عێراق کەوتۆتە ناو شەڕێکی بێ ناونیشان

گەورەترین کێشە لە عێراقدا بڕیارە دژوارەکان نین، بەڵکوو ئەو بێدەنگی و “بێبڕیاریە”یە کە ڕێگە بە دەستی دەرەکی دەدات بڕیار لەسەر چارەنووسی عێراق بدات.
سمکۆ عەبدولعەزیز
ئەمڕۆکە کاتێک باس لە شەڕی عێراق دەکەین، دەبێ لەو بیرۆکەیە دوور بکەوینەوە کە شەڕ تەنیا بە ڕاگەیاندنێک یان هەڵمەتێکی سەربازیی ئاشکرا دەست پێدەکات.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین شێوازێکی جیاوازە، شەڕێکە بێ ئیمزا و بێ ناونیشان و لێدانی حیسابکراو کە لە ڕۆژانی ئاسایی ئێمەدا دەشاردرێنەوە.
لە نێوان واشنتۆن و تاراندا، عێراق بووەتە پەنجەرەیەک کە هەردوولا لە ڕێگەیەوە سەیری یەکتر دەکەن.
ئەوان یەکتر تاقی دەکەنەوە، بەڵام دەبێت بە شێوەیەک بێت کە ڕاستەوخۆ شەڕێکی گەورە دەستپێنەکات. بۆیە عێراق بووەتە ئامرازی گوشار، شوێنێک کە هێرشەکان ئاراستە دەکرێن بەبێ ئەوەی کە لەسەر ئەو لێدانە ئیمزا و بەرپرسیارێتی ئاشکرا هەبێت.
لە سیاسەتدا وتەیەکی جیهانی هەیە کە دەڵێ: ئەگەر بڕیار نەدەیت، ڕووداوەکان بڕیارت بۆ دەدەن.
گەورەترین کێشە لە عێراقدا ئەو بڕیارە سەختانە نییە کە دەدرێن، بەڵکوو ئەو بێدەنگی و “بێبڕیارە”یە کە ڕێگە بە دەستی دەرەکی دەدات بڕیار لەسەر چارەنووسی عێراق بدات.
کاتێک عێراق بڕیار نەدا، ئیدی ئیرادەی ئەو بە لێدانی بێ ئیمزای ئەوانی تر دەچەوسێنرێتەوە. بێدەنگی عێراق لێرەدا بێدەنگی نییە، بەڵکوو دەرگا بەڕووی ئاژاوەی گەورەتردا دەکاتەوە.
چیتر ناتوانین بڵێین عێراق تەنها قوربانییە. عێراق ئیدی بووەتە نیشاندەر (تێرمۆمەتر). لەگەڵ زیادبوونی توندوتیژی لە عێراق، ئەمە بەو مانایەیە کە گرژییە دەرەکییەکان گەیشتوونەتە قۆناغێکی مەترسیدار. بە واتایەکی تر ئەمڕۆکە عێراق ئەو شتەیە کە زلهێزەکان ئاستی ئاڵۆزییەکانی خۆیانی تێدا دەبینن.
شەڕی ئەم سەردەمە شەڕێکی بێ ناونیشانە. چارەسەر تەنها لە خۆپاراستندا نیە، بەڵکوو لە وشیاری سیاسیدایە. بۆ ئەوەی عێراق لەم یارییە دەربچێت، دەبێت لەبری بێبڕیاری، بڕیارێکی سیاسی ڕوونی هەبێت.
لە واقیعێکی وەهادا، بڕیاردان ئەگەرچی دژواریش بێت بەڵام دیسانیش باشترە لەوەی کە ڕووداوەکانی ڕۆژانە بڕیار لەسەر چارەنووسی عێراق بدەن. چونکە بڕیار ئیرادە دەپارێزێت، بەڵام بێبڕیاری ئیرادە دەکوژێت.
ئایا عێراق هێشتا هەر بە بێدەنگی دەمێنێتەوە، یان بڕیار دەدەات کە چۆناوچۆن لەم سیستەمەدا بژین؟