هێڵی ئۆجەلان و بەستراوەبوونی تەڤگەرەکەی بە ئەجێنداکانی دەوڵەتی تورکەوە

دۆزی کورد پێویستی بە دیدگایەکی سەربەخۆ و پڕۆژەیەکی نەتەوەیی ڕوون هەیە، دوور لە وابەستەبوون بە ئەجێندای دەوڵەتەکان یان پڕۆژەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد ناکەن.
✍️ د.جوان عەفرینی
هەڵسەنگاندنێکی دکتۆر سەربەست نەبی سەبارەت بە خەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و گرێدانی بزووتنەوەکەی بە ئەجێنداکانی دەوڵەتی تورکەوە
وتاری دوکتور سەربەست نەبی سەبارەت بە کەسایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هێڵی تەڤگەرەکەی بە یەکێک لە بوێرترین ڕوانگەکان لەناو دیبەیتەکانی هاوچەرخی کورد دادەنرێت. ئەم ئەکادیمیستە کە بە زمانە زانستی و شیکاری ڕەخنەییەکەی ناسراوە، ڕوانگەیەکی ڕوونی پێشکەش کرد. ئەو باس لەوە دەکات کە ئۆجەلان بەتایبەت دوای دەستگیرکردنی لە ساڵی 1999دا، بووەتە بەشێک لە حیساباتی دەوڵەتی تورکیا و زۆرێک لە هەڵوێستەکانی ئەم دواییانەی، لە باتی ئەوەی خزمەت بە پڕۆژەی نەتەوەیی کورد بکات، زیاتر لەگەڵ داواکارییەکانی ئەنقەرەدا دەگونجێن.
گۆڕینی گوتار دوای دەستگیرکران
دکتۆر نەبی پێی وایە کە ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی لە گوتاری ئۆجەلان لە زینداندا رویداوە، نەک هەر گۆڕانکارییەکی هزری بوو، بەڵکوو گواستنەوە بوو بۆ پلاتفۆرمێکی سیاسی نوێ. ئەمەش وایکرد ئەو یەڤگەرەی کە بە ناوی ئەوەوە دەناسرێت، لە مەرجەکانی دەوڵەتی تورک نزیک بێتەوە. چەمکەکانی وەک “نەتەوەی دیموکراتیک”، “رێگای سێیەم” و “برایەتی گەلان”، ئەگەرچی وەک بیرۆکەی پێشکەوتنخوازانەش بخرێنەڕوو، بەڵام بەپێی ئەم شیکردنەوەیە، بوونەتە هۆی لاوازبوونی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و دەرگای بەڕووی دەستێوەردانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا کردەوە کە دواتر لە دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد بەکارهێنران.
کاریگەریی ئەم هێڵە لەسەر ڕۆژئاڤا
دوکتور سەربەست نەبی ئەزموونی ڕۆژئاڤا بە نموونەیەکی ڕوون لە دەرئەنجامەکانی ئەم گۆڕانکارییە دەبینێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، سیاسەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) کە لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئۆجەلان دامەزرابوو، بووە هۆی دروستکردنی ژینگەیەک کە ڕێگەی بە تورکیا بدات ڕاستەوخۆ دەستوەردانی سەربازی بکات. ئەمەش زیانێکی گەورەی مرۆیی و جوگرافی بە کورد گەیاند. د.نەبی دەڵێت، نەبوونی سەربەخۆیی سیاسی و بەستراوەیی بە گوتارێک کە هاوسەنگی هێز لەبەرچاو نەگرێت، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو کارەساتە بووە.
هەمان مەترسی لە سەر ڕۆژهەڵاتیش هەیە
شیکارییەکەی دوکتور نەبی، ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەخۆ دەگرێت. ئەو دەبینێت کە پژاک هەمان هێڵی پەیەدە لە سووریا پەیڕەو دەکات. درێژەی ئەم هێڵە دەتوانێت دەرگا بەڕووی سیناریۆیەکی هاوشێوەی ئەو سیناریۆیەدا بکاتەوە کە لە ڕۆژئاڤا ڕوویدا. دەستوەردان لە کاروباری ڕۆژهەڵات، یان گرتنەبەری سیاسەتێک کە لەگەڵ واقیعی ناوچەکەدا نەگونجێت، دەتوانێ ببێتە بیانوویەک بۆ هێزە ئیقلیمییەکان و بە پلەی یەکەم تورکیا، بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و ئەمنی نوێ بەڕێوە ببەن.
بانگەوازێک بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی
د.سەربەست نەبی لە ڕێگای ئەم ڕوانگەیەوە داوا لە تەڤگەری بەستراوە بە ئۆجەلان دەکات کە بەشیوەیەکی ئازایانە و بە ڕوونی ڕێگای سیاسیی خۆی دەرباز بکات و وەک ئەوەی جەختی لەسەر دەکاتەوە: دۆزی کورد پێویستی بە دیدگایەکی سەربەخۆ و پڕۆژەیەکی نەتەوەیی ڕوون هەیە، دوور لە وابەستەبوون بە ئەجێندای دەوڵەتەکان یان پڕۆژەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد ناکەن.