باخچەلی دان بە دەرئەنجامی خیانەتەکانی یەنەکە لە کەرکووکدا دەنێت؛ لە کەرکووک سیستەمێکی نوێ دامەزرا

تورکیا هاوشێوەی ڕۆژئاڤا بە هاوکاریی لەگەڵ پەکەکە هەوڵ بۆ بەهێزکردنی نفوزی خۆی لە کەرکووک دەدات و یەنەکەش بەشێکە لەو هاوپەیمانییە.
دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ڕووداوەکەی 17ی نیسانی کەرکووک، کە پارێزگای کەرکووک ڕادەستی پارێزگارێکی تورکمان کرا، هێدی هێدی بۆ کورد ڕوون دەبێتەوە.
ئەو هاوپەیمانییە نهێنیانەی کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و پارێزگاری کەرکووک پێکیهێناون، دەسپێکی قۆناخێکن کەوا دیمۆگرافیای کوردستان دەگۆڕێت. بە تایبەتی ڕادەستکردنی پارێزگاریی کەرکووک بە تورکمانەکان بووە هۆی ئەوەی هاتنەئارای گوتاری وەک ئەوەی کە “دوای 86 ساڵ پارێزگارێکی تورکمان دانرا”. یەکەمین کردەوەی پارێزگار لە 26ی نیساندا سنووردارکردنی دەسەڵاتی هاوکارانی کورد بوو. ئاماژەیەکی تری گرنگی ئەو یارییانەی لە کەرکوک ئەنجام دەدرێن، لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی لەسەر ئەم پرسە بوو.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، ڕۆژی سێشەممە 28/4/2026، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی حیزبەکەی لە پارلمانی تورکیادا، قسەی کرد. باخچەلی لە وتارەکەیدا گرنگییەکی زۆری بە کەرکووک دا و وتی:
“ئەو ستەمەی کە تورکمانەکانی کەرکووک ماوەیەکی درێژە رووبەڕووی دەبنەوە، تاقیکردنەوەیەکی دڵتەزێنە کە لە ویژدانی نەتەوەی تورکدا نەخشاوە. زۆر ماڵی تورکمانی دەربەدەر بوون، هەوڵدراوە زۆر خێزانی تورکمان لە نیشتمانەکەیان دووربخرێنەوە، زۆر دایک فرمێسکی رشتووە، زۆر منداڵ لە ترسا لەرزاوە، و زۆر رۆحی ئازا بە ستەم و بێبەشی تاقی کراوەتەوە. هەندێک کەس هەبوون کە هەوڵیان داوە دەنگی تورکیا لە خاکەکانی تورکماندا کپ بکەن، مێژووەکەی بشارنەوە، ناسنامە نیشتمانییەکەی لاواز بکەن، و نیشتمانی دێرینی تورک لە جەوهەری خۆی جیابکەنەوە لە ڕێگەی دەستکاریی سیاسی و پلانی دیمۆگرافییەوە.
هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی برا بەڕێزم، بەڕێز محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق، وەک پارێزگار، هێورکەرەوەیەک بووە بۆ سکاڵا مێژووییەکان و خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی نیشان دەدات لە رووی دەرکەوتنەوەی ئیرادەی تورکمانییەوە لە کەرکووک”.
باخچەلی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی:
“لەگەڵ ئازادکردنی تورکیا لە نەخۆشیی تیرۆر، ئەو زەمینەیەی لە کەرکووک دادەمەزرێت، ژیانێکی نوێ دەبەخشێت بە ناوچەکە. ئامانجمان تورکیایەکی دوور لە دووبەرەکی و ستەم و تیرۆر و کەشێکی ناوچەیی کە تێیدا ئاشتی و برایەتی ڕەگ دابکوتێنێت. زەمەنەکە گۆڕاوە، ئەم سەدەیە سەدەی تورکە، سەدەی تورکیایە. کەرکووک دەژی، تورکمانلیش هەڵدەستێتەوە و بە ئیزنی خودا بۆ هەتا هەتایە دەژی. ئێمە نە کەرکووک لەبیر دەکەین و نە موسڵ لە مێشکمان لادەبەین، نە خزمەکانمان بێ کەس بەجێدەهێڵین. لە کەرکووکەوە تاوەکو تورکستانی رۆژهەڵات، لە قەرەباخەوە تاوەکو قوبرس، لە تەنیشت هەموو خوشک و براکانمان وەستاوین”.
