بێشەرمی و دووڕوویی لە سلێمانی پەرەدەستێنێت: ئێوە تەنها غەزاڵتان نەکوشت، ئێوە هەموو کوردستانتان کوشت…

بێشەرمی و دووڕوویی لە سلێمانی پەرەدەستێنێت: ئێوە تەنها غەزاڵتان نەکوشت، ئێوە هەموو کوردستانتان کوشت...

غەزاڵی پێشمەرگە نەک بە درۆنی داگیرکەری ئێرانی، بەڵکوو بە بێدەنگبوونی شاری ملیۆنی سلێمانی شەهید بوو.

شاری سلێمانی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. بێگومان نەک هەر شارەکە گۆڕاوە، بەڵکوو سیستمی سیاسی، ڕۆشنبیری، گەنجان، و دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دواجاریش شێوازی ڕێکخستن و باوەڕ و هەڵسوکەوت و ئاخاوتنی خەڵکیش گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

گۆڕانکارییەکەی سلێمانی نەک هەر ناهاوسەنگی لە نێوان سروشت و فۆرمدا، بەڵکوو لەنێوان دووڕوویی و بێڕەوشتیدا و لەناو هەموو گرووپ و توێژەکانی کۆمەڵگای لەگەڵ خۆیدا هێناوە.

ئەم دۆخە نیشانەی داڕزینە لە جیهانی ڕۆشنبیریدا. ئەم داڕزانە لە خەڵکەوە دەستی پێنەکردووە و بەرەو سەرەوە بڵاو نەبووەتەوە؛ بەپێچەوانەوە ئەم داڕزانە لە سەرەوە هاتووە، لە دەزگا و سیاسەتمەدار و ناوەندەکانی دەسەڵات و ڕۆشنبیرانی شارەوە دەستپێدەکات و دواتر بۆ ناو کۆمەڵگا دادەبەزێت. کاتێک لە ناو کۆمەڵگادا جێگەی خۆی دەگرێت، گەندەڵیی سیاسی بڵاو دەبێتەوە.

ئەمە گریمانەیەک نییە؛ دیاردەیەکی بەرجەستەیە کە ڕۆژانە دەبینرێت. دوایین داتا کە هەمانە بۆ لێکۆڵینەوە لەم دیاردەیە شەهیدبوونی غەزاڵ مەولان، پێشمەرگەی کۆمەڵە و ئەو ڕووداوانەن کە بەدوایدا هات.

غەزاڵ مەولان چاپەراباد لە 14ی نیسان لە هێرشێکی درۆنیی ئێراندا بریندار بوو، دواتر نەخۆشخانەکانی سلێمانی ئامادە نەبوون چارەسەری بکەن و لە ئەنجامدا بەهۆی برینەکانیەوە شەهید بوو. مزگەوتەکانیش قبوڵیان نەکرد تەرمی ئەم شەهیدە بشۆردرێت، دواتر نەیانهێشت خێمەی پرسەشی بۆ دابنرێت و دواجار لە 18ی نیساندا ئیدارەی سلێمانی تەنانەت ڕێگەشی نەدا کە خەڵک سەردانی گۆڕەکەشی بکەن. تەنها چەند دەنگێکی لاواز لە سلێمانییەوە لەسەر ئەم بابەتە بیسترا. ئەم دەنگانە بەزۆری لە کەسانی نزیک لە لاهوور جەنگی بوون کە ئەوانیش لە قوربانیانی هۆتێل لالەزار بوون و بەهۆی ئەو ڕقەی کە لە بافڵ هەیانبوو، هەڵوێستیان گرت. هەندێک کەسیش سەر بە یەنەکە بوون و بەمەبەستی ڕێگریکردن لە کاردانەوەی کوردانی ڕۆژهەڵات، لێدوانیان بۆ میدیاکان دا و گوتیان “ئێمەش چووینەتە سەردانی”. بەڵام ڕای گشتی بەرامبەر بەم دۆخە هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو.

وەزارەتی تەندروستی لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەستپێکرد. نەخۆشخانەکان بەرگریی لە خۆیان دەکەن، هەمووان هەوڵ دەدەن نکۆڵی لەوە بکەن کە دەستیان لەم ڕووداوەدا هەبووبێت. بێ گوێدانە دەرئەنجامەکەی، ئەوەی لە سلێمانی لە دەوری ناوی غەزاڵی پێشمەرگە ڕوویدا، نیشانەی داڕزانێکی ترسناکە.

