ئامەدسپۆر بە شانازییەوە گەیشتە سوپەرلیگ

ئامەدسپۆر بە شانازییەوە گەیشتە سوپەرلیگ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: “بەم سەرکەوتنەی ئامەدسپۆر زۆر دڵخۆش بووین، هیوادارین هەمیشە سەرکەوتوو بێت و باشترین نوێنەرایەتیی ئامەد بکات”.

وەرزی تۆپی پێی 2025-2026 بۆ شاری ئامەد وەرزێکی مێژوویی بوو. لە دوایین هەفتەی لیگی یەکەمدا یانەی ئامەدسپۆڕ خەونی لەمێژینەی خۆی بەدیهێنا و دوای یارییەکەی لەگەڵ ئیدر سپۆر، سەرکەوتنی بۆ خولی سوپەری تورکیا مسۆگەر کرد. ئەم سەرکەوتنە گەورەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا دەنگی دایەوە و دڵخۆشییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

لە هەفتەی 38ی خولەکەدا، ئامەدسپۆر لە نیو یارگای خۆیدا میوانداریی لە تیپی ئیدر سپۆر کرد. لە یارییەکی پڕ لە هەیەجان و گۆڵدا هەردوو یانە بە ئەنجامی 3-3 یەکسان بوون. بەم ئەنجامە یانەی ئامەدسپۆر خاڵەکانی گەیاندە 74 خاڵ و هەرچەندە ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر هەمان ژمارەی خاڵەکانی بەدەستهێنا، بەڵام ئامەدسپۆر بەهۆی بردنەوە لە یارییەکانی نێوان هەردوو تیپەکە (تێکڕا) بۆ پلەی دووەم سەرکەوت و ڕاستەوخۆ لەگەڵ یانەی ئەرزورومسپۆردا سەرکەوتنی بۆ خولی سوپەرلیگ مسۆگەر کرد.

نێچیرڤان بارزانی: “زۆر دڵخۆشین بە سەرکەوتنی ئامەدسپۆڕ”

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەستبەجێ دوای مسۆگەربوونی سەرکەوتنەکە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە. بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “ئەم سەرکەوتنە لە هەموو پشتیوانان و هەوادارانی ئامەدسپۆر پیرۆز بێت. ئێمە بەم سەرکەوتنەی ئامەدسپۆر زۆر دڵخۆش بووین، هیوادارین هەمیشە سەرکەوتوو بێت و باشترین نوێنەرایەتیی ئامەد بکات”.

 سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، “هەر بژین، هەر هەبن”.

ئامەدسپۆر

 یانەی ئامەدسپۆر، ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی سوور، سەوز، سپییە و سەرەتا لەژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللییەکانی ئامەد دەکرد.

 ساڵی 1990 لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.

 ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیێنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.

 رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.

 وەرزی 2023-2024 بووە پاڵەوانی خولی یانە پلە سێیەکانی تورکیا و خۆی گەیاندە خولی یانە پلە دووەکان.

 وەرزی 2024-2025 بووە پاڵەوان و گەیشتە خولی یانە پلە یەکەکان.

 وەرزی ئەمساڵیش بووە دووەمی یانە پلە یەکەکانی تورکیا و گەیشتە خولی نایابی تورکیا.

Share