکخستنەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ـەوە ڕفێندراوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەو ڕێکخراوە لە ڕفاندنی منداڵاندا هیچ جیاوازییەک لە نێوان لایەنگرەکانی خۆی و لایەنەکانی دیکە دانانێت.

ڕفاندنی زەینەب لە کاتێکدایە کە بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی پڕچەککردنی منداڵان لە ناوچەکە زیادی کردووە. ئەو خێزانانەی عەفرین کە بەهۆی شەڕ و داگیرکارییەوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، ئێستا لە ناوچە جیاجیاکاندا لەگەڵ هەڕەشەی ڕفاندنی منداڵەکانیان بەرەوڕوون. چاودێرانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕفاندنی منداڵان بە ناوی “شۆڕشگێڕی”یەوە زەربەیەکی جددی لە ئایندەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی ناوچەکە دەدات.

Share