ڕووداوگەلێکی وەها ڕوویاندا کە مرۆڤ دەتوانێت بڵێ، غەزاڵ نە بە درۆنی ئێرانی، بەڵکو بەهۆی ئەوەی لە سلێمانی ڕوویدا، شەهید بوو. لە کەسایەتی غەزاڵدا، نیشتمانپەروەریی لە سلێمانی کوژرا. ناوچەیەکی کوردستان کوژرا.

خەڵکی سلێمانی بە ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندانەکانی مانگی ژانیڤەری بۆ ڕۆژئاڤا بەشداریان کرد. کەواتە چی ڕوویدا کە نەیانتوانی یەک وشە بۆ کچێکی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات بڵێن؟ بەداخەوە وەکوو دوژمنێک مامەڵەیان کرد، بۆچی؟ چونکە ھەڵبژاردن و ھەڵوێستی سیاسی یەنەکە لە دۆخێکدا نییە کە چالاکییەکی ئەرێنی بۆ پێشمەرگەیەکی شەھید بکات. ئەو هێزانەی کە یەنەکە وەک پێکهاتەی ئەوان دەجووڵێتەوە، غەزاڵیان شەهید کرد.

نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی لە باشووری کوردستان ساڵانێکە چارەسەری گەریلاکانی پەکەکە دەکەن. هەرچەندە پەکەکە لە میدیاکانیدا ڕق و قینی خۆی بەرامبەر بە پەدەکە هەڵدەڕێژێت، بەڵام گەریلاکانی پەکەکە لە نەخۆشخانەکانی باشووری کوردستاندا نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت.

لە سلێمانیش لەم ساڵانەی دواییدا گەریلاکانی پەکەکە لە هەموو شوێنێک هەن. لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان بۆ دەکرێت، سەردانی ناوەندەکانی بازرگانی دەکەن. بۆچی نەخۆشخانەکان بەڕووی پەکەکەدا کراوەن بەڵام بەڕووی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتدا داخراون؟

بۆچی ڕۆشنبیرانی سلێمانی کاتێک کە باس لە تورکیا دەکەن، بەرد لەسەر بەرد ناهێڵن، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر ئێران متقیان لێوەنایە و ڕۆڵی سێ مەیموونەکە دەگێڕن؟

بێگومان ئەمە هۆکاری درێژخایەنی هەیە. سیاسەتی یەنەکە کەوا دەکەوێتە نێوان سێگۆشەی بەغدا ـ ئێران ـ بەریتانیا، هەمیشە سیاسەتێک بە بێ پرەنسیپەکانی کوردایەتی و ئەخلاقی پەیڕەو دەکات. ئەمەش ساڵانێکی زۆرە بووەتە هۆی داڕزین بە هەموو شێوازێک. بەتایبەت دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بوو بە سیستمێکی فیدراڵی، هەوڵێکی زۆر هۆشیارانە درا بۆئەوەی کە نیشتمانپەروەریی کورد لەناوببرێت.

بازنە سیاسییەکانی سلێمانی و ئەو چینە ڕۆشنبیرەی کە پشتیوانیان دەکەن، لەژێر دەمامکی نیشتمانپەروەری و ڕەخنەدا خۆپیشاندانی گەورەیان ڕێکخستووە، بەڵام ئەو خۆپیشاندانانە لە جەوهەردا نەک هەر هیچ خزمەتێکیان بە ناسنامەی کوردایەتی نەکردووە، بەڵکوو بە پێچەوانەشەوە کوردایەتی وەک شوناسێکی نەتەوەیی لاواز کرا. بە تایبەتی لەگەڵ بەهاری عەرەبیدا دژایەتی پەدەکەیان کرد و ئەو دژایەتیکردنەیان بۆخۆیان کرد بە ناسنامەیەکی ڕۆشنبیری. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ڕق و قین لە هەولێر و دهۆک و ڕق لە بارزانییەکان بڵاو بکەنەوە و سیاسەتێک بەرجەستە بکرێت کە هاوپەیمانیی لەگەڵ هەرکەسێکدا پێکبێت کە دوژمنایەتی بارزانییەکان دەکات. یەنەکە ئەم هەستە دژە بارزانییەی وەک ئەڵتەرناتیڤێک کرد بە بابەتێکی ناوەندی. ئەم سیاسەتە زۆر بە نهێنی و شاراوەیی بەڕێوەچوو.

