سەرەتای کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتێک

جیهان بەجیددی بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن دەتوانێ بژی، بەبێ ئەوەی ببێت بە بارمتەی چەک.
سمکۆ عەبدولعەزیز
جیهانی ئەمڕۆ لەبەردەم شەڕێکی سەربازی سادەدا نییە، بەڵکوو لەسەر لێواری وەرچەرخانێکی گەورە لە مانای دەسەڵاتدایە.
لە ناوەڕۆکی ئەم گۆڕانکارییەدا، گەرووی هورمز تەنها وەکوو ڕێڕەوێکی ئاوی دەرناکەوێت، بەڵکوو وەک تاقیکردنەوەیەکی فەلسەفی سیستەمی نێودەوڵەتیش سەیر دەکرێت.
پرسیار ئەوە نییە کە کێ کۆنترۆڵی ئەم گەرووەی لەدەستداوە؟
پرسیارەکە ئەوەیە: کێ دەتوانێت جیهان ناچار بکات بەو جۆرە ڕەفتار بکات کە وەک بڵێی لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەودایە؟
لێرەدا ئەمریکا و ئێران سەرەڕای هەموو دژایەتییەکیان، لە خاڵێکی ستراتژیکدا بە یەک دەگەن:
ـ هیچ کام لە لایەنەکان پێویستیان بە داخستنی فیزیکیی گەرووەکە نییە.
ـ هەردووکیان دەزانن کە داخستنی ڕاستەقینە لە ناو ئاودا نییە، بەڵکو لە مێشکی بازاڕەکان و بڕیاردەرەکاندایە.
لە سەردەمی کۆن دەسەڵات بە هەڵکردنی ئاڵا و کۆکردنەوەی سەرباز لەسەر سنوورەکان پێناسە دەکرا. بەڵام ئەمڕۆکە لۆژیکی دەسەڵات گۆڕاوە:
ـ کەشتیەکان ڕاناگیرێن، بەڵکوو بە دوودڵی دێن و دەڕۆن.
ـ بازاڕەکان داناخرێن، بەڵکوو بەهۆی لەرزینەکانی نائارامییەوە تێکدەچن.
ـ کۆمپانیاکان ناچار ناکەن بچنە دەرەوە، بەڵکو لەبەر ترس لە هەڕەشە پاشەکشە دەکەن.
ئەمە ئەو جۆرە دەسەڵاتەیە کە فەیلەسوف میشێل فۆکۆ باسی لێدەکرد، دەسەڵاتێک کە پێویست ناکات بۆ ماوەیەکی نادیار بەکاری بهێنرێت، بەڵکوو ڕێگەت پێدەدات هەست بە هەبوونی بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت پشتی پێ ببەستیت. بە واتایەکی تر، ئەمڕۆ هورمز بووەتە ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی تەرازووی ترس.
ئەمریکا پێویستی بە کۆنترۆڵی ڕەها نییە، تەنها ئەوەندەی بۆ بەسە کە تێچووی ترانزێت گران بکات و بڕیاردانی ئابووری بکات بە بڕیارێک بە ترسەوە.
ئێرانیش پێویستی بە داخستنی ڕێگاکە نیە، تەنها ئەوەندەی بۆ بەسە کە جیهان لەو سەرسامییەدا بهێڵێتەوە کەوا هەمیشە ئەگەری داخستنەکەی لە ئارادایە.
بەڵێ، لێرەدا خاڵێکی وەرچەرخان سەرهەڵدەدات: کاتێک ترس دەبێتە ژینگەیەکی گشتی، تەنانەت خاوەنی چەکەکەش پارێزراو نییە. هەم ئێران و هەم ئەمریکا چوونەتە ناو زریانی ئەو گوشارەوە کە بۆخۆیان دروستیان کردووە.
ئەو ڕاستییەی کە کەس بە دەنگی بەرز باسی ناکات ئەمەیە: ئەمڕۆ هورمز هەواڵی داڕمانی هزری خاڵەکانی خنکاندن (Choke Points) ڕادەگەیەنێت. جیهان هێدی هێدی فێری ئەو شێوازانە دەبێت کە بریتین لە:
ـ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕێڕەوە مەترسیدارەکان.
ـ دروستکردنی تۆڕی ئابووری فراوانتر لەبری هێڵە سادەکان.
ـ ڕزگارکردنی خۆمان لە کۆیلایەتی جوگرافیا، کاتێککە جوگرافیا دەبێتە چەک.
ئەنجام:
ململانێ لەسەر هورمز لە شەڕێکی جیۆپۆلەتیکیەوە گۆڕاوە بۆ کێبڕکێیەکی کاتی:
کێ دەتوانێت زیاتر خۆڕاگر بێت؟
کێ دەتوانێت خێراتر خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بگونجێنێت؟
کێ دەتوانێت پێناسەیەکی نوێ بۆ هێز و دەسەڵات بکات پێش ئەوەی دەسەڵاتی خۆی لەدەست بدات؟
جیهان بەجیددی بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن دەتوانێ بژی، بەبێ ئەوەی ببێت بە بارمتەی چەک. ئەمە لەخۆیدا سەرەتای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتێکە کەوا تەنها پشتی بە دوورگەکان گەرمە.