کارەسات لە سلێمانی: پێشمەرگەیەکی بریندار بەوهۆیەوە کە نەخۆشخانەکان ئامادە نەبوون وەریبگرن، شەهید بوو

کارەسات لە سلێمانی: پێشمەرگەیەکی بریندار بەوهۆیەوە کە نەخۆشخانەکان ئامادە نەبوون وەریبگرن، شەهید بوو

غەزاڵ مەولان لە هێرشێکی درۆنیی ڕێژیمی ئێراندا بۆ سەر کەمپی سورداش، لەگەڵ دوو پێشمەرگەی دیکە بریندار ببوو.

ژنە پێشمەرگەیەک بە ناوی “غەزاڵ مەولان”، کە لە هێرشێکی درۆنیی ڕێژیمی ئێراندا لە نزیک شاری سلێمانی، باشووری کوردستان بریندار ببوو، شەهید بوو. خانەوادەکەی و بەرپرسانی حیزبەکەی ئەو کچە پێشمەرگەیە ڕایانگەیاند: غەزاڵ لەبەر ئەوەی کە نەخۆشخانەکانی سلێمانی ئامادە نەبوون وەریبگرن و تیماری بکەن و کاتێکی زۆر بە برینداری و بە بێ چارەسەر ماوەتەوە، شەهید بووە.

غەزاڵ مەولان ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران (کۆمەڵە) بوو. ئەو کچە لە هێرشە درۆنییەکەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەمپی سورداش لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی پێشمەرگەی بریندار ببوو. دوای هێرشەکە، غەزاڵ بە برینێکی سەختەوە گەیەندرایە ناوەندی شاری سلێمانی، بەڵام کاتی زێڕینی زیندوومانەوەی، لەنێوان نەخۆشخانەکاندا لەدەستچوو.

ئەمجەد حسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەلە لە هەولێر، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، سەرەتا غەزاڵ گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شۆڕشی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و لەوێ چارەسەری سەرەتایی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە جێگا نەبووە، ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی دیکە کرا. پەناهی ڕایگەیاند کە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی وەک ئاسیا و بەخشین وەریان نەگرتووە و دوای چەند خولەکێک دوای گەیشتن بە نەخۆشخانەی فاروق گیانی لەدەستداوە و شەهید بووە.

لای خۆیەوە نەخۆشخانەی بەخشین لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، نەخۆشخانە ئەهلییەکان ناتوانن “حاڵەتی پزیشکی دادوەری” (دۆسیەی پۆلیس و ئەمنی) بەبێ نوسراوی ئەمنی فەرمی وەربگرن. لە لایەکی دیکەوە نەخۆشخانەی ئاسیا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە نەخۆشێکی لەو شێوەیە هەرگیز نەهاتۆتە بەردەرگای ئەوان.

هاوکات د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، پێشمەرگە شەهیدەکە نەبراوە بۆ نەخۆشخانە حکومییەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی. هەورامی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، نەخۆشخانەکانی وەک شۆڕش (سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە) و نەخۆشخانە ئەهلیەکان لەژێر چاودێری ئەواندا نین و بەرپرسیارێتییان جیاوازە.

ئەم ڕووداوە ناڕەزایی زۆری لای ڕای گشتی دروست کردووە، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی سەلامەتی و تەندروستی ئەو پێشمەرگانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئاوارەی باشووری کوردستان بوون.

Share