دەرئەنجامەکانی هاوپەیمانی باخچەلی ـ ئۆجالان و یەنەکە ـ پەکەکە
بازنەکانی کورد پێیان وایە ڕادەستکردنی کەرکووک لەلایەن بافیل تاڵەبانیەوە بە تورکمان تەنها هاوپەیمانییەکی سیاسی ئاسایی نییە. کێشەکە تەنها لە پاڵپشتیکردنی سەرۆک کۆماردا نییە. ئەو دۆخەی کە دەوڵەت باخچەلی بە “هاوسەنگییەکی نوێ لە ناوچەکەدا” ناوی دەبات، ڕێک ئەمە نیشان دەدات. کەرکووک دۆخێکی نوێی ناوچەیی بەدوای خۆیدا هێناوە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم دۆخە لە داهاتوودا زیاتر دەبینرێن و گەنگەشە دەکرێن.
گرنگترین بابەت کە پێویستە لێرەدا قسەی لەسەر بکرێت ئەوەیە؛ ئایا هاوپەیمانی باخچەلی و ئۆجەلان کاریگەری لەسەر پرسی کەرکووک هەبووە یان نا؟ زانراوە کە ئۆجەلان، لەو نامانەیدا کە لە ساڵی ڕابردوودا بۆ پەکەکەی ناردوون، تەعلیماتی پێداون کە “لە یەنەکە نزیک ببنەوە”. سەرچاوە نزیکەکانی پەکەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆجەلان کار بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێوان یەنەکە و دەوڵەتی تورکیا دەکات. بەگوێرەی سەرچاوەکانی پەکەکە، ئۆجەلان بۆچوونی خۆی بۆ دەوڵەتی تورکیا دەربڕیوە کە “پێویستە پشتیوانی یەنەکە بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەشەکردنی هەولێر و دامەزراندنی شوناسێکی کوردی بکرێت کە لەوێدا جەختی لەسەر دەکرێتەوە”.
زانراوە کاتێک ئۆجەلان بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1999دا چووەتە ئیمرالی، پڕۆژەیەکی بە ناوی “پلانی هەولێر” پێشکەشی دەوڵەتی تورکیا کرد. لەم پرۆژەیەدا ئۆجەلان پێشنیاری کردووە کە “پەکەکە بە پاڵپشتی نهێنی دەوڵەتی تورک هەولێر لە تاڵەبانی و بارزانی وەربگرێت و تورکمانەکانی هەولێریش دەتوانن لەم کارەدا پشتیوانی پەکەکە بکەن”. لە ئێستادا داتای گرینگ لەبەردەستدایە کە دەریدەخات “پلانی کەرکووک” لەبری پلانی هەولێر جێبەجێ کراوە. هەروەک چۆن تورکیا نفوزی خۆی لە ڕۆژئاڤا جێگیر کرد، ئێستا وا دەردەکەوێ کە دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاریی لەگەڵ پەکەکە هەوڵ بۆ بەهێزکردنی نفوزی خۆی لە کەرکووک دەدات و یەنەکەش بەشێکە لەو هاوپەیمانییە.
دۆخی کەرکوک تەنها دەرئەنجامی هاوپەیمانی نێوان یەنەکە و ڕژێمە شیعەکانی عێراق و ئێران نییە. لە ڕاستیدا هەوڵێکی هاوبەشی پێنج گرووپی وێرانکەر؛ واتە شیعە و شۆڤێنیستی تورک و ئۆجەلان و پەکەکە و یەنەکە، لە ئارادایە بۆ ئەوەی کە ئاستەنگ بۆ نەتەوەی کورد لە کەرکووک دروست بکەن. دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە وێرانکەرە لە قۆناغی داهاتوودا زۆر بە ڕوونتر دەبینرێن.