نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە بەغدا و ژمارەیەک کۆبوونەوەی دەبێ.
ئەمڕۆ دووشەممە 4-5-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پەدەکە گەیشتە بەغدا. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی لە ميانى سەردانەکەیدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجام دەدات و تێیاندا پرۆسهى سیاسی، پێكهێنانى حكومهتى نوێى عێراقى فيدراڵى، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەندین پرسی دیکە تاوتوێ دەکرێن.
بە پێی زانیارییەکان نێچیرڤان بارزانی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراقە و زۆربەی لایەنە شیعەکانی تێدایە.
یەکێکی دیکە لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق دەبێ.
هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها لەگەڵ لایەنە سوننەکانی عێراقیش کۆدەبێتەوە.
سەردانەکە لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق چڕبوونەتەوە و ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، عەلی فالح زەیدی بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق راسپێردرا و 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.