گەرووی هورمز بێ مەرج کرایەوە

گەرووی هورمز بێ مەرج کرایەوە

ئەمە تەنها کردنەوەی ڕێڕەوێکی دەریایی نییە، بەڵکو سەپاندنی حیکمەتی نێودەوڵەتییە بەسەر لۆژیکی هەڕەشە و ئاژاوەگێڕیدا.

سمکۆ عەبدولعەزیز

لە وەرچەرخانێکی مێژوویی و دراماتیکدا کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی بڕیاری خۆی بۆ کردنەوەی بێ قەید و شەرتی گەرووی هورمز ڕاگەیاند.

ئەم بڕیارە دوای ئەو لێدانە پۆڵایین و کوشندەوە دێت کە دوو شەو لەمەوبەر لەلایەن هاوپەیمانیی ئەمریکا و بەریتانیاوە ئەنجامدرا.

هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی ڕابردوو کە بە هەماهەنگی نێوان واشنتۆن و لەندەن ئەنجامدران، نەک هەر سەکۆ مووشەکییەکانیان کردە ئامانج، بەڵکوو تەواوی دەماری سەربازی و وزەیان لە ناوخۆی ئێراندا پەکخست.

فڕۆکەکانی تایفون (Typhoon)ی بەریتانیا و هێزی ئاسمانی ئەمریکا پەیامێکی ئاگرینیان بە تاران گەیاند کە سەردەمی بەرگریکردنیان کۆتایی هاتووە و جیهان بەرەو سەپاندنی ئیرادەی خۆی هەنگاو دەنێت.

بەگوێرەی زانیاریی وردی هەواڵگری، خاڵی یەکلاکەرەوە ئەو هەڕەشە ڕاستەوخۆیە بوو کە لە ڕێگەی پاکستانەوە گەیشتە بەرزترین ئاستی بڕیاردان لە تاراندا. واشنتۆن و لەندەن هۆشدارییان دابوو، ئەگەر قەیرانەکە بە باشی چارەسەر نەکرێت، ئامانجی داهاتوو ناوەندەکانی بڕیار و سەرکردایەتی سیاسی دەبێت، بە ئامانجی ڕووخاندنی تەواوەتی ڕێژێم (Regime Change). ئێران لەوە تێگەیشت کە شەڕ گەیشتۆتە بناگوێی و هەر کەلەڕەقییەکی دیکە بە مانای کۆتایی هاتن بە حوکمڕانی ئەوان دێت.

کردنەوەی گەرووی هورموز بەبێ هیچ شەرت و مەرجێکی دارایی و سیاسی، سەرکەوتنی ئەو بۆچوونە بوو کە تەنیا هێز دەتوانێت ڕێگری لە ئاژاوەگێڕی بکات. ئەم پێشهاتە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بازاڕەکانی جیهان دروستکرد. دابەزینی خێرای نرخی نەوت و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە سەلماندی کە چیتر جیهان ڕێگە نادات بەرژەوەندییە گشتییەکان ببنە قوربانی ستراتیژی تێکدەرانە.

ئەمە تەنها کردنەوەی ڕێڕەوێکی دەریایی نییە، بەڵکو سەپاندنی حیکمەتی نێودەوڵەتییە بەسەر لۆژیکی هەڕەشە و ئاژاوەگێڕیدا.

Share