لە دوای ساڵی 2013 کە ئێران یەنەکە و پەکەکەی لێک نزیک کردەوە، ئەم پرۆسەیەی چەواشەکردنی ڕۆژەڤ و هەڵوەشاندنەوەی نیشتمانپەروەریی لە سلێمانی هێندەی تر خێراتر کرد. ئێران لە ڕێگەی ئەم دوو هێزە سیاسییەوە سیاسەتێکی بۆ دژایەتیکردنی کوردانی لە دژی تورکیا گرتەبەر. پڕۆسەیەک دەستی پێکرد کە تیایدا ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی سلێمانی، بۆ ئەوەی سیاسەتی دژە کوردایەتی یەنەکە نەبینن، دەستیان بە گلەیی و گازندە لە تورکیا و هەولێر و ڕۆژئاڤا کرد.

لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا کەرکووک لەلایەن یەنەکەوە فرۆشرا. بەڵام ڕۆشنبیرانی یەنەکە دەڵێن “بۆچی سوپای تورکیا لە زاپدایە؟ پەدەکە زاپی تەسلیم کردووە!” لە بەغداش حەشدی شەعبی کە خۆی وەک داعشی شیعە ڕێکخستووە، سیاسەتی دژە کورد پەیڕەو دەکات. سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بە ئازادی لە سلێمانی دەسووڕێنەوە. ڕۆشنبیرانی سلێمانی بە ئاشکرا چاوپۆشی لە خیانەتی هاوپەیمانیکردن لەگەڵ حەشدی شەعبیدا دەکەن، بەڵام دیسانیش دەردەکەون و چیرۆکی نیشتمانپەروەرانە لەسەر ڕۆژئاڤا دەگێڕنەوە.

ئاها، ئەمە دووڕووییە، ئەمە لادانێکە لە ڕێبازی نەتەوەیی، لە سلێمانی سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیران بیرۆکەی ئایدیۆلۆژی و لێدوانی سیاسی و دەستەواژەی یەکگرتوویی کوردیان لە ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی دوورخستۆتەوە بۆ ئەوەی کە پاساو بۆ خیانەتەکانی یەنەکە بهێننەوە و ڕەوایەتیی پێبدەن. لە سلێمانی کوردبوون بە هەڵە پێناسە کرا، دوژمن بە هەڵە پێناسە کرا، کوردستانیبوون بە هەڵە پێناسە کرا، سەرکردایەتی بە هەڵە پێناسە کرا و دیموکراسی بە هەڵە پێناسە کرا. پێکهاتەی فیکری و ڕۆشنبیری و سیاسی لەسەر بنەمای درۆ بنیات نراوە.

غەزاڵ نەک بە درۆنی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانی، بەڵکوو بە بێدەنگی شاری ملیۆنیی سلێمانی شەهید بوو

بافیل تاڵەبانی لە هۆتێل لالەزار گەنجانی کوردی بە زیندووی سووتاند. خەڵکی سلێمانی چاوپۆشییان لێکرد. کەرکووک فرۆشرا و چاوپۆشییان لێکرد. حەشدی شەعبی سلێمانی کرد بە ناوەندی خۆی و چاوپۆشییان لێکرد. ڕۆشنبیرانی سلێمانی ئەوەندە خۆیان کەڕ و لاڵ کرد کە دواجار بوون بە کلکی سیاسی یەنەکە. ئێستا ئەگەر سیاسەتی بافڵ تاڵەبانی گەیشتووەتە ئاستێکی وا ترسناک، ئەوە بەهۆی بێدەنگیی جەماوەر و دووڕوویی “ڕۆشنبیرانی” سلێمانییەوەیە.

خاوەندارێتی نەکردن لە تەرمی شەهید غەزاڵ، جارێکی تر ئەم نیشتمانپەروەرییە دووڕووییانە داڕزین لە سلێمانی دەهێنێتە بەرچاومان. غەزاڵی پێشمەرگە نەک بە درۆنی داگیرکەری ئێرانی، بەڵکوو بە بێدەنگبوونی شاری ملیۆنی سلێمانی شەهید بوو.

Share